میلیا چییە؟

له‌لایه‌ن: - محمد بهرام محمد بهرام - به‌روار: 2024-08-21-14:51:00 - کۆدی بابەت: 14232
میلیا چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میلیا (بە ئینگلیزی: milia) بریتییە لە کیسی بچووک یان زیبکەی بچووکی سپی یان زەرد کە لەسەر پێست دەردەکەوێت، بە تایبەتی لەسەر دەموچاو. زۆرجار بە پەڵەی شیر ناودەبرێن و بە شێوەیەکی گشتی لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا دەبینرێن، بەڵام دەتوانن لە پێستی تاکەکانی هەر تەمەنێکدا ڕووبدەن و دەربکەون. میلیا بەهۆی گیربوونی کیراتین کە پڕۆتینێکە لە خانەکانی پێستدا هەیە لە ژێر ڕووی پێستەوە دروست دەبێت. 

ئایا میلیا زیانی هەیە؟

  • میلیا بە گشتی بێ زیانن و نابنە هۆی ئازار و خووران و سووربوونەوە.
  • میلیا سەرەتاییەکان لە منداڵە تازە لەدایکبووەکاندا باون و زۆرجار لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لەسەر خۆیان چارەسەر دەبن.

هۆکارەکانی دروستبوونی میلیا

  • بەهۆی کۆبوونەوەی پێستی مردوو دەردەکەوێت.
  • ناتەواوی لە سیستمی بەرگری لەش.
  • گیرانی کونیلە چەورییە ڕژێنەکانی لەش.
  • پاک نەکردنەوەی ڕووخسار بە باشی و گرنگی نەدان بە پێست.
  • زگماکی و بۆماوەیی.
  • بەکارهێنانی هەندێک دەرمان کە کاریگەری لەسەر پێست دروست دەکات.
  • هەبوونی نەخۆشییەکی تری پێست.

چارەسەری میلیا

زۆر جار پێویست بە دەرمان ناکات و خۆی چارەسەر دەبێت. بەڵام دەکرێت ئەم دەرمانانە بەکاربهێنرێت کە لەلایەین دکتۆر بۆت دانرابێت:

  • چارەسەرکردن بە دەرمانەکانی کۆمەڵەی (Retinoid) بۆ نموونە Acretin )(Tretinoin)0.05%,0.025%)
  • بەکارهێنانی غسول و پاککەرەوەی دەمووچاوی گونجاو بۆ پێست.
  • چارەسەری بەدەرهێنانی میلیا.
  • چارەسەری بە تەقشیری کیمیایی.
  • بەکارهێنانی هەڵمی گەرم بۆ کردنەوەی کون و دەرچەکانی میلیا.
  • هەندێک جار ئەگەر میلیاکە تووشی هەوکردنی لەگەڵ بێت دژە بەکتریای بۆ بەکاردێت (Antibiotics)


سەرچاوەکان



65 بینین