باشترین ڕێگاکان بۆ درێژبوونی قژ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-07-09-11:46:00 - کۆدی بابەت: 13483
باشترین ڕێگاکان بۆ درێژبوونی قژ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باشترین ڕێگا بۆ درێژبوونی قژ (بە ئینگلیزی: The best way to grow hair، بە عەرەبی: أفضل شيء لتطويل الشعر) چەندین ڕێگا هەن دەتوانن سوود بگەیەنن بە درێژبوون و گەشەی و درەوشاوەیی ڕەنگی قژ. ڕێگاکانی درێژبوونەوەی ڕەنگی قژ بە هەردوو ڕێگای پزیشکی و ڕێگای ماڵەوە دەتوانن سوودێکی زۆر باش بەو کەسانە بگەیەنن کەبەدەس لاوازی گەشەی قژیانەوە دەناڵێنن. هەروەها ئامۆژگارییەکانی مانەوەی قژێکی درێژ سوود بە هەموو ئەو خانمانە دەگەیەنێت کە ئارەزووی قژی درێژ دەکەن.

باشترین چارەسەری پزیشکی بۆ گەشەی قژ

مینۆکسیدیل

مینۆکسیدیل چارەسەرێکی پزیشکییە بۆ چارەسەرکردنی هەڵوەرینی قژ، بۆ خانمان و پیاوان هەموو ڕۆژێک لەسەر ڕەگی قژ دادەنرێت، هەروەها کاردەکات بۆ هاندانی گەشەی قژ و درێژکردنەوەی. ئەم دەرمانە پێویستی بە ماوەی شەش مانگ تا ساڵێکە بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی دەرکەوێت و هەندێکجار بۆ هەموو کەسێک کاریگەر نییە و ڕەنگە هەندێک کاریگەری لاوەکی دەربکەون کاتێک بەکاردەهێنرێت، وەک سووربوونەوە، وشکبوونەوە و خوران.

سپیرۆنۆلاکتۆن

دەرمانەکە بە شێوەی زارەکی دەخورێت، هەروەها میزهەڵگرە. کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانە بریتین لە سووربوونەوە و وشکبوونەوەی دەم و سکچوون هەروەها ژنانی دووگیان پێویستە خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور بگرن چونکە دەبێتە هۆی کەموکوڕی لەدایک بوون.

باشترین چارەسەری ماڵەوە بۆ گەشەی قژ

زەیتی ڕۆزماری

زەیتی ڕۆزماری دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسێنەر، سوڕی خوێن لە پێستی سەردا هان دەدات، هەڵوەرین و خۆڵەمێشیبوونی قژ کەمدەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی توانای پاککردنەوەی پێستی سەری لە میکرۆبەکان و ڕێگریکردن لە قژ هەڵوەرینی هەیە.

پێکهاتەکانی:

  • چەند دڵۆپێک زەیتی ڕۆزماری.
  • دوو کەوچک زەیتی سروشتی، وەک (زەیتون، گوێزی هیندی، جۆجۆبا، بادەم، و ئەڤۆگادۆ).

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • دوو سێ دڵۆپ زەیتی ڕۆزماری لەگەڵ زەیتەکانی تر تێکەڵ بکە.
  • بەم تێکەڵەیە بۆ ماوەی دە خولەک بە سەری پەنجەکان مەساجی پێستی سەر بکە.
  • بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەجێی بهێڵە.
  • بە بەکارهێنانی شامپۆ قژ بشۆ.

زەیتی نەعنا

زەیتی نەعنا گەشەی قژ هان دەدات و سوڕی خوێن لە پێستی سەردا هان دەدات و خانەکانی پێستی سەر نوێ دەکاتەوە شێوازەکەی بریتییە لە:

پێکهاتەکانی:

  • پێنج دڵۆپ زەیتی نەعنا.
  • دوو کەوچکی چێشت زەیتی گوێزی هیندی.

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • زەیتەکان بەیەکەوە تێکەڵ بکە و گەرمیان بکەرەوە.
  • پێستی سەر مەساج بکە و زەیتەکە بۆ ماوەی بیست خولەک بەجێبهێڵە.
  • شۆردنی قژ بە شامپۆ.
  • چارەسەرەکە هەفتەی دوو جار دووبارە دەکرێتەوە.

پیاز

پیاز چەندین کانزا و توخم لەخۆدەگرێت کە گرنگن بۆ تەندروستی قژ، لەوانەش گۆگردی خۆراکی پیاز یارمەتی بەهێزکردن و درێژکردنەوەی قژ دەدات و شێوازەکەی بریتییە لە:

پێکهاتەکانی:

  • چوار دەنکە پیاز.
  • پارچەیەک لە قوماشی لۆکە.
  • چەند دڵۆپێک زەیتی سروشتی وەکو ڕۆزماری، نەعنا، یان لاڤاندەر.

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • پیازەکە ورد بکە و پارچەکانی بخەرە ناو وردکەرەوە.
  • پیازەکان بە قوماشێک پاڵاوتە بکە بۆ ئەوەی ئاوی پیاز بەدەست بهێنیت.
  • ئاوەکەی لەگەڵ زەیتەکان تێکەڵ بکە.
  • تێکەڵەکە بدە لە پێستی سەر و مەساجی پێبکە.

ئامۆژگاری بۆ پاراستنی درێژی قژ

چەندین ئامۆژگاری هەیە کە یارمەتیدەرە بۆ درێژکردنەوەی قژ، لەوانە: 

مەساجکردنی پێستی سەر: مەساجکردنی پێستی سەر سوڕی خوێن لە پێستی سەردا هان دەدات.

دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی بەرهەمە کیمیاییەکان: دوور بکەوەرەوە لەو بەرهەمانەی کە مادەی کیمیایی تێدایە، وەک: سۆدیۆم لۆریل سەلفات، سیلیکۆن، و پارابین، و بە بەرهەمی سروشتی بیانگۆڕە.

شۆردنی قژ بە شێوەیەکی دروست: دوور بکەوەرەوە لە شۆردنی قژ ڕۆژانە، چونکە قژ زەیتەکانی ناو پێستی سەر لەدەست دەدات، هەروەها دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم.

قژ بە شێوەیەکی سروشتی وشک بکەرەوە: دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ووشککەرەوەی قژی گەرم.

شێدارکردنی قژ: دوای شۆردنی قژ شێدارکەرەوەی قژ یان زەیتێکی گونجاو بەکاربهێنە.

بە نەرمی قژەکە شانەی بکە: شانەی قژی ددان پان بەکاربهێنە، هەروەها شانەی قژەکە مەکە لە کاتێکدا تەڕ بێت.


سەرچاوەکان



199 بینین