چۆن مێردەکەمم خۆش بوێت؟

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2024-06-21-18:53:00 - کۆدی بابەت: 13230
چۆن مێردەکەمم خۆش بوێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن هاوسەرەکەمم خۆشبوێت؟ (بە ئینگلیزی: How to love my Spouse، بە عەرەبی: كيف أحب زوجي/زوجتيبەردەوام بوونی خۆشەویستی بەڕای زۆرینە کارێکی قورسە، بە تایبەت ئەگەر پەیوەندییەکە ماوەیەکی زۆری خایاندبێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرقاڵبوونی هەردوولا بە جۆرێک لە جۆرەکان و خۆشەویستییەکەیان تا ڕادەیەکی زۆر لە ژیانی ڕاستی نزیک دەبێتەوە. بەڵام بێگومان چەندین ڕێگا و شێواز هەیە کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەم خۆشەویستییە بە زیندوویی بمێنێتەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی خۆشەویستی تەنها لەسەر بنەمای هەستەکان نییە بەڵکو کارپێکردنیشە، لەمەوە دڵنیایی دەدرێت بە ئاسوودەیی هەردوولا لە پەیوەندییەکە و لە ژیانیشدا بە گشتی.

کۆمەڵێک لەو ڕێگایانەی کە یارمەتیدەری خانمانن زیاتر هۆگر هاوسەرەکانیان بن 

بەراوردی مەکە بە کەسێکی تر
نەمانی خۆشەویستی دەرئەنجامی بەراورد کردنە بە کەسانی تر. کاتێک خانمێک هاوسەرەکەی بە کەسێکی تر بەراورد دەکات هەست بە ناڕازیبوون و ناجێگیری دەروونی دەکات و دواجار کاریگەری لەسەر ژیانیان لەگەڵ هاوسەرەکەی دادەنێت. 

ڕاشکاو بە
لە کاتێکدا کە تۆ ڕاشکاویت و ڕوونکردنەوە دەدەیت دەربارەی ئەو بیرکردنەوانەی مێشکتیان تەنیوە و توانای گفتوگۆ دەبەخشیتە هەردووکتان پەیوەندییەکەتان قوڵتر دەبێت، چونکە ئەمە نەرمی زیاتر لە نێوانتاندا دروست دەکات و ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە یەکتر. ئەمەش پاڵپشتی خۆشەویستی و سۆزە لە نێوانتاندا.

گفتوگۆ
توانای گفتوگۆی تەندروست یەکێکە لە گرنگترین بنەماکان لە پەیوەندییەکی باشدا و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. پێویستە خانمان بایەخ بەو شتانە بدەن کە کە بە لای هاوسەرەکانیانەوە گرنگن. ئەمە پەیوەندییەکی جوان لە نێوانیاندا دروست دەکات لەسەر بنەمای هاوبەشی پێکردنی بابەتە دڵخوازەکانیان. لە بەرامبەردا ئەم هەنگاوە وادەکات هاوسەرەکەشی هەنگاوێکی باشتر بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییەکەیان بنێت و هاوسەنگ ببنەوە لە بنیادنانی توانای گفتوگۆ لە پەیوەندیەکەیاندا. قسەکردن و گفتوگۆ دەتوانن هەست و سۆزی خانمان لەگەڵ هاوسەرەکانیان زیاتر بکەن، چونکە ئافرەتان ئەو کەسانەیان خۆشدەوێت کە دەتوانن بە باشی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان لەگەڵدا بکەن.

گرنگیپێدان
گرنگیپێدانی خانم بۆ پێداویستی و هەستەکانی هاوسەرەکەی نەک تەنیا پێویستییەکانی خۆی،کە لایەنە جیاوازەکانی ماددی و سۆزداری لەخۆدەگرێت وا دەکات هاوسەرەکەی خۆشەویستی خانمەکەی بۆی ببینێت. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی هەردوولا لە پەیوەندییەکەیان ڕازی بن و باشتریشی بکەن. زۆربەی جاریش بە هاوبەرانبەری گرنگیپێدانی خانمەکە هاوسەرەکەشی هەوڵدەدات کە لێی تێبگات و پێویستییەکانی دابین بکات بەبێ ئەوەی داوای بکات. بەلای ئافرەتانەوە بایەخپێدان زۆر گرنگە و کە زانی دوولایەنەیە خۆشەویستی بۆ هاوسەرەکەی زیاتر دەبێت.

گۆڕینی ڕۆتین
ڕۆتین یان کردارە دووبارەکان سەردەکێشن بۆ لەدەستدانی ئارەزوو و هەست بۆ کەسێک یان شتێک، بۆیە یەکێک لە باشترین ڕێگەکان بۆ دروستکردنی خۆشەویستی نێوان هاوسەران گۆڕینی شێوازی ژیانیانە بە وازهێنان لە شتە دووبارەکانی ڕۆژانە. ئەمانەش لەڕێی تاقیکردنەوەی خواردنی نوێ، فێربوونی چالاکییەک کە هەردوولا حەزی پێبکەن یان چوونە دەرەوە و سەفەر کردنی جار جارە کە پەیوەندییەکەیان تازە دەکاتەوە.

لایەنە باشەکانی هەبوونی خۆشەویستی نێوان هەردوولا

هەبوونی خۆشەویستی بەهای هاوسەرگیری زیاتر دەکات و ئارامی زیاتر بە دۆخی پەیوەندییەکە دەبەخشێت و لێکتێگەیشتنی نێوانیان ئاسانتر دەکات. خۆشەویستی لە هاوسەرگیریدا ئەم باشیانەی هەیە:

  • ئاسان کردنی گفتوگۆ لەسەر کێشەکانیان چونکە بەلای یەکترەوە گرنگ و جێی بایەخن.
  • لێکتێگەیشتن دروست دەکات و بۆ پاراستنی پەیوەندییەکە ئامادەن قوربانی بدەن.
  • پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی هاوسەران داوای لێبوردن بکەن لەسەر هەڵەکانیان و ئەمەش هەڵەتێگەیشتن ناهێڵێت.
  • هاوسەران فێردەبن کە سەرنج بخەنە سەر کارە گرنگەکان و هاوڕانەبوون لەسەر شتە بچووکەکان پشتگوێبخەن.

گرنگی خۆشەویستی نێوان هەردوولا

خۆشەویستی نێوان هاوسەران بناغەی پەیوەندییەکی تەندروستە، چونکە ئاسوودەیی لەگەڵدایە. خۆشەویستی خانمێک بۆ هاوسەرەکەی بە واتای پێدانی سۆز و گرنگی دێت، ئەمەش سەرەتایە بۆ بەختەوەریی خێزانی و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر باری دەروونی منداڵەکانیان. خۆشەویستی پیاو بۆ هاوسەرەکەی وادەکات ئەرکەکانی جێبەجێ بکات بەبێ ئەوەی بە بارگرانی بزانێت و ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکان بۆی ئاسان دەبێت. خۆشەویستی جیاوازییەکان کەم دەکاتەوە و دەیانگۆڕێت بۆ گفتوگۆی کاریگەرهەروەها کەشێکی ماڵەوەی پڕ لە ئومێد دروست دەکات.


سەرچاوەکان



38 بینین