فریاگوزاری سەرەتایی لە کاتی شکاویدا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-14:51:00 - کۆدی بابەت: 13040
فریاگوزاری سەرەتایی لە کاتی شکاویدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فریاگوزاری سەرەتایی لە کاتی شکاویدا (بە ئینگلیزی: First aid for fracture، بە عەرەبى: الإسعافات الأولية  للکسر) شکاوی بریتییە لە شکان یان درزبردنی ئێسکەکان. دەکرێت تەواوی ئێسکەکە یان بەشێکی ئێسکەکە تووشی شکان ببێت. پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

نیشانەکانی شکاوی

  • تێکچوونی شێوەی ئێسکەکە، ئاوسان و شینبوونەوە لە دەوری ئێسکەکە.
  • ئازار لە کاتی جوڵانی ئێسکەکەدا.
  • قورسی یان بێ توانایی لە جوڵاندنی پەلەکەدا دەست یان قاچ بێت.
  • برین کە ئێسکەکەی لێوە دەبینرێت، ئەمە بە شکاوی کراوە ناسراوە.
  • نیشانەکانی شۆکبوون، بە تایبەتی لە کاتی شکانی ئێسکە باریکەکانی وەک سمت یان حەوز.

ئەم نیشانەی لە سەرەوەدا باس کران، نیشانەی شکاوین و پێویستییان بە چارەسەری بەپەلە هەیە. فریاگوزارییە سەرەتاییەکان بریتین لە:

  • خاڵی دەستپێکی هەر فریاگوزارییەکی سەرەتایی بریتییە لە هێمنکردنەوەی قوربانییەکە، دورخستنەوەی مەترسییەکانی دەوروبەری کە ڕەنگە زیانی زیاتر بە قوربانییەکە بگەیەنێت و پێویستە لە ڕێگەی ناساندنی خۆتەوە کە دەتەوێت یارمەتی قوربانیەکە بدەیت، قەرەباڵغی لە دەوری قوربانییەکە دوور بخەیتەوە.
  • پێویست ناکات کەسەکە بجوڵێنیت، تەنها لە کاتێکدا کە شوێنەکە بۆ کەسەکە مەترسیدار بێت.
  • ئەگەر شکاوییەکە کراوە بێت، بە جلێکی پاک کە خوری نەبێت برینەکە دابپۆشە. بۆ ڕێگریکردن لە خوێنبەربوون پەستان بخەرە سەر دەوری برینەکە، بەڵام نابێت پەستان بکرێتە سەر ئێسکەکە کە دەرکەوتووە.
  • پەیوەندی بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بکە، تاکوو بە زووترین کات بگەنە شوێنی ڕووداوەکە.
  • دواتر جلەکە بە باندج ببەستە و جێگیری بکە.
  • داوا لە قوربانیەکە بکە بە هێمنی بمێنێتەوە، هەوڵبدە لە ڕێگەی جومگەی بەشی سەرەوە و خوارەوەی شکاوییەکە ئێسکەکە جێگیر بکەیت و ڕێگری لە جوڵاندنی ئێسکەکە بکەیت.
  • پێویستە ئێسکەکە جێگیر بکرێت، بۆ ئەمە پێویستە ڕاگر یان splint بەکاربێت. دەکرێت دار یان هەر شتێکی تری ڕەق کە بتوانێت ئێسکەکە جێگیر بکات و لە جوڵان بیپارێزێت وەک ڕاگر یان splint  بەکاربێت.
  • پارچەیەک سەهۆڵ بۆ کەمکردنەوەی ئاوساوییەکە لە شوێنی ئاوسانەکە دابنێ. پێویستە سەهۆڵەکە لە پارچە قوماشێک یان زەرفێک بپێچرێت، نابێت ڕاستەوخۆ لەسەر ئاوساوییەکە دابنرێت.
  • ئەگەر کەسەکە لە حاڵەتی شۆکبووندا بوو دەتوانیت هەوڵبدەیت چارەسەری بکەیت، بەڵام نابێت ئەو پەلانەی گومانی شکانیان لێ دەکرێت بجوڵێنرێن.

چۆنیەتی دروستکردنی ڕاگر ئەگەر شکاویەکە لە قۆڵدا بێت

لە ڕێگەی شتێکی ڕەق کە ڕێگری لە جوڵاندن و نوشتانەوەی ئێسکەکە بکات، قۆڵەکە جێگیر دەکرێت. دواتر بە بەکارهێنانی باندج قۆڵەکە و ڕاگرەکە پێکەوە جێگیر دەکرێت، بە بەکارهێنانی دوو باندج  لە مەچەک و ئانیشک ئەم کارە ئەنجام دەدرێت. دواتر بەبەکارهێنانی باندجێکی تر قۆڵەکە بەرز دەکرێتەوە و بە ملەوە دەبەسترێت و جێگیر دەکرێت. بەڵام ئەگەر شکاوییەکە لە قاچدا بوو ئەو کاتە دوو ڕاگر و سێ باندج پێویست دەبێت. قاچەکە لە بەینی دوو ڕاگرەکە دادەنرێت و باندجەکان لە ڕان، ئەژنۆ و بەشی خوارەوەی قاچ بە ڕاگرەکەوە جێگیر دەکرێن.


سەرچاوەکان



200 بینین