کێ یەکەم کەس بوو کە ئۆتۆمبێلی داهێنا؟

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-04-24-16:54:00 - کۆدی بابەت: 12669
کێ یەکەم کەس بوو کە ئۆتۆمبێلی داهێنا؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کێ یەکەم کەس بوو کە ئۆتۆمبێلی داهێنا؟ (بە ئینگلیزی: Who was the first one to invent car?، بە عەرەبی: من أول من اخترع السيارة؟) ئۆتۆمبێل بریتییە لە هۆکارێکی گواستنەوە، کە تایەی هەیە و ژمارەیەکی کەمی سەرنشین هەڵدەگرێت و بە بزوێنەر یان ماتۆڕێک دەجوڵێت. ئۆتۆمبێل لەهەمان کاتدا پێی دەگوترێت ئۆتۆمبێلی ماتۆڕ. بارهەڵگر و پاسەکانیش ئۆتۆمبێلی ماتۆڕن. بەڵام بارهەڵگر و پاسەکان لە ئۆتۆمبێلی چوار تایە گەورەترن و باری قورستر هەڵدەگرن. بە یارمەتی بەنزین یاخود گاز یاخود کارەبا کاردەکەن و تا ڕادەیەکی زۆر باش ئاسانکارییان بۆ خەڵک کردووە هەر لە گواستنەوەی کەلوپەل یاخود سەرنشینان.

نیکۆلاس جۆزێف کۆنیۆت داهێنەری یەکەم ئۆتۆمبێل

هەموو مێژوونووسان لەسەر ئەوە کۆکن کە یەکەم ئۆتۆمبێل لەلایەن کەسێکەوە بەناوی نیکۆلاس جۆزێف کۆنیۆت لە فەرەنسا داهێنراوە، لەوێدا کاری لەسەر داهێنانی یەکەم ئۆتۆمبێل کردووە کە توانای جێگیرکردنی چوار کەسی تێدابێت و بە هەڵم کاربکات. 

لە ساڵی ١٧٦٩ پاسکیلێکی گەورەی سێ تایەی داهێنا کە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بە بەردەوامی دەجووڵایەوە، پاشان بە مەبەستی پڕکردنەوەی وزەی هەڵمەکە وەستابوو بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە بە خێرایی نزیکەی ٢.٢٥ میل لە کاتژمێرێکدا یاخود نزیکەی ٣.٦کم ڕێگە ببڕێت و لە پەیمانگای هونەر و پیشەسازی لە پاریس نمایشکرابوو.

کارل بێنز، داهێنەری یەکەم ئۆتۆمبێلی کرداری

کارل بێنز بە یەکەم داهێنەری ئۆتۆمبێلی کرداری دادەنرێت، بەو پێیەی کاری لەسەر دروستکردنی یەکەم ئۆتۆمبێل کردووە کە بزوێنەری سووتانی ناوەکی بەکارهێناوە کە بە بەنزین کاردەکات، بۆیە ڕێزلێنانی وەرگرتووە بۆ داهێنانی ئۆتۆمبێلەکە، ئەو بە یەکەم کەس دادەنرێت کە ئۆتۆمبێلێکی کرداری داهێناوە، ئاماژە بەوە کراوە کە کۆمەڵە خاڵێکی لێکچوون هەیە لە نێوان ئەم ئۆتۆمبێلە و ئۆتۆمبێلە مۆدێرنەکان کە لە سەردەمی هاوچەرخدا بەکاردەهێنرێن. جێگای سەرنجە کە کارل بێنز لە ساڵی ١٨٤٤ لە ناوچەیەک لەدایکبووە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای ئەڵمانیا بە ناوی کارلسروه و بڕوانامەی ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی کارلسروه لە ساڵی ١٨٦٤ بەدەستهێناوە.

گەشەسەندنی پیشەسازی ئۆتۆمبێل

بە درێژایی مێژوو پیشەسازی ئۆتۆمبێل بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، بەو پێیەی زۆر کەس بەرهەمیان هێناوە. قۆناغەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلیش دەتوانین بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: 

  • یەکەمین ئۆتۆمبێل کە بە هەڵم کاریکردووە و لە ساڵی ١٧٦٩ لەلایەن نیکۆلاس جۆزێف کۆنیۆت لە فەرەنساوە داهێنرا و بە خێرایی ٢.٥ میل لە کاتژمێرێکدا دەجووڵایەوە. 
  • ئۆتۆمبێلی دووەم لەلایەن ڕۆبەرت ئەندەرسۆنەوە لە سکۆتلەندەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٣٢-١٨٨٩ دروستکراوە و بە کارەبا کاریکردووە. 
  • یەکەم ئۆتۆمبێلی ڕاستەقینەی کارکردوو بە بەنزین لەلایەن کارل فریدریش بێنزی ئەڵمانیاوە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٨٥-١٨٨٦ دروستکرا. 
  • یەکەم ئۆتۆمبێل کە بە بەنزین کاردەکات لەلایەن گۆتلیب ویلهێلم دایملەر و ویلهێلم مایباخەوە لە ئەڵمانیاوە لە ساڵی ١٨٨٦ دروستکرا. 
  • دووەم ئۆتۆمبێلی کارکردوو بە بەنزین و بزوێنەرێکی سووتانی ناوەوەی هەبووە و لەلایەن جۆرج باڵدوین سێلدنی ئەمریکاوە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٧٦-١٨٩٥ دروستکراوە. 
  • یەکەم ئۆتۆمبێلی سەرکەوتوو کە بە گاز کاریکردووە لەلایەن کارلێس ئێدگەر و فرانک برای لە ئەمریکاوە لە ساڵی ١٨٩٣ی زایینی دروستکرا، لەوێ کاریان کرد بۆ دامەزراندنی یەکەم کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا.


سەرچاوەکان



340 بینین