نەخۆشی شەکرە و چارەسەری

له‌لایه‌ن: مورید كه‌ریم - به‌روار: 2019-08-07-17:09:00 - کۆدی بابەت: 32
نەخۆشی شەکرە و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی شەکرە

نەخۆشییەکی درێژخایەنە کاریگەری دروست دەکات لە سەر توانای سوودوەرگرتنی جەستە لە وزەی بەدەستهاتووی ناو خۆراک ، کە دەبێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا ، نەخۆشی شەکرە سێ جۆری سەرەکی هەیە جۆری یەکەم (type 1 diabetes mellitus) بە زۆری تووشی منداڵ و هەرزەکار دەبێت لە ئەنجامی سستی پەنکریاس لە دەردانی ئەنسۆلین ، جۆری دووەم (type 2 diabetes mellitus) بەزۆری تووشی پێگەیشتووان دەبێت لە ئەنجامی کەمدەردانی ئەنسۆلین لەلایەن پەنکریاس یان لە ئەنجامی سوودوەرنەگرتنی خانەکان لە ئەنسۆلینی ناو خوێن با بڕەکەشی زۆر بێت ، جۆری سێیەم شەکرەی سکپڕییە ، خانەکان پێویستییان بە ئەنسۆلینە بۆ ئەوەی شەکرەکان بچنە ناو خانەکان و بەکاریانبهێنن وەکو سەرچاوەی وزە ، جەستە هەڵدەستێت بە تێکشکاندنی کاربۆهیدرات بۆ شەکری سادە وەک گلوکۆز کە بە سەرچاوەی وزەی خانەکان هەژمار دەکرێت ، مەترسی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێن بۆ ماوەیەکی زۆر بە بێ چارەسەر چەند ئاکامێکی هەیە وەک لەکارکەوتنی گورچیلە ، نەخۆشی دڵ ، تێکچوونی تۆڕی چاو ، گیرو گرفت لە دەمار کە هەستەکان تێکدەدات ،  خوران (مێرولە کردن) ، سڕبوون .

چارەسەری نەخۆشی شەکرە 

چارەسەر بە دەرمان

چارەسەری شەکرە لە جۆری یەکەمدا پشتدەبەستێت بە ئەنسۆلین بە شێوەیەکی سەرەکی ، بەڵام لە جۆری دووەمدا بڕی شەکر کۆنترۆڵ دەکرێت لە ڕێگەی ڕژێمی خۆراکی تەندروست و ڕاهێنانی وەرزشی گونجاو ، هەندێ جار بارودۆخەکە سەخت دەبێت و پێویست دەکات کە دەرمان بەکاربهێنێت لە ڕێگەی دەمەوە ، یان ئەنسۆلین بەکاربهێنێت یان هەم دەرمان و هەم ئەنسۆلین ، 

ڕوونکردنەوە لەسەر دەرمانەکانی نەخۆشی شەکرە 

ئەنسۆلین : بە زۆری ئەنسۆلین لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت ، وە هەروەها دەکرێت بە پەمپ بەکاربهێنرێت (insulin pumps)  هەروەها لە ڕێگەی قەڵەمی ئەنسۆلینەوە ، ئەنسۆلین چەند جۆرێکی هەیە ، یەکەم ئەنسۆلینی خێرا  (rapid-acting insuin) دوای پازدە خولەک لە خستنە ژێر پێست  دەکەوێتەکار و کاریگەرییەکەی بەردەوام دەبێت لە دوو کاتژمێرەوە تا چوار کاتژمێر ، نموونەی ئەم ئەنسۆلینی گلولیسین (insulin glulisine) و ئەنسۆلینی لیسپرۆ (insulin lispro) و ئەنسۆلینی ئەسپارت (insulin aspart) ، دووەم ئەنسۆلینی ماوەکورت دوای نیوکاتژمێر لە خستنەژێر پێست دەکەوێتە کار و بۆ ماوەی سێ بۆ شەش سەعات بەردەوام دەبێت ، نمونەی ئەم جۆرەش ئەنسۆلینی مرۆڤ (human insulin) ، سێیەم ئەنسۆلینی ماوەدرێژ (long-acting insulin) دوای چەند کاتژمێرێک لە خستنەژێر پێستەوە دەکەوێتە کار و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر کاردەکات ، نموونەی ئەم جۆرەش ئەنسۆلینی جلارجین (insulin glargine) و ئەنسۆلینی دێتیمیر (insulin detemir) .

چەند دەرمانێک جیا لە ئەنسۆلین کە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت

چەند دەرمانێکی تازە هەیە کە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت ، لەوانە پراملینتاید (pramlintide) کە ڕێژەی شەکر ڕێکدەخات لەدوای ژەمەکان ، هەندێ جار لەگەڵ ئەنسۆلین بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر ، لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی هێڵنجدان و دابەزینی ڕێژەی شەکر . 
مێتفۆرمین (metformin) : ناسراو بە یاریدەدەر یان ڕێکخەری شەکرە کاردەکات لەسەر جگەر بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گلوکۆز ، لەبەر ئەوەی کاریگەری ئەم دەرمانە کەمترە لە ئەنسۆلین نابێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی شەکر لە خوێندا ، هەندێ جار دەبێتە هۆی دابەزینی ئارەزووی خواردن لای هەندێ نەخۆش کە ئەوەش هەندێ جار دەبێتە هۆکاری چارەسەری شەکرە و دابەزاندنی کێشی زیادە ، دەکرێت مێتفۆرمین بە تەنها بدرێت بۆ چارەسەری شەکرە و دەکرێت لەگەڵ ئەنسۆلین و لەگەڵ دەرمانی تر بدرێت . 
سەڵفۆنێڵیوریا (sulfonylurea) : ئەم دەرمانە وا لە پەنکریاس دەکات ئەنسۆلینی زیاتر دەربدات ، هەندێ جاریش دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی شەکر نموونەی ئەم دەرمانە گڵایبیوراید (glyburide) و گلیپیزاید (glipizide) و گڵایمیپێراید (glymepiride) و چەند دەرمانێکی تر لەوانە پیۆگلیتازۆن (pioglitazone) و ڕۆزیگلیتازۆن (rosiglitazone) و ڕیپاگلیناید (repaglinide) ئەمانە لە ڕێگەی دەمەوە دەدرێت .

ئەوگیایانەی بەکاردەهێنرێت بۆ نەخۆشی شەکرە

زۆربەی خەڵک لەو باوەڕەدان کە بەرهەمە سرووشتییەکان بێ زیانن و دەکرێت بەکاربهێنرێن بە بێ دوودڵی ، بەڵام لە ڕاستیدا کاریگەری لاوەکی زۆریان هەیە ، هەندێ جار بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکان ناگونجێت لەگەڵ دەرمانەکانی نەخۆشی شەکرە و کارلێک دەکەن ، لەو گیایانەی کە زۆرکەس بەکاریاندەهێنێت دارچینی ئەویش لەبەر ئەوەی مادەیەکی تێدایە ڕێژەی شەکر کەمدەکاتەوە لە خوێندا ، بەڵام بەڵگەی تەواو نییە لەسەر ئەمە ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بڕی دارچینی دیاریکراو بۆ دابەزاندنی ڕێژەی شەکر دیارینەکراوە ، بۆیە پێشنیار دەکرێت کە تەنها ڕێنماییەکانی پزیشک جێبەجێبکرێت و ئەو دەرمانانە بەکاربهێنرێت کە پزیشک دایدەنێت 

شمڵی: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە شمڵی هەندێجار ڕێژەی شەکر کەمدەکاتەوە لە خوێن ، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی 5 بۆ 50 گرام لە شمڵی ڕۆژانە جارێک یان دووجار کاردەکات لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو ، شمڵی بە چارەسەرێکی تەندروست دادەنرێت ئەگەر بە بڕی پێشنیارکراو بەکاربهێنرێت وە ماوەی بەکارهێنانەکەی لە شەش مانگ لانەدات ، لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی شمڵی سکچوون ، غازات ، لەگەڵ ئەو بۆنە جیاوازەی لە ئارەق و لە میزدا دەردەکەوێت ، هەندێ جار شمڵی دەبێتە هۆی مەیینی خوێن کە ئەگەری خوێن بەربوون زیاد دەکات لەکاتی بەکارهێنانی توێنەری خوێن وەک ئەسپرین (aspirin) و وارفارین (warfarin) بۆیە پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت پێش بەکارهێنانی لەگەڵ ئەم دەرمانانە . 

ڕێژەی شەکری خوازراو بۆ نەخۆشەکان

 پێویستە لەسەر نەخۆش پابەند بێت بەو دەرمانانەی پزیشک بۆیداناوە و پەیوەست بێت بەو ڕێنماییانەی پزیشک یاخود دەرمانساز بۆی داناوە بۆ زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەکە ، ڕێژەی شەکری خوازراو پشتدەبەستێت بە جۆری پشکنینەکە ، بۆ نموونە پشکنینی شەکرەی کەڵەبوو  دەخوازرێت کە ٪7 کەمتر بێت ، هەموو سێ بۆ شەش مانگێک ئەنجام دەدرێت ، بەڵام بۆ ئەو نەخۆشانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بەهۆی شەکرەوە دەناڵێنن ، یان بەهۆی ئاکامەکانی (موزاعەفاتەکانی) شەکرەوە ،یان بە بارودۆخی مەترسیدار تێپەڕیون لەگەڵ نەخۆشی شەکرەدا ، بێویستە پشکنینی شەکری کەڵەکەبوو ٪8 کەمتر بێت ، 

چەند ڕێنماییەک بۆ نەخۆشی شەکرە

لەگەڵ بەکارهێنانی ڕژێمی دەرمانی بەو شێوەیەی پزیشک دایدەنێت پێویستە نەخۆش پابەند بێت بەم ڕێنماییانە لەوانە پابەندبوون بە ڕژێمێکی خۆراکی کە بڕی کاربۆهیدرات و  جۆرەکەی سنوورداربکات ، گرنگیدان بە ژمارەی ژەمە خۆراکییەکان ڕۆژانە ، ڕاهێنانی وەرزشی زیاد لە نیوکاتژمێر پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا ، ئەویش بەمەبەستی بەکاربردنی شەکری ناو جەستە ، خۆڕزگارکردن لە کێشی زیادە ، بەم شێوەیە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕێژەی شەکر بکات لە خوێندا ، شوێنکەوتنی ڕژێمێکی خۆراکی گونجاو . 

نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە

چەند نیشانەیەک لە نەخۆشی شەکرەدا دەردەکەوێت بەتایبەتی جۆری یەکەم ، کە ئەم نیشانانە لە جۆری دووەمدا بەڕێژەیەکی کەم دەرەکەون و هەندێجاریش هەستیان پێناکرێت ، لەوانەیە هەر ئەوەش بێت کە جۆری دووەم دیاریدەکات دوای دەرکەوتنی موزاعەفات ، لە نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە توونیەتی لەڕادەبەدەر بەدێژایی ڕۆژ ، هەستکردن بە برسێتی سەرەڕای وەرگرتنی خواردنی پێویست ، میزکردنێکی زۆر و زوو زوو ، دابەزینی کێش بە بڕێکی زۆر کە بە زۆری لە جۆری دووەمدا ڕوودەدات سەرەڕای وەرگرتنی خواردنی زۆر ، ماندووبوونی زۆر لە ڕۆژدا ، دابەزینی چاو ، درەنگ ساڕێژبوونەوەی برین ، ئازار ، مێروولەکردن ، سڕبوونی دەست و قاچەکان بەتایبەتی لە جۆری دووەم .


سەرچاوەکان

2427 بینین