ڕێڕەوی شیعری کوردی لە ساڵی ١٩٣٩-١٩٩١ ز

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-13-19:19:00 - کۆدی بابەت: 664
ڕێڕەوی شیعری کوردی لە ساڵی ١٩٣٩-١٩٩١ ز

ناوه‌ڕۆك

ڕێڕە‌وی شیعری كوردی لە‌ ساڵی ١٩٣٩-١٩٩١ ز

  ڕێرە‌وی شیعری كوردی لە‌م ماوە‌یدا بە‌پێی ڕوداوە‌ ڕامیاری و ڕوناكبیرییە‌كانی ناو كۆمە‌ڵگای كوردی، دابە‌ش دە‌كرێ بۆ سێ قۆناغی شیعری جیاواز ھە‌وڵدە‌دە‌ین لێرە‌دا بە‌ شێوە‌یە‌كی كورت و چڕ و واتادار باس لە‌و قۆناغانە‌ بكە‌ین.   

قۆناغی یە‌كە‌م ساڵی ١٩٣٩-١٩٥٨ ز

  شیعری كوردی لە‌ قۆناغی پێشوودا ھە‌نگاوی گە‌ورە‌و كاریگە‌ری نابوو، بۆ ھێنانە‌دی گۆڕانی گرنگ و نوێ لە‌ ڕوخسار و ناوە‌ڕۆكی دە‌قی شیعریدا. ئە‌م ھە‌نگاوە‌ پڕ گۆڕانكارییە‌، كاردانە‌وە‌ی ھە‌بووە‌ بە‌سە‌ر ڕێڕە‌وی شیعری كوردی لە‌م قۆناغە‌دا. بە‌جۆرێك دە‌كریت ئە‌و ڕاستییە‌ بدە‌ینە‌ پێش چاو كە‌ بە‌شی زۆری ئە‌و ڕە‌وتە‌ نوێیە‌ لە‌ شیعری ئە‌م ئە‌م قۆناغە‌دا دە‌بینین درێژە‌ پێدە‌ری ھە‌مان ڕە‌وتی گۆڕانكاری شیعری كوردی قۆناغە‌كانی نوێكردنە‌وە‌ی پێشترە‌. چونكە‌ لە‌م قۆناغە‌دا ئە‌وە‌ی ئاشكرا بێت، ناكرێت بە‌ شێوە‌یە‌كی بنە‌ڕە‌تی ھێڵی ئاشكراو دیاری جیاكە‌رە‌وە‌ لە‌ نێوان ئە‌م قۆناغە‌و قۆناغی پێشودا لە‌ بواری شیعردا دیاری بكە‌ین. 
وە‌ك ئاشكرایە‌ تایبە‌تمە‌ندێتی شیعری زیندوو ئە‌وە‌یە‌ كە‌ گوزارشت لە‌ كاتی لە‌ دایكبوونی و ھە‌ڵگری سیماو تایبە‌تێتی قۆناغی نوسینی دە‌قە‌كە‌ بكات، بۆیە‌ ساتە‌وە‌ختی پە‌ژارە‌و ژە‌نگی سیاسیی كاتی جە‌نگی دووە‌می جیھانی و خە‌باتی سیاسی و خۆپیشاندانە‌كانی كۆمە‌ڵانی خە‌ڵك لە‌ عێراق بە‌ گشتی و لە‌ كوردوستاندا بە‌ تایبە‌تی بە‌ ڕادە‌یە‌كی زۆر جێگە‌و شوێنە‌واریان بە‌ سە‌ر گۆڕانكاریە‌كانی شیعری كوردی لە‌ قۆناغە‌كە‌دا بە‌ جێھێشت.
لە‌م قۆناغە‌دا لە‌ پاڵ پابە‌ند بوونی ھە‌ندێك دە‌نگی تازە‌ ھە‌مان ئە‌و شیعرانە‌ دە‌بیستین كە‌ لە‌ قۆناغە‌كانی پێشودا دە‌نگی ڕەسە‌نی شیعری كوردی بوون، بە‌ڵام ھە‌ندێك گۆڕانكارییان بە‌سە‌ر دە‌قە‌ شیعریە‌كانیاندا ھێناوە‌.
سە‌رە‌ڕای ئە‌و سە‌رنج و تێبینیانە‌ی كە‌ پێشتر ئاماژە‌مان بۆ كرد لێرە‌دا گرنگترینی ئە‌و خاڵانە‌ دە‌خە‌ینە‌ ڕوو كە‌ لە‌ ڕوخسارو ناوە‌ڕۆكی شیعری ئە‌م قۆناغە‌دا بە‌رچاو دە‌كە‌ون:

    یە‌كە‌م : لە‌ڕووی ناوە‌ڕۆكە‌وە‌
  ڕە‌نگە‌ گۆڕانی گرنگ لە‌ بواری شیعری كوردی لە‌م قۆناغە‌دا لە‌ ڕووی ناوە‌ڕۆكە‌وە‌ بوو بێت، چونكە‌ سە‌رە‌ڕای ئە‌و خاڵە‌ ھاوبە‌شانە‌ی كە‌ لە‌گە‌ڵ ناوە‌ڕۆكی شیعری كوردی قۆناغی پێشودادە‌بینین، گە‌لێك لایە‌نی جیاوازیش بە‌رچاو دە‌كە‌ون كە‌ خاسیە‌تی ناوە‌ڕۆكی شیعر لە‌ قۆناغە‌كە‌دا دە‌خە‌نە‌ بە‌رچاو .......................
لە‌ ڕووی نە‌تە‌وایە‌تی نیشتیمان پە‌روە‌رییە‌وە‌، سە‌رھە‌ڵدانی ئە‌و ڕووداوە‌ ڕامیارییە‌ گرنگانە‌ی بە‌سە‌ر كوردستان و ناوچە‌كە‌دا ھاتن، ھە‌ستی كوردایە‌تی لە‌ لای گە‌لی كورد ئاراستە‌یە‌كی تری وە‌ر گرت لە‌ شیعری كوردیدا، چونكە‌ خە‌باتە‌ ڕامیارییە‌كە‌ی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ چووە‌ ناو دە‌قە‌ شیعرییە‌كان، بە‌مە‌ش ناوە‌ڕۆكی شیعری كوردی  زیاتر ڕووی لە‌ شیعری نە‌تە‌وایە‌تی و نیشتیمانی و ڕامیاری كرد، شیعر بووە‌ ھۆكارێك بۆ ھۆشیار كردنە‌وە‌ی میللە‌ت لە‌ پێناو بە‌دە‌ست ھێنانی مافە‌كانیاندا، شیعری كوردی قۆناغە‌كە‌ بە‌ تە‌واوی گوزارشتی لە‌ خواست و ھیوای میللە‌تی كورد كردووە‌ دیارترین ئە‌و شاعیرانە‌ی لە‌م بوارە‌دا باڵا دە‌ست بوون.
((زێوە‌ر ،  پیرە‌مێرد ،  بێكە‌س ، شێخ نوری شێخ ساڵح ، دڵدار ، ھە‌ژار ، ھێمن ، قانیع ، گۆران  ، ھە‌ردی ، جگە‌ر خوێن ، كامە‌ران موكری ، ع. ح. ب))
ھە‌ندێك لە‌و شاعیرانە‌ی كە‌ ناومان ھێناون وە‌ك: 
((ھە‌ردی ، پیرە‌مێرد ، كامە‌ران موكری ، دیلان ، ع. ح. ب ، جگە‌ر خوێن ، ھێمن ، ھە‌ژار ))
لە‌ ناو كۆڕی خە‌باتی ڕامیاری ئە‌و ساڵانە‌ ھاتنە‌ ناو جیھانی شیعری كوردییە‌وە‌. 
  ھە‌روە‌ك چۆن خە‌باتی گە‌لی كورد لە‌ پێناو كوردستان و كێشە‌ ڕە‌واكە‌یدا لە‌ شیعری كوردیدا شوێنی دیاریان ھە‌بووە‌ بە‌ ھە‌مان شێوە‌ شاعیرانی كورد شیعریان بۆ خە‌بات و تێكۆشانی گە‌لانی تر لە‌  پێناو سە‌رباخۆییدا نووسیوە‌، ھە‌وڵیان داوە‌ لە‌ ڕێی ئە‌و شیعرانە‌وە‌ پە‌یامی خە‌باتی ھاوبە‌شی گە‌لانی چە‌وساوە‌و ژێر دە‌ستە‌ لە‌ پێناو سە‌ربە‌رزی و رزگار بوون لە‌ كۆتی ژێر دە‌ستە‌یی پیشان بدە‌ن، واتا شیعری كوردی پە‌یامێكی مرۆڤایتی ھە‌ڵگرتبوو، ھە‌رگیز بە‌ تە‌نھا لە‌ بیری نە‌تە‌وە‌كە‌ی خۆیدا نە‌بووە‌ تا بە‌ ئاراستە‌یە‌كی ڕە‌گە‌ز پە‌رستانە‌ بە‌رێت، بە‌ڵكو شیعری كوردی كانیاوی بیری ئازادیخوازی گە‌لانی تری جیھانیش بووە‌.
لایە‌نێكی تری گرنگ لە‌ ناوە‌ڕۆكی شیعری كوردی قۆناغە‌كە‌ بریتیە‌ لە‌ باسكردنی سروشت. سروشت لە‌ شیعری ئە‌م قۆناغە‌دا لە‌و وە‌سفە‌ ڕووتە‌ی كە‌ لە‌ شیعری كلاسیكیدا بوونی ھە‌بووە‌ دە‌رباز بووە‌، بۆ ئە‌وە‌ بووە‌ كە‌ ھە‌ستی ڕۆڵە‌كانی كورد بجوڵێنن لە‌ پێناو دروست كردنی ھە‌ستی خۆشە‌ویستی كوردستان لە‌ ناخیاندا تا وڵاتە‌كە‌یان زیاتر خۆش بوێت. 
  ھە‌ر لە‌م قۆناغە‌دا بابە‌تێكی تر لە‌ شیعردا خراوە‌تە‌ ڕوو، ئە‌ویش بابە‌تی جوانی ئافرە‌ت و كێسە‌كانی بووە‌. شتێكی ڕوون و بە‌رچاو كە‌ لە‌ شیعری كوردیدا (ژن) بە‌ش و جێگە‌ی گە‌ورە‌ی ھە‌بووە‌ بە‌ڵان (ژن) لە‌ شیعری كوردی ئە‌م قۆناغە‌دا جیاوازتر باسی لێكراوە‌. چونكە‌ باس كردنی (ژن) تە‌نھا لە‌ چوارچێوە‌ی جوانی ڕوخساریدا نە‌ماوە‌تە‌وە‌ لا لە‌ كێشە‌كانی كراوە‌تە‌وە‌. شاعیران وا باسی (ژن) یان كردووە‌ كە‌ (ژن) وە‌كو پیاو مرۆڤە‌، وە‌كو پیاویش ئە‌رك و مافی ھە‌یە‌ و دە‌بێت بە‌شدار بێت لە‌ كۆڕی سیاسی و تێكۆشاندا، دە‌بێت ژنی كورد لە‌ كۆتی دیلی و دواكە‌وتووی و ھە‌موو ئە‌و داب و‌ نە‌ریتانە‌ ڕزگاری بێت كە‌ دە‌رفە‌تی بە‌شداری بوون لە‌ بوارە‌كانی ژیاندا بۆ ژنان لاواز 
دە‌كە‌ن و ڕەۆڵیان ناھێڵن. 
  ئە‌م چە‌شنە‌ ئاوێتە‌ كردنە‌ی ژن لە‌گە‌ڵ كێشە‌ ڕامیاریە‌كاندا بووە‌ ھۆی كە‌ ڕە‌نگدانە‌وە‌ی ژن  لە‌ شیعری كوردی قۆناغەكە‌‌دا وە‌كو خۆشە‌ویست بە‌رتە‌سك ببێتە‌وە‌، ھە‌ر بۆیە‌ش دە‌توانین بڵێین كە‌ دیارترین شاعیری ئە‌م قۆناغە‌ لە‌ بواری شیعری خۆشە‌ویستی بۆ (ژن) (ئە‌حمە‌د ھە‌ردی)یە‌.
دیارە‌ كێشەی سە‌رە‌كی لە‌ كۆمە‌ڵگای كوردیدا لە‌م ماوە‌یە‌دا لە‌ پاڵ كێشە‌ ڕامیارییە‌كاندا بریتیبوو لە‌ كێشە‌ كۆمە‌ڵایە‌تییە‌كان و، دیارترین كێشە‌ی كۆمە‌ڵایە‌تی لە‌م قۆناغدا بریتی بووە‌ لە‌ كێشە‌ی چینایە‌تی، شاعیرانی كورد لە‌م قۆناغە‌دا زیرە‌كانە‌ و وشیارانە‌ ئاوێتە‌یان كردووە‌ بە‌ كێشە‌ی ڕامیاری میللە‌تە‌كانە‌وە‌، دیاریشە‌ كە‌ سە‌رجە‌م دە‌قە‌ شیعرییركانی ئە‌م قۆناغە‌ پاڵپشتی چینی چە‌وساوە‌ بوون و دژی زۆرداران وە‌ستاونە‌تە‌وە‌ و بە‌ردە‌وام ھاوڕێی جوتیارو كرێكاری زە‌حمە‌ت كێش بوون. 
بە‌م شێوە‌یە‌ بۆمان دە‌ردە‌كە‌وێت كە‌ شاعیرانی كورد لە‌م قۆناغە‌دا ڕاستە‌وخۆ ڕوویان لە‌ كێشە‌ی ڕامیاری و چینایە‌تی كردووە‌. لە‌ھە‌مان كاتیشدا بایە‌خیان بە‌ ئاشتی و ھاو خە‌باتی و مرۆڤدۆستی داوە‌.


سەرچاوەکان

536 بینین