خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیر کردنی بەردەوام بۆ مامۆستای سەرکەوتوو

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-05-20:16:00 - کۆدی بابەت: 2002
خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیر کردنی بەردەوام بۆ مامۆستای سەرکەوتوو

ناوه‌ڕۆك

خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیر کردنی بەردەوام بۆ مامۆستای سەرکەوتوو

بنیادنان و دروستکردنی کەسایەتی تاک کارێکی ئاسان نیە، بە تایبەتی بۆ مرۆڤێک کە پێکهاتەیەکی ورد و ئاڵۆزی هەیە، هەندێک جار بو بچووکترین شت کاریگەر دەبێت و کەسایەتی لەرزۆک دەبێت و دەڕوخێت، جاری وەهاش وەکو شاخێک ڕووبەڕووی سەخترین کێشەی ژیان دەبێتەوە و تێیدا خۆگر دەبێت و سەردەکەوێت. مرۆڤ شتێکی هەست و ۆز و عەتف و خۆشەویستییە، بەشێکی تری عەقل و ژیری و فکرە، هەر لەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بووە و خۆی ناسیوە، زانایان و بیرمەندان و فەیلەسوفەکان، لەسەر ئەم دوو لایەنەی مرۆڤیان نوسیوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجامداوە، قوتابخانە گەلێک دروستبوون، چەندین بیر و باوەڕی فەلسەفیان خستووەتە ڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا شەمەندەفەری لێکۆڵینەوەکان نەوەستاوە و بەردەوامە، بەو مانایەی لەگەڵ بوونی ئەو هەموو زانیاری و زانستە لەسەر پەروەردەی مرۆڤ بەڵام هێشتا مرۆڤەکان پێویستیان بە بیری نوێ و ڕێگای تر هەیە بۆ بنیادنانی کەسایەتی خۆیان.
ئەرکی مامۆستا ڕاستەوخۆ تێکەڵ بوونە لەگەڵ تاک، لە قۆناغێکیش کە هێشتا مرۆڤەکان مادەیەکی خامن و هەویرێکی نەشێلدراون. بۆیە پێویستە مامۆستا لە هەموو کەس ڕۆشنبیرتر و خوێنەر تر بێت، شارەزاییەکی باشی هەبێت و بە سەرجەم زانستەکان و زانستی (مرۆڤناسی) بە تایبەتی. لەگەڵ زانست و داهێنراوەکانی سەدەم بڕوات و لێی دانەبڕێت، بە مێژووی کۆن ئاشنا بێت و سودی لێوەربگرێت، خوێندندەوە بۆ مامۆستا وەک خواردن وایە بۆ جەستە، نەبوونی دووەمیان لەش لاواز دەکات، بەڵام یەکەمیان عەقڵ لاواز دەکات و ئاستی بیرکردنەوە و داهێنان تەسک دەکاتەوە.
جیاوازی مرۆڤ لەگەڵ دروست کراوەکانی تر بە تایبەتی لەگەڵ زیندەوەر و گیانلەبەرانی تر ئەوەیە، کە مرۆڤ خاوەن ژیر و عەقڵە. بە هۆی ئەم سیما تایبەتیەوە بووەتە گەورەی بوونەوەر و توانا و دەسەڵاتی هیە بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان لە بوونەوەردا. هەموو شتێک کە سیمای گەشە کردنی هەبێت پێویستی بە جۆرێک لە خواردن هەیە، خواردنی عەقلیش خوێندنەوەیە، هەر کاتێک خوێندنەوە هەبوو، بیر و هۆشی مرۆڤ گەشە دەکات و کارا دەبێت و زامینەیەکی لەبار دەرەخسێت بۆ فێر بوونی زانست و ئەنجام دانی داهێنانکاری، بەڵام بە پێجەوانەوە، نەخوێندنەوە مرۆڤ توشی بێتاقەتی و بێ توانایی لەبیرکردنەوە و رق لێبونەوە لە وەرگرتنی زانست دەکات و توانای داهێنان کاری لاواز دەکات، گەلێک جاریش کاریگەری لەسەر دەروونی تاک دروست دەکات و بە خوێندنەوەیەکی کەم توشی سەر ئێشەیەکی توندی دەکات. بۆیە یەکەم فەرمانێک خوای پەروەردگار لە قورئانی پیرۆز ئاراستەی مرۆڤەکان دەکات بریتیە لە خوێندنەوە (اقرا). هاتنەخوارەوەی ئەم ووشەەیە وەکو یەکەم وشەی قورئان، خۆی لە خۆیدا مانا و مەغزایەکی تایبەتی و فراوانی هەیە، کە پێویستە مرۆڤی ژیر هەڵوێستەیەکی قوڵی لەبەرامبەر بکات.
لێکۆلینەوە زانستیەکان دەریان خستووە، کە (٪٧٠)ی ئەو زانیاری و زانستانەی مرۆڤ فێریان دەبێت، لە ڕێگای خوێندنەوەیە، بەشەکەی تری لە رێگای بیرکردنەوە و پرسیار کردن و گوێگرتنەوە و تاقیکارییەوە فێردەبێت. لە ڕێگای راپرسیشەوە ئەوە سەلماوە، کە مرۆڤەکان ئەوەندەی لە ڕێگای خوێندنەوە فێر دەبن، زۆر زیاترە لەوەی کە لە قوتابخانە فێری دەبێت. 


سەرچاوەکان



1786 بینین