ڕەفتاری گونجاو لەکاتی چوون بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-12-21:40:00 - کۆدی بابەت: 12886
ڕەفتاری گونجاو لەکاتی چوون بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕەفتاری گونجاو لەکاتی چوون بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری (بە ئینگلیزی: Appropriate behavior when going to a wedding، بە عەرەبی: السلوك المناسب عند الذهاب إلى حفل الزفاف). بوونت و بانگێشتت بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری وەک میوانێک، تەنها لەبەرکردنی جلی جوان و خۆنواندن نییە. کاتێک وەک میوانێک تۆ بانگێشت دەکەن دەبێت ئاگاداری تەواوی ڕەفتارەکانت بیت. واباشە ڕەچاوی چەند خاڵێک بکەیت بۆ ئەوەی هەم خۆت و هەم کەسانی تریش بێزار نەکەیت و پەشیمان نەبنەوە لەوەی کە بانگێشەتیان کردوویت. 

لە کاتی چوون بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەیت

زوو وەڵامدانەوه

بێگومان هەفتەیەک یاخود چەند ڕۆژێک پێش ئاهەنگەکە ئاگادار دەکرێتەوە و بانگهێشت دەکرێیت، خاوەن ئاهەنگەکەش بە گوێرەی ژمارەی ئامادەبووان ئامادەکاری دەکات، بۆیە زۆر گرنگە بە چوونت یاخود نەچوونت وەڵام بگێڕیتەوە لە خاوەن ئاهەنگەکە تاکوو بەرچاو ڕوون بێت.

نەبردنی میوان

کاتێک بانگهێشت دەکرێت وەک چۆن جوانە زوو وەڵامیان بدەیتەوە، بەهەمان شێوە دەبێت تەنها خۆت بڕۆیت ئەگەر بانگهێشتنامەکە تەنها ناوی تۆی تێدایە. بردنی میوان یاخود چەند میوانێک لەگەڵ خۆت کارێکی ناشرین و ناشایستەیە، چونکە بەهەمان شێوە کەسانی خاوەن ئاهەنگ بەپێی ژمارەی بانگهێشتراوەکان ئامادەکارییان کردووە، هەر کەموکوڕییەک ڕووبدات دەکەوێتەوە سەر تۆ.

ڕەچاوی جلوبەرگەکەت بکە

ئەگەر بووکە خان یاخود کاکی زاوا بڕیار دەدەن لەسەر ڕەنگ و شێوازی جلێک، ئەوا پێویستە دووربکەویتەوە لەوەی کە تۆش هەمان شێواز و ڕەنگ بپۆشیت. لێرەدا جیاوازی و جوانی ئەوان دەرناکەوێت و جیاواز نابن. دووربکەوە لە لەبەرکردنی جلی زۆر سەرنجڕاکێش و باق و بریق کە هەمووان سەرنجیان بۆ لای تۆ ڕابکێشرێت. هەروەها ئەو جلانەی کە زۆر کراوەن و چاوی زۆر ڕادەکێشێت، ئەمە وادەکات نەشازی ڕووبدات و جیاوازی و جوانی بوک و زاوا تێک بدات، گرنگترین بەش لێرەدا بۆ خانمان ئەوەیە، ئەگەر چوونە ئاهەنگی گواستنەوە بەهیچ شێوەیەک جلێک مەپۆشن کە ڕەنگەکەی سپی بێت، بۆئەوەی بووک دەرکەوێت و جیابکرێتەوە.

لە کاتی خۆیدا ئامادەبە

لەو کاتەی کە نووسیوویانە پێویستە ئامادەبیت، نە زۆر زووتر و نە زۆریش درەنگ. زۆر گرنگە پێش هاتنی بوک و زاوا لەوێ ئامادەبیت بۆ ئەوەی بتوانیت پێشوازییان لێ بکەیت لە کاتی هاتنیاندا.

بەخێرایی ئاهەنگەکە جێمەهێڵە

زۆرێک دوای نان خواردن خێرا ئاهەنگەکە جێدەهێڵن، لەبیرتان بێت ئەم ئاهەنگە بۆ خۆراکپێدان نەبووە و بەڵکوو بانگهێشت کراویت تاکوو بەشداربیت لە تەواوی چالاکی و خۆشی ئەو ئاهەنگەدا و پێویستە لەوێبیت تاکوو کۆتایی دێت.کاتێک شتێکی لەناکاو ڕوودەدات و ناچار دەبیت کە ئاهەنگ جێبهێڵیت لێرەدا دەتوانیت بووک و زاوا ئاگادابکەیتەوە و دڵنیایان بکەیتەو لەوەی بۆ کاری پێویست زوو دەردەچیت.

دووربکەوەرەوە لە زۆر بەکارهێنانی مۆبایل

هەوڵبدە چالاک بیت و دڵخۆشی خۆت دەرببڕیت و چێژ وەربگریت لە تەواوی ساتەکانی ئاهەنگەکە، نەک ئەوەی بەدرێژایی ئاهەنگەکە مۆبایلەکەت پێ بێت و خەریکی وێنە و سناپ بیت، وێنەگرتن و تۆمارکردنی ساتە خۆشەکانیش بەشێکە لە ئاهەنگەکە بەڵام نەک بەجۆرێک بێت کە وەک بڵێی تەنها بۆ ئەوە ڕۆشتبیت. هەروەها دووربکەوەرەوە لەوەی لە سووچێکدا بیت و تەواوی کاتەکان مەشغوڵی مۆبایلەکەت بیت و بەشداری ئاهەنگەکە نەکەیت، لەم حاڵەتەدا واباشترە هەر نەچوویتایە و لە ماڵەوە بوویتایە.

ئەنجامدانی جوڵەی نەگونجاو

ڕاستە ئاهەنگە و پێویستە دڵخۆشبیت و خۆشی خۆت دەرببڕیت، بەڵام زۆر گرنگە لەم کاتەدا کۆنتڕۆڵی جوڵەکانی خۆت بکەیت و دووربیت لە هەڵپەڕکێی زۆر نەشیاو و سەما و بێ ئاگاییەکی وا کە کەسایەتیت لەکەدار بکات. کەواتە خۆشی خۆت دەرببڕە بەڵام تەنها لە سنوورێکدا.

گلەیی و گازەندە

ڕەفتارێکی زۆر ناشرینە گلەیی بکەیت لە هەموو شتێک، گلەیی کردن لە خواردن و شوێن و تەنانەت خودی بوک و زاوا، یاخود جلوبەرگیان. ئەم ڕەفتارە زۆر ناشرینە و ئەگەریش خواردن بەشی تۆ نەما زۆر ئاسایی وەریگرە. لە ئاهەنگێکی وا گەورەدا دەکرێت هەڵە و کەموکوڕی ڕووبدات، تۆش بە بێدەنگیت ئەم کەموکووڕییە دادەپۆشیت و یارمەتیدەریت تاکوو ئاهەنگەکە بەباشی بەڕێوە بچێت. هەروەها گلەیی و توانجدان لە بوک و زاوا ڕەفتارێکی زۆر ناشرینە و لە کەسایتیت کەم دەکاتەوە.

گۆڕینی جێگای دانیشتن

واباشە لەو شوێنەی بۆت دیاریکراوە تاکوو کۆتایی دابنیشت و بەردەوام کورسی و مێز نەجوڵێنیت و شوێن نەگۆڕیت، چونکە ئەوان بەپێی ژمارەی سەر مێزەکان ئامادەکارییان کردووە و تێکدانی ئەمە سەر لەوانیش دەشێوێنێت.

ئاگاداری منداڵەکەت بە

ئەگەر منداڵت هەیە و لەگەڵ خۆت بردووتە، زۆر ئاگاداریبە لەوەی هیچ زیانێک نەگەیەنێت و ئازاری کەس نەدات. هەوڵبدە بەدەوام چاوت لەسەری بێت و ئاگاداری ڕەفتارەکانی بە، ئەگەر منداڵەکەت زۆر بچووکە و زۆر دەگری پێویستە بیبەیته دەرەوەی ئەو شوێنە بۆئەوەی منداڵەکە هێورببێتەوە و میوانەکانیش بێزار نەبن.

وێنەدانان بەبێ مۆڵەت

کاتێک دێیتەوە لە ئاهەنگەکە زۆر ئاگاداری بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بە، ئەگەر بوک و زاوا پێیان خۆش نییە وێنەیان دابنێیت نابێت بەهیچ جۆرێک ئەم کارە بکەیت. پێویستە سەرەتا ئیزن لەوان وەربگریت و ئەگەر ڕێگەیان نەدا داینەنێیت. هەروەها ئاگاداربیت ئەگەر هەر گرتە یان وێنەیەکی خۆت دانا دڵنابیتەوە لەوەی کەسی تر دەرنەچووە.


سەرچاوەکان



3748 بینین