ناوهڕۆك
جوڵەی ڕۆژانەی زەوی
زەوی بەدەوری تەوەرەکەیدا لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات دەسوڕێتەوە، ئەم سوڕاوەیەش هەموو ڕۆژێک جارێک ڕوودەدات(سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا دیاردەی شەو و ڕۆژ دروست دەکات)،بە خێرای (١٥هێڵ)لە کاتژمێرێکدا(٣٦٠هێڵ دابەش ١٥- ٢٤ کاتژمێر) ئەمەش دەکاتە نزیکەی(١٦٧٠ کم/کاتژمێر) لە بازنەی یەکسانیدا، وە نیوەی ئەو خێرایە لەسەر بازنەی پانی (٦٠°)و(سفر) لە جەمسەرەکان، تەوەرەی زەوی بریتیە لە هێڵێکی خەیاڵی، کە هەردوو جەمسەرە بەیەک دەگەیەنێت وە بە ناوەڕاستی زەویدا تێدەپەڕێت، وە لاری تەوەرەی زەوی لەسەر ستونێکی داکەوتوو لە ئاستی فەلەکدا بە گۆشەی (٢٣٫٥)ٔ و لەسەر ئاستی فەلەک بەگۆشەی (٦٦٫٥)ٔ. تەوەرەی زەوی لەکاتی سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا بەنەگۆڕی دەمێنێتەوە، ئەمەش بە دیاردەی هاوسەنگی تەوەری زەوی دەناسرێت، لاری و هاوسەنگی تەوەرەی زەوی گرنگی گەورەی هەیە بۆ ڕوودانی وەرزەکان و جیاوازی درێژی ڕۆژ و دابەشبوونی تیشکی خۆر لەسەر ڕووی زەوی، سوڕانەوەی زەوی بە دەوری تەوەرەکەیدا دەبێتە هۆی ڕوودانی چەندین دیاردەی سروشتی وەک: ١-بەدوای یەکداهاتنی شەو و ڕۆژ لەبەر ئەوەی کە زەوی خڕە، کەواتە نیوەی بە ڕووناکی (ڕۆژ) دەمێنێتەوەو نیوەی بە تاریکی(شەو) دەمێنێتەوە، بازنەی ڕووناکی بریتیە لەو بازنەیەی کە دەکەوێتە نێوان نیوە تاریکەکەو نیوە ڕوناکە کە، بەشێوەیەکی بەردەوام درێژبوونەوەیان لە ماوەی ڕۆژ و وەرزەکاندا جیاوازە. زۆربەی دیاردەکان پێویستی بە بەدوای یەکداهاتنی یەو و ڕۆژ هەیە، وەک: ڕووەک، کە بۆ گەشەکردنی پێویستی بە ڕووناکی و گەرمی و شێ هەیە، کە ئەمانەش لە شو و ڕۆژدا جیاوازن . ئاژەڵەکان لە ماوەیەکی دیاریکراوی ڕۆژدا چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن، وە هەروەها بوونەوەرە زیندوەکانیش خۆیان گونجاندوە لەگەڵ بارودۆخی بەدوای یەکداهاتنی شەو و ڕۆژ، وە درێژی ڕۆژ دەگۆڕێت بەدرێژای ساڵ و بە پێی وەرزەکان. ٢-ڕوودانی هەڵکشان و داکشان بەهۆی ڕاکێشانی ئاوی دەریا و زەریاکان لەلایەن خۆر و مانگەوە، کات و شوێنی ڕوودانی هەڵکشان و داکشان جیاوازن، ئەمەش بە پێی سوڕانەوەی زەوی و بەرامبەر یەک بوونی مانگ و خۆر (کات و شوێنی) ڕوودانی هەڵکشان و داکشان دەگۆڕێت. ٣-دەرچونی هێز لە سەنتەرەوە لە ئەنجامی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری تەوەرەکەیدا، کە کاردەکاتە سەر جوڵانەوەی تەنەکانی سەر زەوی، ئەو هێزە لەبڕدا یەکسانە، بەڵام لە ئاڕاستەکردندا جیاوازە و پێچەوانەیە لەگەڵ ئاڕاستەی ڕاکێشان بەرەو سەنتەر، ئەمەش ڕۆڵی گرنکی هەیە لە ڕوودانی هەڵکشان و داکشاندا. ٤-هێزی کورولیە (بەناوی زانا کوریولسی)وە ناونراوە، لە ئەنجامی سوڕانەوەی زەوی بە دەوری تەوەرەکەیدا دروست دەبێت، ئەم هێزە کاردەکاتە سەر ئاڕاستەی تەنەکانی سەرزەوی و لە ئاڕاستەی خۆی لایان دەدات بەجۆرێک لە نیوە گۆی باکور بەلای ڕاستدا دەیانبات و لە نیوە گۆی باشوردا بەلای چەپدا دەیانبات، بەم هۆیەوە کاردەکاتە سەر جوڵەی بایەکان و تەوژمە دەریاییەکان و شتە جوڵاوەکانی دیکە. ٥-هێزی پاڵنەر لە ئەنجامی جیاوازی سوڕانەوی زەوی بەپێی بازنەکانی دروست دەبێت، لەسەر ئەو تەنانەی لەسەر هێڵی یەکسانین بەشێوەیەکی خێراتر دەسوڕێتەوە و هێزی پاڵنەریان زیاترە، بەڵام ئەگەر بەرەو بازنەکانی دیکە بڕۆین خێرای سوڕانەوەی زەوی کەم دەکات، ئەمەش گرنگی گەورەی هەیە سەبارەت بەخێرای بایەکان بەتایبەتی لەچینە بەرزەکانی هەوادا، وەک تەوژمە فیشکە دارەکان (التیارات النفاثة).