بایۆجوگرافی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-07-11-14:52:00 - کۆدی بابەت: 13517
بایۆجوگرافی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بایۆجوگرافی یان جوگرافیای زیندەگی (بە عەرەبی: الجغرافيا الحيوية، بە ئینگلیزی: Biogeography). لقێکە لە لقەکانی زانستی جوگرافیای سروشتی وەسفی کە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرەکان (ئاژەڵ و ڕووەکەکان)، لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافیان و تایبەتمەندییەکانیان و کارلێکی نێوانیان. بایۆجوگرافی لە ڕۆژگاری ئێستادا بووە بە بابەتێکی زانستی کە ھەوڵی بەستنەوەی نێوان (زانستی جوگرافیا -  Science of Geography) و (زانستە ژیانییەکان - Science of Biology) دەدات و دیاردە جۆراوجۆرەکان و یاساکانی ژیانی ڕووەک و ئاژەڵان ڕووندەکاتەوە لە ڕێگای بەکارھێنانی ڕێگا و میتۆدی بەکارھاتوو لە جوگرافیای سروشتی و زانستە ژیانییەکان.

پەیوەندی نێوان زانستی جوگرافیا و زانستی زیندەوەرزانی چییە؟ 

زانستی جوگرافیا ھەوڵدەدات بۆ گەیشتن بەو پەیوەندیانەی بوونیان ھەیە لە نێوان کۆمەڵگا ڕووەکی و ئاژەڵییەکاندا لەگەڵ ئەو دیاردە و کارلێکانەی ڕوودەدەن لە نێوان ژینگەی جوگرافی (ئاو و ھەوا و خاک)، لە کاتێکدا زانستی زیندەوەرزانی لە زیندەوەرەکان دەکۆڵێتەوە لە ڕووی چۆنیەتی دروستبوونیان و گەشەکردنیان و بڵاوبوونەوەیان. ھەربۆیە ئەو توێژینەوانەی پەیوەستن بە بایۆجوگرافی خۆی لە دوو لقی سەرەکی دەبینێتەوە کە بریتین لە: 

  • جوگرافیای ڕووەکی Phytogeography
  • جوگرافیای ئاژەڵان Zoogeography

بەم جۆرەش ئەم لقە زانستییە سێ ئاڕاستەی سەرەکی لە خۆدەگرێت کە بریتین لە: 

١- زانستی دابەشبوونی جۆرەکان Corology: بریتییە لەو زانستەی کە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوە لە جۆرە جیاوازەکان و ڕەگەز و خێزانی زیندەوەرەکان لەگەڵ ئەو ناوچە جوگرافییەی کە داگیری دەکەن لە چوارچێوەی ھەرێمە ڕووەکی و ئاژەڵییەکاندا.
٢- زانستی ژینگە Science Ecology: بریتییە لەو زانستەی کە بایەخدەدات بە لێکۆڵینەوە لە سەرجەم پەیوەندییەکانی نێوان زیندەوەرەکان و ئەو ناوەندەی کە تیایدا دەژین.
 ٣- زانستی کۆمەڵە زیندەگییەکان Science Biocenology: لقێکە لە لقەکانی زانستی زیندەزانی کە بایەخدەدات بە لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگا سروشتییەکان و کارلێکی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە بەراورد دەکات.

پێناسەی چەند زانیایەک لە بارەی چەمک و فەلسەفەی بایۆجوگرافیا

  • لیمی دەڵێت: (بریتییە لە زانستی دابەشبوونی زیندەوەرەکان و ھۆکاری ئەو دابەشبوونە لەگەڵ ئەو ھەموارانەی پەیوەندی دارن بە زانستی جوگرافیا و زیندەوەرناسی).
  • بیر دانصۆرە دەڵێت: (بریتییە لەو زانستەی کە بایەخدەدات بە لێکۆڵینەوە لە دابەشبوونی خێزانی ڕووەک و ئاژەڵەکان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژینگەکەیان).
  • باری کۆکس دەڵێت: (بریتییە لەو زانستەی بایەخدەدات بە لێکۆڵینەوە لە ڕەچەلەکی زیندەوەرە زیندووەکان و دابەشبوونی جوگرافیان لەسەر ئاستی شوێنی و کاتی لە ژینگەیەکی دیاریکراودا). 
  • دیمارتۆن دەڵێت: (توێژینەوەیە لە دابەشبوونی زیندەوەرە زیندووەکان لەسەر ڕووی زەوی و ڕوونکردنەوەی ئەم دابەشبوونەیان).
  • دیڤید واتسن دەڵێت: بایۆجوگرافی دەگەڕێت بەدوای تەرزە جۆراوجۆرەکان و جیاوازەکانی ژیانی ئێستای سەر ڕووی زەوی و بەرگی گازی و ئاوی، بایەخدەدات بەو ڕێگایانەی کە زیندەوەرەکان خۆیانی پێ ڕێکدەخەن لە چوارچێوەی کۆمەڵەیەکی دیاریکراو کە تیایدا بەرەنگاری ئاڵنگارییەکانی ژینگە دەبنەوە.
  • کەواتە زانستی بایۆجوگرافی بریتییە لەو زانستەی لە دابەشبوونی زیندەوەرە زیندوو و نازیندووەکان دەکۆڵێتەوە لە مێژووی دروسبوون و سەرھەڵدانیان و گەشەکردن و تایبەتمەندییەکانیان و بڵاوبوونەوەیان و کارلێکیان لەگەڵ ژینگەدا

گرنگترین فرمانەکانی بایۆجوگرافی

١- ڕوونکردنەوەی پەرچەکرداری ڕووەک و ئاژەڵان بۆ بارودۆخی ژینگەیان و چۆنییەتی کەوتنە ژێر کاریگەری ھۆکارە سروشتییەکان وەکوو (ئاو و ھەوا و خاک و ئاو و شێوە و ڕووخسارەکانی سەر ڕووی زەوی) و ئەو ھۆکارانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر بەرەوپێشچوونی ڕووەک و ئاژەڵەکان و بڵاوبوونەوەیان. بایۆجوگرافی کاردەکات لەسەر ڕوونکردنەوەی چۆنییەتی کارتێکردنی ڕووداوە جیۆلۆجییەکان کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی کاریگەرییەکانی مرۆڤ لەسەر گەشە و بەرەوپێشچوون و لە ناوچوونی بەشێک لە ڕووەک و ئاژەڵەکان.

٢- بایۆجوگرافی فرمانێکی پڕاکتیکی ھەیە کە بریتییە لە دیاریکردنی گونجاوترین زەوی بۆ چالاکییە کشتوکاڵییەکان و سوود لێ وەرگرتنیان وەکوو لە وەڕگایەکی سروشتی، بە شێوەیەکی ئابووری کاراتر.

٣- تێگەیشتن لە بایۆجوگرافی ھاوکاری مرۆڤ دەکات بۆ دەستپێکردن و ھەنگاونان بۆ چاککردنی ژینگە و قەرەبوو کردنەوەی ئەو ماددانەی کە مرۆڤ لە ژینگەدا لە دەستیداون، ھەروەھا ھاوکاری مرۆڤ دەکات بۆ ئاشنابوونی بە ڕێگایەکی گونجاو کە دەبێت پەیڕەو بکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی ژینگە.

٤- بایۆجوگرافی زۆرێک لە کێشەکانی دابەشبوونی جوگرافی ڕووەک و ئاژەڵان ڕووندەکاتەوە، وەکوو ڕوونکردنەوەی ھۆکاری ژیان و جۆری تایبەت لە ناوچەیەکی دیاریکراودا.

گرنگی و بایەخی بایۆجوگرافی

١- بایۆجوگرافی و پلاندانان: زۆربەی کات مرۆڤ بەھۆکاری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گۆڕانی شێوازی ژیانی بووە بە ھۆکارێک بۆ تێکدان و وێرانکردنی پۆشاکی زیندەگی، لە ئەنجامدا بووە بەھۆی سەرھەڵدانی زۆرێک لە کێشە ژینگەییەکان و لە ناوچوونی سیستمە ژینگەییەکان، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی بەرووبوومی کشتوکاڵی و پیسبوونی ژینگە و بەبیابانبوون و چەندین کێشەی تری ژینگەیی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە پۆشاکی زیندەگییەوە ھەیە، ئەمەش ھۆکارێکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی زانایان زیاتر گرنگی بدەن بە پۆشاکی زیندەگی ھەربۆیە (دروشمی پلاندانانی سەرکەوتوو بووە بە ئامانجی سەرەکی بایۆجوگرافی)، بە ئامانجی چۆنییەتی بەروەپێشبردن و بەکارھێنانی دەرامەتە ژینگەییە زیندەگییەکان و پەرەپێدانیان بەبێ زیان گەیاندن بە سیستمی ژینگەیی.

٢- بایۆجوگرافی سیستمی ژینگەیی: دەرامەتە ژینگەییەکان توخمێکی زیندووی سیستمی ژینگەیی پێکدێنن، ھەربۆیە لێکۆڵینەوە لەو توخمانە بایەخ و ڕۆڵیان ھەیە لە سیستمی ژینگەیی، بۆ نموونە (ڕووەک دیاردەی ئەلبیدۆ) کەمدەکاتەوە بەھۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی شێ و پلەی لەدەستدانی خاک) وە ھەروەھا خێرایی بایەکان کەم دەکاتەوە ئەمانەش سەرجەمیان کاریگەرییان دەبێت لەسەر سیستمی ھایدرۆلۆجی.

٣- بایۆجوگرافی و خۆراک: مرۆڤ ھەرلەو کاتەوەی کە لەسەر زەوی نیشتەجێبووە لە پڕۆسەی گەڕاندابووە بە دوای خۆراکدا، دوای بەرەوپێشچوونی ژیانی مرۆڤایەتی مرۆڤ پەنای بردووە بۆ سەرچاوەی خۆراکی نوێ و لە ئەنجامی خێرایی گەشەکردنی دانیشتوان و زیاد بوونی پێداویستییەکان بۆ خۆراک زیاتر بووە، ھەربۆیە مرۆڤ ھەندێک لە جۆری ڕووەک و ئاژەڵی کێوی و ئاوی بەکارھێناوە وەکوو سەرچاوەیەکی خۆراک کە لە ڕابردوودا نامۆ بووە و بەکارھەھێنراوە وەکوو سەرچاوەیەکی خۆراک.

٤- بایۆجوگرافی و خۆشگوزەرانی (ترفیھی): دەرامەتە زیندەگییەکان تەنھا خۆی لە خۆراک و بوارە ئابوورییەکان نابینێتەوە، بەڵکوو گرنگی و بایەخی درێژ دەبێتەوە وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگی خۆشگوزەرانی و گەشت و گوزار، بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و جەنجاڵی شارەکان بە جۆرێک مرۆڤ لەم جۆرە ژینگانەدا ھەست بە نا ئارامی دەروونی و جەستەیی دەکات، ھەربۆیە پێویستی بە گەڕان و پشوودان ھەیە لە ژینگەیەکی سروشتی بە ئامانجی حەسانەوەی دەروونی و جەستەیی، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە پۆشاکی زیندەگی و شێوە و ڕووخسارەکانی ڕووی زەوی وەرگیردراوە و وەبەرھێنراون لە بواری گەشت و گوزاردا.


سەرچاوەکان



320 بینین