وشەسازی چییە و تایبەتمەندییەكانی چین

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-19-13:49:00 - کۆدی بابەت: 2382
وشەسازی چییە و تایبەتمەندییەكانی چین

ناوه‌ڕۆك

وشەسازی

وشەسازی لقێکی ڕێزمانە و یەکێکە لە لێکۆلینەوە زمانەوانیە وەسفییەکان و لەگەڵ پەیدابوونی قوتابخانەی رۆنانکاری سەریهەڵدا، وشەسازی بەشێک لە توانستە زمانییەکان پێکدێنێت لە پاڵ زانستەکانی تر و لقێکە لە ڕێزمان و ئەو زانستەیە لە پێکهاتنی ناوەوەی وشە و پولێنکردنی مۆرفیمەکان و دەستنیشان کردنی پێکهاتە و ئەرکی دەکۆڵێتەوە، لەگەڵ ئەو یاسایانەی وشەی پێ دروست دەکرێت، دواتریش ڕێزکردن و ئەو گۆڕانکاریانەی بە هۆی ڕێزکردنەوە دێتە ئاراوە،لەم زانستەدا جەخت لە سەر ڕواڵەتی مۆرف و وشە دەکرێت.

بۆ لێکۆلینەوە وشەسازییەکان تاکو ئێستا چوار ڕێباز لە ئارادایە :

  1. شیکرنەوەی وشەسازی پشت بەستوو بە برگەی وشە .
  2. شیکرنەوەی وشەسازی پشت بەستوو بە ڕەگ و پێوانە  .
  3. شیکرنەوەی وشەسازی پشت بەستوو بە قەد .
  4. بەکارهێنانی قەد و دەستوورە وشەسازی و رستەسازییەکان و تایبەتمەندی وشە.

وشەسازی بە کات دوو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت:

  1. یەكەمیان باس لە ئێستای وشەکە دەکات لە ڕووی ئەرک و پێکهاتنەوە.
  2. دووەمیان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی لە دایکبوون گۆڕان و بەکار‌هێنانی وشەکە.

ئەركی وشەسازی

ئەركەكانی وشەسازی ئەمانەن:

  1. دەستنیشانکردنی کەرەستە خاوەکان، واتە پێکهاتەکانی وشەسازی.
  2. چۆنێتی ریزبوونی مۆرفەکان و لە سنووری رستە و گرێ.
  3. دەست نیشانکردنی مۆڕفەکان ، واتە بەستنەوەی فنتۆلۆجی بە وشەسازی.

زمانی كوردی بەپێی مرۆفیم

زمانی کوردی نەبەتەواوی نووساوە و نا بە تەواوی تێکچڕژاوە ، بەڵکو لە نێوان نووساو تێکچڕژاو دایە، هەروەک لەم روونکردنەوانەی دابەشکردنی زمانەکان بە دیاردەکەوێت :

زمانە دابڕاوەکان 

ئەم جۆرە زمانانە ژمارەی وشە و مۆرفیم بەرامبەرە، واتە هەر وشەیەک لە مۆرفیم پێکدێت، مۆرفیمەکانیان وشەی سەربەخۆ دابڕاون، گیرەکی ڕێزمانیان یان نییە یان کەمە، زمانی ژاپۆنی و چینی و ڤیتنامی باشترین نموونەی ئەم جۆرە زمانانەن. هەندێ لەم زمانانە دابراوی تەواوی نین، وەک زمانی ئینگلیزی کە تەنها (٧) گیرەکی ڕێزمانی هەیە .

The man is speaking English

 (ing) گیرەکی ڕێزمانییە .

زمانە نووساوەکان

بە پێی رۆنان و تایبەتی وشە مۆرفییەکانی دیاری دەکرێت، خاوەنی وشەی چەند مۆرفیمین و ژمارەی مۆرف یەکسانە بە ژمارەی مۆرفیم، کە مۆرفیمەکان دەخرێنە سەریەک تا رادەیەک کاریگەری فۆنەتیکی لە رەگ ناکات، وەک:

رۆیشت: (رۆ + یش +ت +.).

          : (رەگ + ≠ + کاتی رابردوو + کەس)

زمانی کوردی نووساوێکی تەواو نییە > تورکی باشترین نموونەی ئەم جۆرەن وەک:

  (El+ ler+ im+de ) :Ellerimde 

              : (لە + م + کۆ دەست ) : لە دەستەکانم

زمانە تێكڕژاوەکان

وشەکانی درێژ و ناسادەن و لە شێوەی ڕستەدان کە بریتین لە فرمان و رەگی فرمان، زمانی کوردی نموونەی لەم جۆرەی هەیە وەک:

هات : هەر  وشەیە و هەم ڕستە : (ها+ ت + 0)

                                         :( رەگ + کات + کەس)

دەتانبینمەوە؛ (دە +تان +بین + م+ەوە)

                 : (بەردەوامی +بەرکار+رەگ+ بکەر +دووبارەبوونەوە).

زمانە ئەرکییەکان 

ئەو زمانانەن کە ناوگریان زۆرە و کە لە زمانی کوردیدا نییە ، وشەکانی ئەم زمانە ناسادە و درێژن و ئەرکە ڕێزمانییەکانیان بە هۆی ناوگرەوە دەبێت کە رەگ دەسمێت، عەرەبی و عیبری باشترین نموونەی ئەم جۆرە زمانەن.

زمانە ناوگرییەکان

لەم جۆرەی زمان پەنا دەبرێتە بە ئەدگارەکانی وشە ، وشە پەیوەندییە وشەسازییەکان جێ بەجێ دەکات و وشەکان زیاتر لە مۆرفیمێکن، لاتینی و گریکی نموونەی ئەم جۆرە زمانەن.

وشەسازی و زانستەكانی تر

زانستی زمان زانستێکی تێکچڕژاوە، بەمەش وشەسازی تێکچڕژانی لە گەڵ زانستەکانی تری ناوەی زمان و دەرەوەی زمان دەبێت، زمان پێکدێت لە روخسار و ناوەرۆک

لایەنی روخسار (فۆنۆلۆجی و وشەسازی و رستەسازی دەگرێتەوە ، لایەنی ناوەرۆکیش زانستەکانی وەک سیمانتیک و پراگماتیک و لێکسیکۆلۆجی دەگرێتەوە،

بەمەش وشەسازی دەکەوێتە هەردوو بازنە ، لە رێگای زانستی لێکسیکۆلۆجی و شێواز

وشەسازی و لێکسیکۆلۆجی

وشە دانەیەکی هاوبەشی وشەسازی و لێکسیکۆلۆجییە، هەردووکیان گرنگی بە وشە دەدەن و لێی دەکۆڵنەوە ، بەڵام سنووری لێکۆلینەوەیان جیایە .وشەسازی زانستیکە لە شێوەی وشە و پێکهاتی ناوەوەی دەکۆڵێتەوە، بەڵآم لێکسیکۆلۆجی

لە واتاو گەشەو گۆڕانی دەکۆڵیتەوە، لێرەدا دەتوانین بڵێین وشەسازی گرنگی بە ڕووخسار دەدات، بەڵام لێکسیکۆلۆجی گرنگی بە ناوەڕۆک(واتا)  دەدات

وشەسازی و شێواز

شێواز بریتییە لە  هەڵبژاردنی وشە لە نێو وشەکان، ئەم هەڵبژاردنەش ئاخێوەر یان نووسەر پێی هەڵدەستێت ، کە هەڵگری چەند سیمایەکی دیاریکراوە ، شێواز زانستێکە گرنگی بە لایەنی رووخسار و ناوەرۆک دەدات، لایەنی وشەسازی جۆرێکە لە ڕوخساری زمان ،کەواتە پەیوەندی هەیە لە نێوان وشەسازی و شێواز،ئەگەر شێواز وەک هەڵبژاردن و لادان و دارشتن سێر بکەین هەروەک زۆربەی شێوازگەرە نۆێیەکان وای بۆ دەچن، ئەوا هەموو هەڵبژاردەنەکانی زمان شێوازن و هەریەکەیان ئەرکێک یان زیاتری هەیە،بەم پێیە دەتوانین پێناسەی شێواز بە شێوەیەکی فراوان بکەین و بڵێین :شێواز کۆمەڵە ئەرکی شێوازی زمانی هەڵبژێردراوە  لە کۆگای ڕێزمانی و فەرهەنگی و دەنگی و شێوەی زمان بە گشتی . لە شێوازدا وشەکان بە شێوەیەک دادەڕیژڕێن کە گونجاو بێت بۆ دەربڕین وەک:

-کوێر : نابینا

-سەقەت: کەم ئەندام

-درۆ: ناراست

وشەسازی و فۆنۆلۆجی

پەیوەندی وشەسازی و فۆنۆلۆجی زۆر بەتینە ، چونکە مۆرفیم بەهۆی چەند فۆنیمێکەوە دەنوێنرێت، بە پێچەوانەشەوە فۆنیمێک یان چەند فۆنیمێک مۆرفیم دەنوێنن ، جگە لەمەش دیاریدەی مۆرفۆفۆنیم پەیوەندییەکی هاوبەشە لە نێوان وشەسازی و فۆنۆلۆجی ،چونکە زۆر مۆرفیمان هەیە کە لە شێوەی یەک فۆنیمن،

ئەم فۆنیمانە لە ئاستی وشەسازی دا مۆرفیم دەنوێنن و پێی دەگوترێت مۆرفۆفۆنیم ، وەک زۆربەی مۆرفیمەکانی کات و راناوە لکاوەکان بۆ نموونە :

  • من هاتـ م
  • تۆ هاتـ ی

(م .ی ) هەم فۆنیمن لە ئاستی دەنگسازی و هەم مۆرفیمە لە ئاستی وشەسازی ، ئەمەش پەیوەندییەکی تری نێوان وشەسازی و فۆنۆلۆجییە، سەرەرای ئەمانەش لە گەڵ لێکدانی مۆرفیمەکان لە سنووری لێکدراو و داڕێژراو و گرێ زۆر لە گۆڕانە فۆنۆلۆجییەکان روودەدەن وەک : تووانەوە و دەرکەوتنی دەنگ و گۆرانی دەنگ ...هتد

وشەسازی و رستەسازی

مۆرفیم دەورێکی سینتاکسی هەیە ، کە لە ڕۆنانی ڕێزمانی گەورەتر وەک : وشە و گری و ڕستەدا دووبارە دەبێتەوە بەشدای پێکهاتنیان دەکات بۆ دوو ئەرک:

  • ئەرکی گشتی : ئەرکی ئەرێ و نەرێ و مەرج .... هتد دەگرێتەوە.
  • ئەرکی تایبەتی : ئەرکی بکەر و بەرکاری ..... هتد دەگرێتەوە.

ئەم پەیوەندیەی وشەسازی بە سینتاکسەوە دیاردەی مۆرفۆسینتاکسی هێنایە ئاراوە،کە ئاماژە بۆ ڕۆڵی سینتاکسی مۆرفیم دەکات وەک: پیاو +ەکە= پیاوەکە، (ەکە)ئ مۆرفۆسینتاکسە و ئەرکی ناساندن دەبینیت.

وشە وەک پردێک وایە  دەنگسازی و ڕستەسازی بەیەکەوە گرێ دەدات ، رستە لە وشە پێکدێت و زۆر لە پێناسەکانی رستە ئاماژە بۆ ئەو راستییە دەکەن وەک:

-رستە ئەو ئاخاوتنەیە کەلە دوو وشە یان پتر پەیدا دەبێت مەبەستێک بەدەستەوە دەدات

- کۆمەلە وشەیەکە کە بە شێوەیەکی تایبەت ریز دەکرێت و هەموو پێکەوە واتایەکی تەواو دەبەخشن .

وشە پێکهاتنی ناوەوەی رستەیە ، ئەگەر هەر رستەیەک شیبکەیتەوە بۆ پێکهێنەرەکانی ئەوا دەبینین وشە پێکهێنەرییەتی وەک ؛

ئازاد+ نان + دەخوات

بکەر+بەرکار+کار

وشەکان لە رستەدا بە پێی سیستەمێک ڕیز دەبن و گۆڕان لەم ریزکردنە گۆران لە واتا و ئەرکی ڕێزمان دەکات و شوێنی هەر وشەیەکیش دیاریکراوە لە رستە بۆ نموونە (ناو) دەشێ (بکەر) یان ( بەرکار) (تەواوکەر) ... هتد . بێت و (ئاوەڵناو) دوای ناو دێت .... هتد .زۆر دیاردە هەن لە بەر ڕێزمانی گۆڕان لە مۆرفیمەکان روو دەدات وەک گۆرینی رەگ لە ئەنجامی گۆڕینی کات لە رابردوو و رانەبردوو

وشەسازی و واتاسازی

یەکێ لە لایەنەکانی وشە واتایە بەو پێیەی وشە فۆرمێکی زمانە و واتا ناوڕۆکییەتی و بە هەردووکیان هێما دروست دەکەن ، بە واتایەکی تر وشە بێ واتا نابێتە هێما ، مۆرفیم بەوە پێناسە دەکرێت کە بچووکترین دانەی واتاداری زمانە و هەر گۆڕانێک لە پێکهاتەی وشەکان بکرێت ئەوا کاریگەری بەسەر واتاوە هەیە، بۆ نموونە واتەی وشەی ( گوڵ ) جیایە لە وشەی ( گوڵان ) ئەمەش لەمەوە هاتووە کە فۆرمەکان زیادبوونە جا هەر گۆڕانکارییەک فۆرم رووبدات گۆران بە سەر واتاکەیدا دێنێت وەک ؛

  • گوڵ +ەک+ان = گوڵەکان.

لێرەدا واتای گوڵ گۆڕانکاری بەسەرهاتووە بۆتە گوڵێکی ناسراوی كۆ.

وشەکان لە ناو رستەدا بە پێی واتا یەکتر هەڵدەبژێرن بۆ نموونە کاری ( بینین ) لە گەڵ ( ناوی بەرجەستە ) بەکاردێت، بەڵام لە گەل ناوی واتایی بەکار نایەت وەک :

  • دارەکەم بینی.
  • تاریکیم بینی؟

پەیوەندییەکی تری وشەسازی بە واتاسازییەوە بواری واتایە ، وشە یەکەیەکی پتەوە و بۆ هەڵوەشاندنەوە و ترازاندن نابێت و باوەری وایە واتای وشە لە رێگای ئەو پەیوەندیانەوە دێت ، کە وشەکە لە گەڵ وشەکانی تری زمان هەیەتی کە پێی دەوترێت Morpho-Semantic fields  وشەکان لە کاتی لێکدانیان لە سنووری رستە بەشێک لە واتاکەی خۆی ون دەکات و بەشێک لە واتا لە دوورووبەرە زمانییەکە، واتە واتا لە وشەکانی پێشتر و پاشتر وەردەگیرێت وەک :

  • پارەیەکی باش (باش) بە واتای زۆر دێت.
  • قوتابییەکی باش (باش) بە واتای زیرەک دێت.

سەرەرای ئەمانەش هەر مۆرفێک بخرێتە سەر وشەیەک یان مۆرفێکی سەربەخۆ یان لێی بکەینەوە ئەوا گۆران لە واتا روودەدات وەک :

نا+ پاک = ناپاک

نا + ڕاست = ناڕاست (درۆ). ئەگەر (نا) لە ناراست بکرێتەوە دەبێتە پێچەوانەی (درۆ).

لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین زمان ( فۆرم) و (واتا) بە یەکەوە گرێدەدات و وشەسازی (دەنگ) و (رستە) لە پەیوەندیەکی هەرەمیدا

مۆرفیم و وشە

پێناسەی وشە

وشە جگە لە تایبەتمەندی دەنگی و ڕێزمانی و شێوازی و هونەری و گەیاندنیشی هەیە ، وشە لای وەسفییەکان بە مۆرفیم بەستراوەتەوە پێی وایە مۆرفێکە یان زیاتر ، لای رۆنانکارەکان بریتییە لە یەکەیەکی رستەسازی و هەردوو لاکەی وشە نە وەستان گیراوە، جگە لەمانە زمانەوانەکان پێناسەی جۆراو جۆریان بۆ وشە کردووە وەک :

  • بلۆمفێلد Bloom field : وشە بچووکترین پێکهاتەی واتادارە.
  • ماثیسیوس Mathesius : بچووکترین یەکەی دەنگی بە یەکدا هاتوووە و پەیوەندی بە یەکترەوە نییە .
  • ترنکا Trnka : یەکەیەکە دەتوانین لە ڕێگای فۆنیمێکەوە درکی پێبکەین و ئەرکێکی واتایی Seminatic هەیە .
  • ستیڤن ئۆلمان؛ بچووکترین دانەی سەربەخۆی واتادارە.
  • وشە پێکهاتەی بچووکی ڕێزمانە.
  • وشە بچووکترین دانەیە لە شیکردنەوەی ڕێزمان .
  • وشە یەکەیەکی بچووکی ڕێزمانە.
  • وشە بچووکترین دانەی ڕێزمانە کە هەڵگری واتە بێت.
  • وشە بچووکترین زنجیرەی دەنگی واتادارە.

پێوەرەكانی وشە

وشە چەند پێوەرێکی هەیە بریتین لە :

١-پێوەری واتایی: وشە واتادارە و لە سەر ئەم بنچینەیەش فەرهەنگ دروستبووە.

٢-پێوەری شێوە: وشە پێکهاتەیەکی دەنگی هەیە و لە کۆمەڵە فۆنیم پێکهاتووە پارێزگاری لە شێوە وجێگیری خۆی دەکات و  کە دەچێتە سەر ڕستەکەش کاریگەری دەکاتە سەر وشەکانی تر و کاریگەریشی دەکەوێتە سەر.

٣-پێوانەی سیانە کە وشە پێکهاتووە لە دەنگ و واتا و ئەرک.

٤-پێوەری ڕێنووسی : وشە بەم پێوەرە زنجیرە پیتێکی دیاریکراوە ، لە نووسیندا ئەم پێوەرە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی وشە ، چوونکە زۆرجار قوتدانی دەنگ دێتە ئاراوە .

٥-پێوەری وەستاندی ئەگەری: وشە هەردوو لای بە وەستان دیاریدەکرێت دەشتواندرێت وەستان بکەین لە نێوان ئەم زنجیرە دەنگانە بە تایبەتی لێکدراوەکان وەک: سەرسپی،مەلاژن.

٦-پێوەری سەربەخۆ :سەربەخۆی وشە دەکاتە پێوەر واتە پەیوەندی بە یەکەکانی ترەوە نییە،هەر وەک بلۆمفێڵد دەڵێت؛بچووکترین پێکهاتەی ئازادە ، بەمەش راناوەکان یان مۆرفیمە یەک پیتییەکان بە وشە داناندرێت ، چوونکە لکاون .

٧-پێوانەی فۆنۆلۆجی: لە هەندێ زماندا بە پێوانەی فۆنۆلۆجی وشە دەستنیشان دەکرێت،بۆ نموونە زمان هەیە هێز دەکەوێتە دوا برگەی وشەوە، وەک: (نووستن) ئەگەر هێز لە سەر دوا برگە بێت (چاوگە) و وشەیە و ئەگەر لە سەرەتا بێت رستەیە ، بەڵام ناویزە زۆرە لە زمانی کوردیدا بۆ نموونە لە وشەکانی : بەڵام ، چوونکە ... هتد . هێز لە سەرەتایە . زمانی تورکی و هەنگاری بە سیستەمی  Vowel Harmony  لەم جۆرە زمانانەدا ڤاوڵی رەگ چ جۆر بێت پیشگر و پاشگریش بۆ سەر هەمان جۆر دائەنوێنن ،واتە گۆرینی شێوەی  ڤاوڵ گوێزانەوەیە لە وشەیەک بۆ وشەیەکی تر، بەمەش ناوێزەی زۆری تێدەکەوێت .هەموو ئەم پێوەرانە ناتوانن سنووری وشە بە تەواوی دیاریبکەن بۆیە پەنایان  بردە بە دانەیەکی وردتر کە مۆرفیمە .

بەكارهێنانی وشە

وشە لە رووی بەکارهێنانەوە دەبێتە سێ جۆر؛

-وشەی دەنگی : ئەو یەکەیە لە فۆنتیم پێکهاتووە بۆ نموونە وشەی (چاوان) پێکهاتووە لە فۆنتیمەکانی ( چ،ا،و،ا،ن)

-وشەی ڕێزمانی : پەیوەستە بە وێنەی دەنگی واتە وشەی فۆنۆلۆجی لە رستەدا وەک: (گەستن) لە ڕانەبردوو دەبێ بە (دەگەزم) .

-وشەی لێکسیکی: وشەیەکی ئەبستراکە و شێوەی جیاجیا وەردەگرێت بە گوێرەی گەردانکردنی وەک، نووست شێوەی تر وەردەگرێت (نووستم ، دەنووسێت،بنوو ... هتد)

جیاوازی نێوان وشە و مۆرفیم

مۆرفیم بۆی هەیە وشەیەک بێت و وشەش بۆی هەیە مۆرفیمیک یان زیاتر بێت، ئاشکرایە کە مۆرفیم بچووکترین پارچەی وشەی واتادارە، لێرەدا دەتوانین بڵێین هەموو وشەیەکی سادە مۆرفیمە، بەڵام هەموو مۆرفیمێک وشە نییە، چوونکە مۆرفیمە بەندەکان ناچنە خانەی وشە بەم پێیە پەیوەندی هەیە لە نێوان وشە و مۆرفیم، بە هەمان شێوەش جیاوازی هەیە:

-مۆرفیم کەرت ناکرێت، بەڵام وشە کەرت دەکڕێت.

-هەموو مۆرفیمێک وشە نییە، تەنها مۆرفیمە سەربەخۆکان وشەن.

-هەموو وشەیەک بەرامبەر یەک مۆرفیم نییە. وشە هەیە لە چەند مۆرفیمێک پێکهاتووە.


سەرچاوەکان

683 بینین