ناوهڕۆك
ناساندن
گوڵی پێ قاز (بە عەرەبی: فیلودندرون الاميرة الخضراء، بە ئینگلیزی: Philodendron، ناوی زانستی: Philodendron spp)، پێ قاز ڕەگەزێکە کە سەدان جۆر ڕووەکی گەڵاداری جوان لەخۆدەگرێت، گرنگیپێدانی زۆری ناوێت و بەئاسانی گەشە دەکات و ڕێژەی گەشەکردنیشی خێرایە، چاندنی ئەم جۆرە گوڵە لە ماڵەوە دەبێتە هۆی پێدانی جوانییەکی ناوچە خولگەییەکان بە جێگەکە، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاستە.
خۆشبەختانە کێشەی ڕووبەڕووبوونەوەی بە نەخۆشی دیاریکراو نییە، بەڵام دەکرێت لە ماڵەوە هەندێک مێروو لێی نزیکبنەوە وەک، سن و جاڵجاڵۆکەی مۆرانە یان جۆری جیاوازتر، بۆ چارەسەرکردن دەکرێت بە دروستکردنی گیراوە یان دەرمانی دژە مێروو لەناوببرێن و بپرژێنرێت بەسەر ڕووەکەکەدا، یان دەکرێت تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی ببێتەوە، کە ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی دروستکردنی نیشانەی بچووکی زەرد لەسەر ڕووی گەڵاکان، بۆ چارەسەکردنی ئەمەش دەبێت گەڵا تووشبووەکان لێبکرێنەوە، هەموو گەڵاکان بسڕدرێن و خاوێنبکرێنەوە لە تۆز و خۆل هەروەها جیابکرێتەوە لە گوڵەکانی دەوروبەری، دواتر ماددەی بەپیتکەری بۆ زیادبکرێت هەتاکوو دووبارە بە بەهێزی گەشەبکاتەوە.
شێوە و پێکهاتەی
بەگشتی ڕووەکێکە لە قەد و گەڵا پێکهاتووە، گەڵاکانی گەورە و سەوز و درەوشاوەن، دوو جۆری سەرەکی لە پێ قاز هەیە، یەکێکیان نزیکەی چەند مەترێک بەرزدەبێت و پێویستی بە پاڵپشتێکە هەتاکوو خۆی پێدا هەڵبواسێت، جۆرەکەی تریشیان زۆر بەرز نابێت و بە ڕێکی گەشەدەکات، لە گۆزەکاندا دەچێنرێت و دیمەنێکی جوانی هەیە، بەڵام پێکهاتەکەی بۆ هەریەک لە مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵییەکانیش ژەهراوییە و نابێت بە هیچ جۆرێک بخورێت.
سوودەکانی
- دەبێتە هۆی خاوێنکردنەوەی هەوا.
- دیمەنێکی جوان دەبەخشێت بە جێگەکەی.
- بە ئاسانی و بە خێرایی گەشەدەکات و زۆردەبێت.
- ئەگەر جێگەکەی گونجاوبێت دەتوانێت بۆ چەندین دەیە بەردەوامبێت لە ژیانکردن.
شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی
لە هەر کاتێکی ساڵدا دەکرێت بچێنرێت بەڵام باشتر وایە لە وەرزی بەهاردا هەوڵی زیادکردنی بدرێت، بە دوو شێوە زیاددەکرێت یەکێکیان ئەوەیە کە چڵێک لێبکرێتەوە لە قەدەکەی، ڕێگای دووەمیشیان ئەوەیە کە کاتێک بنجێکی بچووک دروستدەکات بگوازرێتەوە و زیادبکرێت، ئەگەر بە قەد و چڵەکانی زیادبکرێت ئەوا پێویستە بە چەقۆ یان مقەستێکی تیژ و خاوێن ببڕدرێت، دواتر بخرێتە ئاوەوە هەتاکوو نزیکەی دوو هەفتە، لەو ماوەدا ڕەگ دروستدەکات و دەکرێت بچێنرێت، چاندن بە ڕێگای دووەمیان ئاسانترە، چونکە بنجەکە خۆی ڕەگی هەیە و تەنها دەگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی تر و زیاددەکرێت، بەڵام پێش هەڵکێشانی باشترە کە ئاوبدرێت و جێگەکەی تەڕبکرێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی بهێنرێتە دەرەوە.
هەرچەندە ئەم گوڵە گرنگیپێدانی زۆری ناوێت بەڵام بۆ ئەوەی ڕووەکێکی تەندروستبێت و بەردەوامبێت لە گەشە و تووشی نەخۆشی نەبێت، پێویستە جێگەکەی هاوشێوەی نشینگە بنەڕەتییەکەیبێت، بۆ نموونە نابێت ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی بەربکەوێت چونکە دەبێتە هۆی سووتانی گەڵاکانی، لە نزیک پەنجەرەیەکەوە دابنرێت بۆ ئەوەی جێگەکەی گەرمبێت لە هەمان کاتدا بە ڕێکخراوی ئاوبدرێت و بە شێداری بهێڵرێتەوە، پێویستی بە خاکێکە کە شیبووەبێت و بە ئاسانی ئاوی پێدا بڕوات، هەروەها دەبێت پلەی ترشێتی خاکەکە ترشبێت.
بۆ ئەوەی گەڵاکانی بە باشی فرمانەکانیان ئەنجامبدەن و لەهەمان کاتدا جوان دەربکەون، دەبێت لە کاتە گەرمەکاندا گەڵاکانی بە پارچەیەک بسڕدرێت، ئەگەر جێگەکەی زۆر سێبەربێت ئەوا پێ قازەکە زۆر بەرزدەبێت و گەڵای کەم دەگرێت، هەرچەندە ئەگەر ڕووناکیشی زۆربێت ئەوا گەڵاکانی زەرد دەبن و لەناودەچن، زەردبوونی چەند گەڵایەکی کەم ئاساییە و بەهۆی گەورەبوون و بەتەمەن بوونیەتی، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان زەردبن بەهۆی سووتان بە ڕووناکی خۆرەوە ڕوودەدات، لەبەر ئەوە دەبێت بەشێک لە کاتەکانی لە سێبەردابێت و بەشێکی تریش تەنها ڕووناکی ناڕاستەوخۆی خۆری بەربکەوێت.
کاتێک گوڵەکە لە گۆزەدا دەچێنرێت دەبێت خاکەکەی بەپیتبکرێتەوە بە ماددەی ئەندامی، یاخود باشتر وایە کە چەند ساڵ جارێک گۆزەکەی بۆ نوێ بکرێتەوە، چونکە ئەگەر خوێ کەڵەکەببێت لە گۆزەکەیدا کە لە ئەنجامی ئاودانەوە دروستدەبێت، ئەوا گەڵاکانی ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ قاوەیی و زەرد و لەناودەچن، بۆیە دەبێت خوێیەکە دەربهێنرێت و خاکەکەی نوێ بکرێتەو.
پێویستی ئەم گوڵە بۆ ئاودان تەنها ڕێژەیەکی مامناوەندی شێیە، لەبەر ئەوە هەتاکوو چەند سانتیمەترێکی بەشی سەرەوەی خاکەکەی وشک نەبێتەوە نابێت ئاوبدرێت، چونکە هەردوو ئاودانی زۆر و کەم دەبنە هۆی لەناوچوونی، هەروەها ئەو جۆرانەی کە خۆیان هەڵناواسن و بە ڕێکی گەشەدەکەن توانای بەرگەگرتنیان بۆ وشکی زیاترە و ئاودانی کەمتریان پێویستە، جگە لە ئەمانەش پێویستە لە وەرزی زستاندا زۆر بە کەمی ئاو بدرێت.