چارەسەری سەرەتایی لە کاتی زیانگەیشتن بە چاو

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-27-15:02:00 - کۆدی بابەت: 13007
چارەسەری سەرەتایی لە کاتی زیانگەیشتن بە چاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چارەسەری سەرەتایی لە کاتی زیانگەیشتن بە چاو (بە ئینگلیزی: First aid for eye injury) حاڵەتەکانی زیانگەیشتن بە چاو لەنێوان زیانگەیشتنێکی کەم بۆ حاڵەتێکی توند و مەترسیدارە. گرنگە چارەسەری سەرەتایی لە کاتی پێویستدا ئەنجام بدرێت. تاکوو ڕێگری لە زیانگەیشتن بە چاو و توانای بینین بکرێت. ئەمانە چەند چارەسەرێکی سەرەتایین لە کاتی تووشبوون بەهەر جۆرێکی ئەو ڕووداوانەی زیان بە چاو دەگەیەنن.

  • پێش ئەنجامدانی هەر کارێک هەوڵبدە ئارام بیت و کەسی تووشبوو بە حاڵەتەکەش هێمن بکەیتەوە.
  • ئەگەر ئازارێکی زۆر و لەدەستدانی توانای بینین هەبوو بەپەلە پەیوەندی بە فریاگوزاری خێرا بکە و داوای یارمەتی بکە.

   لە کاتی سووتانی چاودا

  • بەخێرایی چاوت بە ئاوی سارد بشۆ: قاپێک پڕ لە ئاو بکە و دەموچاوت لە ئاوەکە نوقم بکە، چاوت بکەرەوە و دای بخەرەوە تاکوو ئاوەکە بەر چاوت دەکەوێت. هەروەها دەتوانیت لە بەردەم ئاوێکی لەبەر ڕۆیشتوو دەم و چاوت بشۆیت.
  • بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە شۆردنی چاوت بەردەوام بە. لە کاتی شۆردندا بە ئاوی سارد ئازاری چاو نامێنێت، بەڵام کاتێک لە شۆردنی چاوت دەوەستیت دووبارە هەست بە ئازاری چاوەکانت دەکەیتەوە.
  • دوای شۆردن، چاوت بە باندجێکی پاک دابپۆشە. باندجێک کە خوری بێت لە دەوری چاوت بەکارمەهێنە، ڕەنگە بچێتە ناو چاو و ببێتە هۆی ئازار. هێشتنەوەی چاو بە داخراوی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکەی.
  • پەستان مەخەرە سەر چاوت یان دەوروبەری چاو.
  • ئەگەر بڵق لە دەوری چاوت دروست ببوو ئەوا مەیتەقێنە.
  • ئەگەر سەهۆڵت بەکارهێنا سەهۆڵەکە ڕاستەوخۆ لەسەر پێست دامەنێ، پارچە پەڕۆیەک لە سەهۆڵکە ببەستە و دواتر لەسەر پێستەکە دای بنێ. ئەو cool pack ەی ماددەی کیمیایی تێدایە بەکارمەهێنە، ئەگەر ماددە کیمیایەکە بچێتە ناو چاوەوە دەبێتە هۆی ئازار.

لە کاتی برینداربوونی چاودا

  • داوا لە نەخۆشەکە بکە لەسەر پشت پاڵبکەوێت
  • پارچەیەک لەفاف لەسەر چاوی کەسەکە دابنێ
  • داوای لێ بکە کە چاوی نەجوڵێنێت

لە کاتی بەرکەوتن بە ماددەی کیمیایی

ماددە کیمیاییەکان زیانێکی زۆر بە چاو دەگەیەنن، لەناو ماددە کیمیاییەکاندا ماددە ئەلکالییەکان زۆرترین زیان بە چاو دەگەیەنن. زۆر بەخێرایی زیان بە شانەکانی چاو دەگەیەنن و دەبنە هۆی کوێربوون. ڕێژەی زیانگەیشتن بە چاو لەسەر ماددە کیمیاییەکان وەک ماوەی مانەوەی ماددە کیمییاییەکە لە چاودا و ماددە کیمیاییەکە تاکوو چەنێک چۆتە قوڵایی چاوەوە بەندە.

  • لە سڕینی چاوت دووربکەوەرەوە.
  • زۆر بەخێرایی دەم و چاوت بۆ ماوەی ١٥ خولەک بە ئاو بشۆ.
  • چاوت بە باندج یان بەهیچ شتێکی تر مەبەستە.
  • لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کارانە پەیوەندی بە فریاگوزاری خێرا بکە.

فریاگوزاری سەرەتایی کاتێک شتێک دەچێتە ناو چاوەوە

خۆڵ، پارچە دار، پارچەی شووشە یان کانزاکان دەتوانن بچنە ناو چاوەوە. پێکهاتە تیژەکان زیان بە بیلبیلەی چاو دەگەیەنن. مانەوەی هەر پێکهاتەیەک لەناو چاودا، دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەحەتی بۆ کەسەکە کاتێک بیلبیلەی چاو زیانی پێ دەگات، وا هەست دەکەیت شتێک لەناو چاوتدایە و ناتوانیت لە چاوت لای ببەیت.

  • کەسەکە لە شوێنێکی ڕووناکدا دابنیشێنە.
  • بەشی خوارەوەی چاوی کەسەکە ڕابکێشە، داوا لە کەسەکە بکە سەیری سەرەوە بکات.
  • ئەگەر کەرەستەکە کە چۆتە ناو چاوەوە لەسەر ڕووی چاو بوو دەتوانیت لای ببەیت و لە چاو دەری بهێنیت. بەڵام ئەگەر کەرەستەکە لەناو چاودا یان قوڵایی چاو بوو هەوڵمەدە لای ببەیت. کاتێک کە نەتوانی ئەو کەرەستەی لەناو چاودایە لای ببەیت، کەسەکە هەستی بە باش نەبینی شتەکان کرد و سووربوونەوە و ئازار لە دوای ٢٤ کاتژمێر لە دەرهێنانی کەرەستەکە لە چاودا بەردەوام بوو بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکە.


سەرچاوەکان



523 بینین