ناوهڕۆك
ناساندن
پشکنینی ئەلفا فیتۆپڕۆتین (بەئینگلیزی: Alpha-Fetoprotein (AFP) Test، بە عەرەبی: تحلیل ألفا فیتو بروتین) بریتییە لە پێوانی ئاستی ئەلفا-فیتۆپڕۆتین لە خوێنی کەسێکی دووگیاندا. ئەلفا فیتۆپڕۆتین (AFP) بریتییە لە پڕۆتینێک کە لە جگەردا دروست دەبێت لەناو کۆرپەلەی گەشەکردوودا، لەماوەی گەشەکردنی کۆرپەلەدا لە منداڵداندا ئەوا هەندێک لەم پرۆتینە (AFP) لە وێڵاشەوە دەگوازرێتەوە بۆناو خوێنی دایکەکە، بۆیە ئەم پشکنینە بەکاردێت بۆ پێوانی ڕێژەی (AFP) لەدایکی دووگیاندا لەماوەی قۆناغی سێیەکی دووەمی سکپڕی. بۆیە بەرزی یان نزمی لە ڕێژەی (AFP) لە خوێنی دایکەکەدا کاریگەری دەکاتە سەر کەم و کوڕی منداڵبونەکە.
هەندێ حاڵەت لەوانە :
- حاڵەتی نوڕەڵ تیوب دێفێکت Neural tube defect حاڵەتێکی مەترسیدارە کە کاریگەری دەکاتە سەر گەشەی مێشکی منداڵەکە و هەروەها دڕکەپەتکی (نەبوونی یان خراپ دروست بوونی بڕبڕەکانی پشت).
- نەخۆشیی مەنگۆلی (Down syndrome) کە زیاتر تێکچونێکی بۆماوەییە کاریگەری دەکەوێتە سەر کەم توانای و بیر و هۆش و درەنگ کەوتنی گەشە.
بۆیە ئەم پشکنینە پێویستە بکرێت لەماوەی دووگیانی بۆ دڵنیابوون لەتەندرووستی کاتی لەدایکبوونی منداڵەکە و ڕوونەدانی ئەو حاڵەتانەی ئاماژەیان پێکرا. بۆیە وا باشە کە هەموو ئافرەتێکی دووگیان ئەم پشکنینە بکات کە هەندێ کات بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ هەفتەیی ماوەی سکپڕی ئەنجام دەدرێت. بەتایبەت ئەگەر ئافرەتی دووگیان ئەم حاڵەتانەی هەبوو:
- شەکرە
- تەمەنی ٣٥ ساڵ یان زیاتر بوو
- پێشتر لە خێزانەکەیدا ئەو حاڵەتانە ڕویدابوو، واتە بۆ ماوەییانە بوو
- بەکارهێنانی دەرمان و چارەسەر لە کاتی دووگیانی کە دەبێت هۆی زیان گەیاندن بە کۆرپەلە
ئەنجامدانی پشکنینەکە
پسپۆڕێکی تەندروستی نموونەی خوێن لە خوێنبەرێک لە قۆڵەکە وەردەگرێت، بە بەکارهێنانی دەرزی بچووک. دوای ئەوەی دەرزییەکە دەخرێتە ناوەوە، بڕێکی کەم لە خوێن کۆدەکرێتەوە بۆ ناو تیوبی تاقیکردنەوە. لەوانەیە هەست بە کەمێک ئازار بکەیت کاتێک دەرزیەکە دەچێتە ژوورەوە یان دەچێتە دەرەوە. بەگشتی کەمتر لە پێنج خولەک دەخایەنێت و مەترسییەکی زۆر کەم هەیە بۆ تۆ یان منداڵەکەت بە پشکنینی خوێنی AFP. لەوانەیە ئازارێکی کەمت هەبێت یان برینت هەبێت لەو شوێنەی کە دەرزییەکە تێیدا دانراوە، بەڵام زۆربەی نیشانەکان بە خێرایی لەناودەچن.
بە شێوەیەکی گشتی، دابینکەرانی چاودێری تەندروستی پشکنینی AFP بەکاردەهێنن لە کەسێکی دووگیاندا. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە داوای پشکنینی نیشانەی لووی AFP بکات کاتێک دووگیان نیت. پشکنینی نیشانەی لووەکە ئامانجی جیاوازی هەیە لە تاقیکردنەوەی AFP بۆ کەسانی دووگیان.
منداڵانی تازە لەدایکبوو بە شێوەیەکی ئاسایی ئاستێکی بەرزی AFPیان هەیە کە لە تەمەنی یەک ساڵیدا دادەبەزێت بۆ مەودایەکی کەم. لە کەسێکی پێگەیشتوودا، بەرزی AFP لەوانەیە ئاماژە بەمانە بکات:
- ڕەقبوونی جگەر
- هەوکردنی جگەر A، هەوکردنی جگەر B یان هەوکردنی جگەری C
- شێرپەنجەی جگەر
- شێرپەنجەی هێلکەدان
- هەوکردنی ژەهراوی یان هەوکردنی بەرگری خۆیی
هەروەها لەوانەیە ئەم پشکنیبە بەکاربهێنن بۆ پلاندانان بۆ چارەسەری شێرپەنجە. بۆ نموونە، ئەگەر ئاستی بەرزی AFP و شێرپەنجەی جگەرت هەبێت، لەوانەیە دیاریکردنی خانە شێرپەنجەییەکان بە دەرمانی دیاریکراو چارەسەرێکی کاریگەر بێت.
ئەنجامی ئەم پشکنینە
- ڕێژەی ئەلفا-فێتۆپڕۆتین لە پیاوان و ئەو ئافرەتانەی دووگیان نین بەپێی تەمەن و ڕەگەز دەگۆڕێت، بەڵام دەبێت کەمتر بێت لە ٤٠ ng/ml
- لە ئافرەتانی دووگیاندا لە ١٥ بۆ ٢١ هەفتەی دووگیانی دەبێت ١٠ بۆ ١٥۰ ng/mL
ئەگەر ئەنجامی ئەم پشکنینە بەرزتربوو لە ڕێژەی ئاسایی خۆی ئەوا ئەگەری ناتەواوی لەگەشەی مێشک و کێشەی بڕبڕەکان کە لە منداڵەکەدا ڕووبدات، بەڵام ئەگەر ڕێژەکەی نزمتربوو لە ڕێژەی ئاسایی خۆی ئەوا ئەگەری ڕوودانی حاڵەتەکانی وەک دیاردەی مەنگۆلی و حاڵەتە جینیەکانی دیکە. بەڵام مەرج نییە هەموو کات نائاسایی بوونی ئەم پشکنینە دەرخەری ناتەواوی گەشەی کۆرپەلە یان ئەو حاڵەتانەی دیکە بێت کە باسمان کردن، بەڵکو ئەگەر زیاد لە منداڵێک (دووانە) بوو ئەوا ڕێژەکە ئاسایی نابێت، بۆیە پێویستە لەم کاتانەدا چەند پشکنینێکی دیکە بکەیت بۆ دڵنیابوون.