گوڵی بنجامین

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-16-11:21:00 - کۆدی بابەت: 12917
گوڵی بنجامین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی بنجامین (بە عەرەبی: زهرة فیکس بنجامینا، بە ئینگلیزی: Benjamin flower، ناوی زانستی: Ficus binjamina)، یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە گرنگیپێدانی ئاسانە و خێرا گەشەدەکات، ڕووەکێکی هەمیشە سەوزە و تایبەتە بە ناوچە خولگەیی و نیمچە خولگەییەکان، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئاسیا و ئوستوڕالیایە، بەوە ناسراوە کە تەمەن درێژە و دەتوانێت ٢٠-٥٠ ساڵ بژی، ژەهراوییە بۆ هەردوو مرۆڤ و ئاژەڵ و نابێت بە هیچ جۆرێک بخورێت.

باوترین کێشەی ئەوەیە کە ڕووەکێکی هەستیارە و بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە فشارێک گەڵاکانی دەوەرێت، لەوانەش گواستنەوەی جێگەکەی، کەمی ئاو، کەمی نایترۆجین لە خاکەکەیدا، زۆر ئاودان، ڕووناکی کەم، گۆڕینی گۆزەکەی یاخود دانانی لە جێگەیەکدا کە گۆڕانی پلەی گەرمی زۆری تێدابێت.  

شێوە و پێکهاتەی

بنجامین لە قەد و گەڵا و گوڵ پێکهاتووە، بەرزییەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بە گشتی دەتوانێت ٥٠-٢٥٠ سانتیمەتر بەرزببێت، ڕەنگی گەڵاکانی جیاوازە و دەکرێت سەوزی کاڵ یان تۆخبێت هەندێکیشیان دەکرێت سپیبن، ئەگەر جێگەکەی تاریکبێت ئەوا گەڵاکانی دەوەرن، یان ئەگەر گوڵەکە لە جێگەیەکدابێت کە بەشێکی ئاڕاستەی ڕووناکی بێت و بەشەکەی تری بە پێچەوانەوەبێت.

پێویستە هەفتانە گۆزەکەی بسوڕێنرێت هەتاکوو ئەو بەشەی کە لە تاریکیدایە ببرێتە بەر ڕووناکی، ئەگەر وا نەکرێت ئەوا گەڵاکانی بەشە تاریکەکە دەوەرن، جگە لە ئەمانەش قەدەکەی هەندێکجار بە مەبەستی ڕازاندنەوە دەخرێتە سەر شێوەی جیاواز و لوولدەدرێت، هەرچەندە لە بنەڕەتدا ئەم ڕووەکە گوڵ دەگرێت بەڵام بە دەگمەن لە ماڵەوە خونچە دەکات و گوڵی دەبێت.  

سوودەکانی

  • دابینکردنی هەوای خاوێن.
  • بە مەبەستی ڕازاندنەوەی ماڵ و جێگەی کارکردن دادەنرێت، کە ڕەنگێکی جوان دەبەخشێت بە جێگەکەی.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

باشترین کات بۆ چاندنی ڕووەکی بنجامین لە وەرزی بەهاردایە، چونکە خاوەنەکەی دەتوانێت گەرمی و شێی بۆ دابینبکات، شێوازی زۆربوونیشی بە چاندنی لق و چڵەکانییەتی چونکە بە دەگمەن بە تۆو سەوزدەبێت، جگە لە ئەمەش کاتێک لە ژوورەوە دەچێنرێت هیچکات گوڵ و تۆو ناکات و پێویستە بە لقەکانی خۆی زیادبکرێت. بۆ زیادکردنی پێویستە لقێک لە بنجامینێکی گەورە لێبکرێتەوە کە بە نزیکەیی ٧-١٢ سانتیمەتر ببێت، دەبێت ئەو لقە لە بەشی سەرەوەیدا بەلایەنی کەمەوە لە دوو جێگەدا گەڵای پێوەبێت، گەڵاکانی بەشی خوارەوەی لادەبرێت و لە ماوەی ٢-٤ هەفتەدا مەرجە کە ڕەگ دروستبکات، پاشان بگوازرێتەوە بۆ ناو خاک، بەڵام خاکێکی بەپیتکراو.  

ئاودانی گوڵی بنجامین بە گوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە هاوین و بەهاردا لەوانەیە هەفتەی دوو جار ئاودانی پێویستبێت، بەڵام لە زستاندا هەفتانە تەنها یەکجار ئاوبدرێت، پێش ئاودان دەبێت خاکەکەی بە تەواوەتی وشکبووبێتەوە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەو ئاوەی دەڕژێنرێتە بنجی گوڵەکە پلەی گەرمییەکەی هاوشێوەی پلەی گەرمی ژووربێت، ئەگەر بە پێچەوانەوەبێت ئەوا زیان دەگەینێت بە ڕەگەکەی.

گوڵی بنجامین ئارەزووی ڕووناکی خۆری زۆر دەکات، بەڵام نابێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەریبکەوێت بەڵکو تەنها جێگەکەی ڕووناکبێت، ئەگەر لە گۆزەدا بچێنرێت ئەوا باشترە چەند ساڵ جارێک گۆزەکەی بگۆڕدرێت، کاتی گۆڕینیشی لە بەهاردابێت گونجاوترە، گوڵی بنجامین پێویستی بە خاکێکە کە بەپیتبێت و بە ئاسانی وشکببێتەوە، پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان هاوکێش بۆ ترشبێت و باشترە کە ترشبێت.  

لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا هەڵبپاچرێت، لەو کاتانەدا ڕووەکەکە دەچێتە دۆخێکی ناچالاکەوە و بە هەڵپاچینی زیانی پێناگات، هەروەها لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا بە شێوەیەکی سروشتی گەشەیەکی خێرای هەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو لە گەشەکردن وەستا لە ئەو وەرزانەدا، ئەوا دەبێت هەڵپاچینێکی کەمی بۆبکرێت بە ئامانجی چالاکبوونەوەی، یاخود خەڵکی بۆ بچووککردنەوە و دروستکردنی شێوەیەک بە خواستی خۆیان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان هەڵیبپاچن.


سەرچاوەکان



2990 بینین