ئەستوورکردنی قژی تەنک

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-30-19:10:00 - کۆدی بابەت: 13396
ئەستوورکردنی قژی تەنک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەستوورکردنی قژی تەنک (بە ئینگلیزی: Thickening thinning hair، بە عەرەبی: تكثيف الشعر الخفيف) پڕکردنەوە و چڕکردنەوەی قژی تەنک ویستی ئەو خانمانەیە کە بەدەس هەڵوەرینی زۆری قژیانەوە دەناڵێنن. چەند ڕێگایەک هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ویستە کە بە جێبەجێکردنیان دەتوانین ببینە خاوەنی قژێکی چڕ و ئەستوور و جوان.

کێشەی قژی تەنک

کێشەی هەڵوەرین و تەنکبوونەوەی قژ یەکێکە لە کێشە باوەکان لە ئێستادا. ئەمەش دەرئەنجامی چەند هۆکارێکە وەک فشاری دەروونی، پیسبوون، ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان لە جەستەدا، بەدخۆراکی، پەیڕەونەکردنی شێوازە دروستەکانی چاودێریکردنی قژ، هەڵبژاردنی خراپی بەرهەمە گونجاوەکانی چاودێریکردنی قژ و بۆماوەیی. لەم بابەتەدا چۆنیەتی ئەستوورکردنی قژی تەنک لە ڕێگەی چەند ئامۆژگاریەکی ڕۆژانە و ئاسانترین ڕێچکەی ماڵەوە ڕوون دەکەینەوە.

ئامۆژگاری گشتی بۆ ئەستوورکردنی قژ

لە خوارەوە کۆمەڵێک ئامۆژگاری گرنگ دەخەینەڕوو بۆ زیادکردنی چڕی قژ بە شێوەیەکی سروشتی و تەندروست:

  • خۆراکی تەندروست بخۆ کە سەوزەی گەڵادار و گەنم و ماسی و مریشکی تێدایە.
  • پێستی سەر بە زەیتی گوێزی هیندی گەرم مەساج بکە بەمەش هاندەری گەشەی قژ دەبێت.
  • سێ مانگ جارێک قژت بە شێوەیەکی ڕێکوپێک ببڕە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت لە سەرە دابەشبووەکان و بەم شێوەیە گەشەی قژ هان بدەیت.
  • دوور بکەوەرەوە لە شۆردنی قژت ڕۆژانە بە بەکارهێنانی شامپۆ چونکە ئەمەش وشکبوونەوەی قژ زیاد دەکات و وا دەکات زەیتە سروشتییە بنەڕەتییەکانی لەدەست بدات.
  • ڕۆژانە بۆ ماوەی زیاتر ١٠ خولەک قژەکە شانە بکە.
  • کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و کەمخەوی چونکە هەڵوەرینی قژ زیاد دەکات.
  • پاراستنی قژ لە بەرکەوتنی درێژخایەن بە تیشکی بەرزی خۆر چونکە وا دەکات قژ شێی خۆی لەدەست بدات.
  • دڵنیابە لە بەکارهێنانی نەرمکەرەوەی قژ لەسەر کۆتایی تاڵە قژەکان دوای بەکارهێنانی شامپۆ. بەهۆی ئەوەی قەرەبووی چەوری و پرۆتینی لەدەستچوو لە قژەوە دەکاتەوە، هاوکات یارمەتی زیادکردنی گەشەی قژ و زیادکردنی چڕی و درێژی بەخێرایی دەدات.
  • ئاوی زۆر بخۆرەوە واتە بەلایەنی کەمەوە هەشت کوپ لە ڕۆژێکدا. چونکە ئاو یارمەتی دەرکردنی ژەهرەکان دەدات لە جەستە و باشترکردنی کارکردنی ئەندامەکان.
  • حەمامێکی زەیتی گەرم بۆ قژەکە دروست بکە و بە زەیتی گوێزی هیندی، زەیتی زەیتون، یان زەیتی ئەرگان مەساجی بکە. چونکە ئەمەش سوڕی خوێن بۆ پێستی سەر باشتر دەکات و خۆراکی پێدەدات و بەهێزی تاڵەکانی قژ زیاد دەکات.
  • بەکارهێنانی زەیتی گوێزی هیندی چونکە زەیتی گوێزی هیندی کاریگەرترین زەیتە لە کەمکردنەوەی لەدەستدانی پرۆتینی قژ. لەدەستدانی بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی تەنکبوونەوەی قژ. چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ترشە چەوریەکان پێکدێت کە توانای گەیشتنیان بە شەفتی قژ هەیە. ئەمەش بە زیادکردنی چەند دڵۆپێک زەیتی گوێزی هیندی بۆ ناو نەرمکەرەوەی ئاسایی ئەنجام دەدرێت.
  • هێنانە ناوەوەی تۆوی کەتان بۆ ناو خۆراک؛ توێکڵی تۆوی کەتان کۆمەڵێک پێکهاتەی کیمیایی گرنگی تێدایە، لەگەڵ ترشە چەوریەکانی ئۆمیگا سێ و دژە هەوکردن، هەموو ئەمانە تەندروستی قژ بەرز دەکەنەوە و چڕیەکەی زیاد دەکەن. دەتوانیت سێ کەوچکی چێشت ژەمی کەتان بخەیتە ناو شەربەتەکەوە، یان ماست و میوەدا و ڕۆژانە وەک نانی بەیانی بیخۆیت.
  • بەکارهێنانی ئالۆڤێرا؛ ئالۆڤێرا لە دروستکردنی چەندین جۆری شامپۆ و نەرمکەرەوەی قژدا بەکاردێت. لەبەرئەوەی ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە کە تەندروستی و بەهێزی قژ دەپارێزن، جگە لەوەی تایبەتمەندی دژە بەکتریا و دژە کەڕووی تێدایە، چارەسەری قژ هەڵوەرین دەکات و بەشدارە لە دووبارە دروستبوونەوەی شانەکانی پێست لە دەوری تاڵەکانی قژ. ئەمەش بە خواردنەوەی نیو کوپ شەربەتی ئالۆڤێرا ڕۆژانە دوو جار ئەنجام دەدرێت.
  • خواردنی ڤیتامینەکان؛ بەکارنەهێنانی ماددە خۆراکییە پێویستەکان ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ تەنکبوونەوەی قژ، بۆ چارەسەرکردنیش پێویستە زەیتی ماسی و ئەو خۆراکانە بخۆیت کە بایۆتین (ڤیتامین B7)یان تێدایە، هەروەها دەتوانیت پەنا بۆ تەواوکەرە خۆراکییەکان ببەیت، کە ئەو توخمە سەرەتاییانەی تێدایە کە پێویستن بۆ قژ.
  • ئاردی شۆفان بەکاربهێنە؛ ئاردی شۆفان چەوری تێدایە کە چڕی قژ بەرز دەکاتەوە ئەمەش دەتوانرێت بە دانانی دوو کەوچکی چێشت ئاردی ناو نەرمکەرەوەی قژ کە بەزۆری لەکاتی شۆردنی قژدا بەکاردێت.

ڕێچکەی ماڵەوە بۆ ئەستوورکردنی قژی تەنک

زەیتی زەیتون

زەیتی زەیتون یارمەتی ئەستوورکردنی قژ دەدات و نەرمی و درێژییەکەی زیاد دەکات شێوازی ئامادەکردنی بەم شێوەیەیە:

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • پێستی سەر و قژ بە تەواوی بە زەیتی زەیتون گەرم مەساج بکە، و بۆ ماوەی ٣٠ بۆ ٤٥ خولەک بەجێی بهێڵە.
  • پاشان قژەکە بە ئاو و کەمێک شامپۆ بشۆ.
  • هەفتەی جارێک یان دووجار ئەم ڕێگایە دووبارە بکەرەوە.

ئەڤۆکادۆ

ئەڤۆگادۆ قژ شێدار دەکات و چڕییەکەی زیاد دەکات و زیندوویی بە قژ دەبەخشێت و وا دەکات بە شێوەیەکی تەندروست دەربکەوێت. چونکە ڤیتامین E لەخۆدەگرێت، چۆنیەتی ئامادەکردنی بەم جۆرەیە:

پێکهاتەکانی:

  • ئەڤۆگادۆیەک.
  • یەک مۆز.
  • کەوچکێک زەیتی زەیتون.

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • ئەڤۆگادۆ و مۆزەکە بە باشی ورد بکە، پاشان زەیتی زەیتون بخەرە ناو ئەو کوڵاوەی کە لە ئەنجامدا دروست دەبێت.
  • بیدە لە قژ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەجێی بهێڵە، پاشان بە ئاو و شامپۆ بیشۆ.
  • ئەم ڕێگایە هەفتەی جارێک دووبارە دەکرێتەوە.

زەیتی کاستر

زەیتی کاستۆر یارمەتی ڕێگریکردن لە هەڵوەرینی قژ دەدات؛ ئەمەش بەهۆی زۆری چڕی و چەسپاوییەکەیەوەیە، هەروەها هاندەری گەشەی قژ دەبێت چونکە ڤیتامین E و ترشە چەورییە پێویستەکانی تێدایە بۆ قژ شێوازی ئامادەکردنی بەم شێوەیەیە:

پێکهاتەکانی:

  • بڕی یەکسان زەیتی کاستر و زەیتی گوێزی هیندی.

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • زەیتی کاستر لەگەڵ زەیتی گوێزی هیندی بەباشی تێکەڵ بکە، پاشان بیدە لە تەواوی پێستی سەر و قژ.
  • بە جوڵەیەکی بازنەیی پێستی سەر مەساج بکە، پاشان بە داپۆشەرێکی گونجاو دایبپۆشە.
  • بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەسەر قژەکە بەجێی بهێڵە، پاشان وەکو ئاسایی بە ئاو و شامپۆ بیشۆ.
  • هەفتەی جارێک ئەم ڕێگایە دووبارە بکەرەوە بۆ ئەوەی ئەنجامە دڵخوازەکان بەدەست بهێنیت.

هێلکە

هێلکە ڤیتامین و پرۆتینی پێویستی تێدایە کە دەتوانێت چڕی قژ زیاد بکات. لێرەدا شێوازی ئامادەکردنەکە دەخەینەڕوو:

چۆنیەتی ئامادەکاری:

  • یەک هێلکەی گەورە بخەرە سەر قژەکە و مەساجی پێبکە، ئاگاداربە نەگاتە دەم و چاو.
  • پێنج بۆ دە خولەک بەجێی بهێڵە، پاشان وەک هەمیشە قژەکە بشۆ.
  • لێرەدا پێشنیار دەکرێت ئاوی گەرم بۆ شۆردن بەکارنەهێنرێت چونکە دەرهێنانی هێلکەکان قورس دەکات.


سەرچاوەکان



653 بینین