ڕیخۆڵە کوێرە

له‌لایه‌ن: ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-19-15:20:00 - کۆدی بابەت: 833
ڕیخۆڵە کوێرە

ناوه‌ڕۆك

شوێنی ڕیخۆڵە کوێرە 

ڕیخۆڵە کوێرە بەشێکە لە ڕیخۆڵەکان، کیسێکە لە کۆتایی ڕیخۆڵەکان کە دەکەوێتە خوارەوەی زمانەی پێچۆک، دوای ئەویش بەشەکانی ڕیخۆڵە ئەستوورە دەستپێدەکەن بەناوی کۆڵۆنی سەرکەوتوو، درێژی ڕیخۆڵە کوێرە ٦ سم و تیرەکەی دەگاتە نزیکەی ٩ سم لە حاڵەتی ئاسایی کاتێک توشی گەورەبوون نەهاتووە، هەروەها داپۆشراوە بە پەردەی سک، جگە لە بەشی دواوەی کە بە چینێک بەستەرە شانەی تەنک داپۆشراوە. 

ڕیخۆڵە کوێرە بەشە نزیکەکەی ڕیخۆڵە ئەستوورەیە، کە دەکەوێتە بەشی ڕاستی چاڵی کڵۆتەوە لە سکدا لە نێوان ڕیخۆڵە باریکە و کۆڵۆن، هەروەها دەکەوێتە خوارەوەی زمانەی پێچۆکی (بەشی سێیەمی ڕیخۆڵە باریکە)، کەسەکە دەتوانێت دەستی لێ بدات ئەگەر هاتوو گەورەبوو بەهۆی پیسایی یان هەوکردن یان لووەوە. 

گرنگی ریخۆڵە کوێرە

ڕیخۆڵە کوێرە بە سەرەتای کۆڵۆن دادەنرێت، کە ئەویش ئەو شوێنەیە کە ئاو هەڵدەمژرێتەوە لە پیساییەوە، هەروەها پیساییەکە لەوێدا شلە و بەتەواوەتی دروست نەبووە، کاری سەرەکی ڕیخۆڵە کوێرەش هەڵمژینەوەی ماددە خۆراکییەکانە کە ماوە لە ناو ڕیخۆڵەکاندا، هەروەها دەستکردن بە هەڵمژینەوەی ئاو کە پیسایی لێوە دروست دەبێت، لەگەڵ ئەوەی کە ئەرکێکی گرنگی هەیە لە لەشدا، بەڵام کەسەکە دەتوانێت بێ ئەویش بژی. 

ئەو نەخۆشییانەی کە کاردەکەنە سەر ڕیخۆڵە کوێرە 

پێچ خواردنی ڕیخۆڵە کوێرە

شێوەیەکە لە شێوەکانی داخرانی ڕیخۆڵەکان، ڕوودەدات کاتێ ڕیخۆڵە کوێرە لە دیواری سک جیا دەبێتەوە و بە دەوری خۆیدا پێچ دەخوات، ئەم پێچ خواردنەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هەندێک نیشانە، کە هەندێک پێیان وایە پەیوەندی بە کێشەی گەدەوە هەیە، لەو نیشانانەش با کردنی سک و قەبزیی و سکچوون و کێشەی دەرکردنی گازەکان و سک ئێشەیەکی زۆر و ڕشانەوە، هەروەها ئەم پێچ خواردنە کار دەکاتە سەر بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەرس، کە ئەم بەشە درێژ دەبێتەوە لە ڕیخۆڵە ئەستوورەوە بۆ دەرچەی کۆم، کاتێک ئەم داخرانەش ڕوو دەدات ڕیخۆڵەکان بەردەوام دەبن لە هەڵمژینی ماددە خۆراکییە زیادەکان، بەڵام ناتوانێت دەریان بکاتە دەرەوە، بەهۆی ئەوەشەوە بە پێچ خواردنی ڕیخۆڵە کوێرە کۆڵۆن دوادەکەوێت و بە شێوەیەکی ڕاست کار ناکات، ڕەنگە ئەمەش بە کۆمەڵێ هۆکار ڕوودەدات، وەکوو: گەورەبوونی کۆڵۆن و لاوازی ماسولکەکانی و نەخۆشی هێرشسپرۆنگ و هەوکردن و هیلاکی و لووی ناوچەی حەوز و دووگیانی و کۆکەی توند و نەشتەرگەری پێشووتری سک، لە ئەگەری زوو دەستنیشانکردنی پێچ خواردنی ڕیخۆڵە کوێرە چارەسەرکردنەکە تا ڕاددەیەکی باش سەرکەوتووە. 

ڕیخۆڵە کوێرەی شێوە قوچەکی

حاڵەتێکە کە ڕیخۆڵە کوێرە شێوە بازنەییەکەی لەدەست دەدات و لەجێی ئەوە تەسک دەبێتەوە و شێوەی دەبێتە قوچەکی و لوتکەکەی ڕوو لە بنچینەی ڕیخۆڵە کوێرە دەکات، ڕەنگە ئەمە هاوکات بێت لەگەڵ ڕوودانی چەند حاڵەتێکی جیاواز، هەندێکیان ئەسڵەکەیان هەوکردنە وەکوو کەڕوو و ئەمیبا و هەوکردنی ڕیخۆڵەکان و کۆڵۆنی بەکتریایی و نەخۆشی سیل و گرانەتا و ڤایرۆسی گەورەکردنی خانەکان، هەندێک هۆکاری نا میکرۆبیش وەکوو: هەوکردنی ڕیخۆڵەکان و هەوکردنی گرێی ڕیخۆڵە و هەوکردنی کونەکانی ناو ڕیخۆڵە و هەندێکی تریان شێرپەنجەیین، وەکوو: شێرپەنجەی کۆڵۆن و شێرپەنجەی بڵاوبووەوە لە ناوچەکانی تری لەشەوە. 

شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە

شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە نیشانەکانی دیاریکراو نین و زۆرجار جیاوازن لە  نیشانەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن، لە گرنگترین نیشانەکانی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە بریتین لە هەستکردنی بە پڕی و پەستان کەوتنە سەر ڕێکە و خوێنبەربوونی ڕێکە و دووبارەبوونەوەی پێویستی بۆ سەرئاوکردن، لە خراپی بەختی نەخۆشەکان زۆربەی نیشانەکانی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە دوادەکەون، ئەمەش واتای ئەوەیە کاتێک نەخۆشەکە هەستی پێ دەکات نەخۆشییەکە چەندین قۆناغی بڕیوە، کە نیشانەکان خۆیان دەبیننەوە لە کەمخوێنی و چەندانی تر وەکوو: شەکەتی و تەنگەنەفەستی و لاوازی و خێرابوونی لێدانەکانی دڵ و پیسایی ڕەنگ ڕەش و تاریک بەهۆی خوێنبەربوونی ڕیخۆڵە کوێرە و دروستکردنی گازەکان و با کردنی سک و سک ئێشە، ئەم ئازارانە بە سکدا بڵاو دەبنەوە وێڕای هێڵنجدان و ڕشانەوە، بەڵام هیچ یەک لەم نیشانانە واتای توشبوونی کەسەکە نییە بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە، چونکە ئەم نیشانانە زۆر لێکچوون لەگەڵ نیشانەکانی نەخۆشییەکانی تر وەکوو: پێچ خواردنی ڕیخۆڵە کوێرە و پێوەنوسانەکانی سک و هەوکردنی ڕیخۆڵەکان و هەوکردنی زیادەگرێی توند، نازۆری کۆڵۆن بە باشترین پشکنینی دەرخستنی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە دادەنرێت، بەداخەوە کە ئەگەری ڕزگاربوون لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە کوێرە کەمترە لە شێرپەنجەی کۆڵۆنی لای ڕاست و چەپ، کە ئەمەش ڕەنگە هۆکارەکەی قورسی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بێت لە قۆناغەکانی سەرەتایدا. 


سەرچاوەکان

532 بینین