هۆکارەکانی کاریگەری لەسەر فێربوون

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-24-15:32:00 - کۆدی بابەت: 13282
هۆکارەکانی کاریگەری لەسەر فێربوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆکارەکانی کاریگەری لەسەر فێربوون بە ئینگلیزی (Causes effective on learning)، بە عەرەبی (اسباب فاعلية في التعليم)، چەندین هۆکاری جیا جیا هەن کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی فێربوون هەیە کە زۆر گرنگن بۆی.

هۆکارەکانی کاریگەری لەسەر فێربوون

سروشتی فێرخواز و تایبەتمەندییەکانی

تایبەتمەندی قوتابی بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان دادەنرێت لە پڕۆسەی فێربوون، فێرخوازان بە گشتی ئاستی جیاوازیان هەیە لە ڕووی هزری و جووڵەیی و حەز و ئارەزووکانیانەوە. ئەم جیاوازییەش کاریگەری لەسەر شێوازی پێدانی زانیارییەکان و پەیوەندی کردن دەبێت. 

کەسایەتی مامۆستا و تایبەتمەندییەکانی

کاریگەری فێربوون تەنها پەیوەست نییە بە کەسایەتی فێرخواز، بەڵکو ئەو بابەتانەی کە لەلایەن مامۆستاوە وەریدەگرێت و کەسایەتی مامۆستا و بەها و ئاڕاستەکانی بە بنەمایەکی گرنگ هەژمار دەکرێت لە پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون، واتە ئەگەر مامۆستا نموونەیەکی ئەرێنی بوو لە ژیانی قوتابیدا ئەوا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر پڕۆسەی فێربوونی قوتابی و لە دەرئەنجامدا پڕۆسەی پەروەردەیی بە گشتی پەرەدەسێنێت. 

ڕەفتاری مامۆستا لە ناو پۆل

بریتییە لەو ڕەفتار و چالاکییانە کە لە ناو پۆلدا ڕوودەدات، بۆ نموونە ئەگەر مامۆستا شێوازی وانەوتنەوەی سەرنج ڕاکێش بێت وا دەکات پاڵنەر بۆ قوتابیان دروست ببێت بۆ فێربوونی بابەتەکان و چالاکانە بەشداری لە وانەکە بکەن. 

تایبەتمەندی کۆمەڵەی فێرخوازان

هەرچەندە گرووپی فێرخواز لە ڕووی توانستە هزرییەکان، جەستەییەکان، ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لێک نزیک بن پڕۆسەی فێربوون کاریگەر تر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، واتە ئەگەر گرووپی فێرخوازا لە ئاستی زۆر جیاواز بن، ئەوا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر، بەڕێوەچوونی پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون، چونکە بوونی جیاوازی بەرچاو لە تواناکان وا لە مامۆستا دەکات نەتوانێت وانەکان بە ڕێک و پێکی بڵێتەوە لەبەر ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی وانەکان قوتابییە ئاست بەرزەکان زۆر بە ئاسانی فریای وانەکان دەکەون، بە پێچەوانەوە قوتابییە ئاست لاوازەکان هیچ سوودێک لە وانەکە وەرناگرن. ئەگەر مامۆستا وانەکان ئاسان بکاتەوە یان سادەی بکاتەوە ئەوا قوتابییە زیرەکەکان خێرا لە وانەکە بێزار دەبن. 

کەرەستەی بەردەست بۆ فێرکردن

بریتییە لە دابینکردن و بەردەستکردنی ئامێرەکانی فێرکاری بۆ هاوکاری مامۆستا لە وانەوتنەوە بۆ نموونە فێرکردنی زمانێکی بیانی ئینگلیزی یاخود هەر زمانێکی تر پێویستە تاقیگەی دەنگی تایبەت هەبێت بۆ ئەم مەبەستە. 

سروشتی ئەو بابەتانەی کە قوتابی وەریدەگرێت

سروشتی بابەت بۆ قوتابی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە چونکە کاتێک قوتابی خولیای دەداتە بابەتێک بۆ نموونە بابەتی هۆنراوە ئەوا زیاتر گرنگی پێدەدات و چێژ لە خوێندنەوەی وەردەگرێت، بوونی حەز و ئارەزوو بۆ هەر بابەتێک پاڵنەر بۆ خوێندنەوەی زیاد دەکات و وادەکات قوتابی پێشکەوتنی بەرچاو تۆمار بکات لەم بابەتەدا، خاڵێکی تر تایبەت بە سروشتی بابەتەکان کەوا کاریگەری لەسەر دروستکردنی پاڵنەرە بۆ قوتابییان کە بریتییە لە شێوازی داڕشتنی یەکەی وانەکان، واتە هەرچەندە وانەکان ڕەچاوی ئاستی هزری قوتابیانی تێدا کرابێت و بە شێوازێکی سەرنج ڕاکێش خرابێتە ڕوو ئەوا فێربوونی بابەتەکە بۆ خوێنەر بە چێژتر دەکات و لە کۆتاییدا هاوکاری فێربوونی بابەتەکە دەبێت. 

هێزە دەرەکییەکان

بریتییە لە ماڵ و دەزگا جیا جیاکان کە وەک سەرچاوەی زانیاری هەژمار دەکرێت، واتە بوونی پاڵپشت لە لایەن خێزانەوە لە ڕێگەی تەرخانکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندن و هاندانی قوتابی بۆ فێربوون، لە دەرەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ فێرکردنی قوتابیان لە ڕێگەی پەخشکردنی پڕۆگرامی پەروەردەیی هەمەڕەنگ. 

بەکارهێنانی پاداشت و سزا

شاراوە نییە بابەتی پاداشت و سزا وەک هۆکارێکی گرنگ و سەرەکی هەژمار دەکرێت لە پڕۆسەی فێربوون لە گشت قۆناغەکاندا و بەشێکی زۆری لە تیۆرەکانی فێربوون جەخت لەسەر بابەتی پاداشت و سزا دەکەنەوە لە پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون، بوونی پاداشت وەکو بنەمایەک سەیر دەکرێت بۆ دروستکردنی پاڵنەر لە لایەن قوتابیان بە تایبەتی ئەوانەی پاڵنەریان بۆ خوێندن لاوازە، چونکە بوونی پاداشت وا لە قوتابی دەکات فێربوونی بابەتەکان واتادار بێت و ئامانجێک بۆ هەوڵەکانی بدۆزێتەوە، بە پێچەوانەوە بوونی سزا وا دەکات پاڵنەرەکان بۆ بابەتەکان لاواز بکات واتە سزادان وا دەکات تاک لەو ڕەفتارانە دووربکەوێتەوە کە قبوڵکراو نییە و پاداشت وا دەکات تاک ئەو ڕەفتارانە دووبارە بکاتەوە کە هەوڵی فێرکردن و چەسپاندنی دەدرێت.


سەرچاوەکان



18 بینین