شیعری گەر پەڕەی کۆن هەڵبەیتەوە

له‌لایه‌ن: - ڕەنج سەنگاوی - به‌روار: 2021-01-28-14:52:00 - کۆدی بابەت: 1735
شیعری گەر پەڕەی کۆن هەڵبەیتەوە

ناوه‌ڕۆك

گەر پەڕەی كۆن هەڵبەیتەوە

گەر پەڕەی کۆن ھەڵبەینەوە
چیی تێدایە جگە لە قین؟!
ھەناومان چیی تێدا ماوە
جگە لە ڕەشاو و برین..

ھاتووینە سەر سێ شارەدێ
لە حوکمی ڕۆژھەڵاتەوە،
لە پەرتووکی مێژووماندا
ھەروا قەتماغەی برینەو
برینێ ھەڵئەداتەوە
پادشایەک شک نابەم و
تاج بریسکە ئەداتەوە..

ئا لەم عەرشی کەلاوەدا
قەت ناسازێن میرەکانم
لە تاوانا ئەیچەقێنم لە چاوی خۆم 
تیرەکانم

شیعر بۆ کام لەت بنووسم 
بە کام لەت بڵێم نیشتیمان!
ھانا بۆ کام ڕابەر بەرم
بڵێم سایەت لەسەر سەرمان !

وای لە دڵدار !
ئەو دەمانەیشیعری نووسی بۆ وەتەن و 
سروودی وت بۆ میللەتێ
کوا ئەیزانی ڕۆژێ دادێ
خۆیشی ئەکەوێتە لەتێ..

چۆن بتوانم!
کەلاوەیەکی بێناز و 
دەفتەرێکی پڕ کارەسات
ئەویانم ناو بنێم مێژوو و
بەمی تریان بڵێم:  وڵات..

وەکو نالی، یا لە زووخاوی میرانم
بۆئەبەد سەرم ھەڵدەگرم،
یاوەک حاجی بە ئاواتی
یەکبوونی وانەوە: دەمرم..

خودایە بۆ میرانی من 
دڵی میرت پێ نەداون
شیری کام سەدەی کوشتارن
لە دڵمانا بەجێماون!؟

رەنج سەنگاوی


سەرچاوەکان



3900 بینین