ناوهڕۆك
کەشتی کاسینی و یوجین
ناسا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٧ کەشتی ئاسمانی (کاسینی) هەڵدا بەرەو هەسارەی زوحەل، لە ساڵی ٢٠٠٤ گەیشت بەو هەسارەیە.
سەرەتا ئەم کەشتیە لە دوو بەش پێک هاتبوو، بەشێكی کە ناوی (یوجینز) بوو لەسەر یەکێک لە گرنگ ترین مانگەکانی زوحەل کە (تایتان)ە نیشتەوە و بۆ ماوەیەک کۆمەڵیک زانیاری گرنگی ناردەوە بۆ سەر زەوی لەسەر ژینگەی ئەو مانگە، لە وێنەکانی کەشتی (یوجینز) دەرکەوت کە لەسەر ڕووی تایتان کۆمەڵێکی زۆر لە دەریاچەی شل هەیە و بەشەکەی تر وەکو زەوی بەردینیە، ئەم مانگە یەکەم تەنە لە کۆمەڵەی خۆر دەریاچەی تێدا بێت لە دوای گۆی زەوی، (یوجینز) نیشتنەوەی یەکەمین کەشتی بوو لەسەر هەسارەکانی بەشی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر کە دەکەونە پشت هەسارەی مەریخ (لە موشتەری تا دواترین هەسارە کە نیپتۆنە چونکە پلۆتۆ کراوە بە قەزەمە هەسارە و لە لیستی هەسارەکان دەرهێنراوە)، بەشەکەی تری کەشتیەکە (کاسینی) تاوەکو کارەکەی تەواو بوو بە دەوری مانگی (ئێنچلادەس) کە دووەم مانگی گرنگی زوحەلە و گەلێک زانیاری لەسەر ئەو مانگەش کۆکردەوە، بەڵام چوار مانگ بەر لە تەواو بوونی کارەکانی ناسا کەشتی (کاسینی) گواستەوە بۆ خولگەیەک بە دەوری زوحەل و دوایی لەسەر ئەو هەسارەیە خستیە خوارەوە.
ئەم هەنگاوەی ناسا لەبەر ئەوەیە چونکە دوای، هەسارەی زوحەل دووەم هەسارەیە بە قەبارە لە نێو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر و بە ئەڵقەکانی دەوری ناسراو و ٦٢ مانگی هەیە، بەڵام ناسا زۆر گرنگی بەو دوو مانگەی زوحەل دەدات (تایتان و ئێنچلادەس) لەبەر ئەوەی لەسەر ڕوو و لەژێر توێکڵەکەیان زەریا و دەریاچەی شڵ هەیە و بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ئەگەری بوونی جۆرێک لە ژیانی سەرەتای دەکرێت لە ژێر توێکڵی سەرەوەی مانگی (ئێنچلادەس)، هەروەها سەر ڕووی مانگی (تایتان)یش بە گونجاوترین شوێن دادەنرێت لە کۆمەڵەی خۆر دوای گۆی زەوی بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ لە داهاتوودا، بە پێچەوانەی هەسارەی زوحەل کە بە شێوەیەکی سەرەکی وەکو هەسارەی موشتەری و ئۆرانۆس و نیپتۆن لە گازی شلی میثان پێک دێت کە گازێکی ژەهراوییە.