ناوهڕۆك
سەرەتا
ئایا براوەکان مێژوو دەنووسن؟ (بە عەرەبی؛ هل يكتب الفائزون التاريخ؟، بە ئینگلیزی؛ Are winners write history?) زۆرجار کاتێک بابەتێکی مێژوویی لە بارەی ڕووداوێک، کەسێک، دەخوێنینەوە زۆر جار هەست بەوە دەکەین ئەم بابەتە لە بەرژەوەندی لایەنی زاڵ یان براوە نووسراوە، بۆ نموونە جەنگەکان و شۆڕشەکان و پارتە سیاسی و ڕزگاری خوازەکان زۆر جار ئەمەی تێدا بەدی دەکرێت، هەر ئەمەش وای کردووە خوێنەران باوەڕ بە نووسراوێک نەکەن کە مێژوویەکی دووری بەسەردا ڕۆیشتبێت و نووسرابێت، واتا بەشێک لە خوێنەران دەڵێن تەنها باوەڕ بەو نووسراوانە دەکەین کە خۆمان بە چاوەکانمان بینیومانە نەوەک ئەو نووسراوانەی لە سەردەمی ژیانی ئێمەدا نەبوون.
نووسینی مێژوو
کاتێک بابەتی مێژوویی دەنووسرێت دەبێت پشت بەستوو بێت بە بەڵگەی نووسراو، واتا بەڵگەی گوتراو نابێتە بەڵگە وەک بڵێی فڵان وای وت یان وا دەڵێت. دەبێت بەڵگەی تۆمارکراو و نووسراو هەبێت بۆ هەر ناونیشانێک کە مێژوونووس دەیەوێت بنووسێت لە بارەیەوه.
خاڵێکی تر، دەبێت لە نووسینی بابەتی مێژووییدا پشت بەو بەڵگانە ببەسترێت کە لە ناو جەرگەی ڕووداوەکان نووسراوە یان لێیەوە نزیکە بۆ نموونە، مێژووی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی ئەوانە باوەڕپێکراوترن کە ڕاستەوخۆ دوای جەنگ نووسراون بە ساڵێک یان دوو ساڵ چونکە نووسەر خۆی ڕووداوەکانی بینیوە.
کاتێک نووسەر کتێبێکی مێژوویی دەنووسێت دەبێت هەردوو بەڵگەی پشتگیریکەر (هاندەر) و دژ وەربگرێت و بەراوردیان بکات بەڵام لەسەر بنەمای بۆچوونی دوو کەس نا بەڵکو بۆ هەر بەرەیەک دەبێت نزیک بە سەدان بابەتی هاوپەیوەند بۆ ئەو کەیسە بەراورد بکات بۆ نموونە لەسەر سەرکردەیەکی دیکتاتۆر تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی کردووە دەبێت نووسەر لە هۆکارەکان بکۆڵێتەوە بێگومان کەسانێک هەن هانی دیکتاتۆرەکە دەدەن بۆ ئەو تاوانە و هەندێکیش هەن دژی دەەستنەوە. دەبێت شرۆڤەی ئەو خاڵانە بکرێت لە چ ڕوانگەیەک هانی دەدات و دژی دەوەستێت.
ئایا مێژوو لە بەرژەوەندی براوەکان دەنووسرێت؟
لە سەردەمەکانی ڕابردوودا کە جیاوازی چینایەتی هەبوو تەنانەت لە ناوخۆی وڵاتێکدا کە کتێبێکی مێژوویی دەنووسرا ڕاستییەکان وەک خۆی نەدەگەیەنرا بە خوێنەر، بەڵکو چەواشەکاری دەکرا. بەتایبەتی سەدەکانی ناوەڕاست کە جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژاوادا لە لوتکەدا بوو کاتێک چالاکییەک دەکرا و بەهۆی گرنگییەەوە دەکرا بە کتێب نووسەر لە ژێر کاریگەری لایەنێکی سیاسی یان دەسەڵات یان بۆچوونێک و ڕەوتێک کتێبەکەی دەنووسی. واتا بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەر ڕەوتێک و ڕووداوێک نووسەرەکان دابەش ببوون هەر کەسێک و پشتگیری لە گەورەکەی خۆی دەکرد لە نووسینەکانیدا.
بەڵام کاتێک سەردەمی ڕیفۆرم لە بەڕیتانیادا دەستی پێ کرد بە شێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ڕۆژاوادا نەما هەموو نووسەرێک ئازادی تەواوی پێ درا کە چۆن دەیەوێت بنووسێت. بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەی کەوا حووکمی تاک حزبی سیاسی و بۆچوونێکی سەپێنراوی سیاسی ئەمانە هێشتا ئەو ئازادییەیان فەراهەم نەکردووە بۆ نووسەران تا بەوەی دەیانەوێت مێژوو بنووسنەوە.
دەرئەنجام
وەک دەردەکەوێت زۆرجار بەرهەمێکی نووسەرێک لە بواری مێژوو دەبینین کەوا بە لایەنگرانە یان فەرامۆشکردنی هەندێک ڕەهەند دەنووسێت، نموونە نووسەرێک وەسفی پارتی سۆشیالیستی سۆڤێت دەکات چونکە ئازادی تەواوی نەبووە لەو سەردەمەدا ناچاربووە وەسفی سەرکردەکان و پارتەکەی بکات بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا ئەوە نەماوە هیچ کەس لەسەر نووسینەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت ئەگەر دژی بەها و نەریتەکانی کۆمەڵگەش بێت.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەو مێژوونووسانەی لە ڕابردوودا تا سەردەمی چاکسازی لە بەڕیتانیادا ئازادنەبوون یان دژ بوون یان لایەنگر بوون هیچ نووسەرێک نەیتوانیوە شرۆڤەی خۆی بە ڕەوانی بنووسێت، نموونەی زیندوو (ستیڤن کراین) کە لە بارەی باج سوورەکان کتێبێکی نووسیوە کە یەکەیەک بوون لە هەژار و جووتیارانی سوپای شۆڕشی ئەمریکا. نووسەر لەم کتێبەدا چونکە لایەنگری شۆڕشی ئەمریکا بووە و دژی ئیمپریلیزمی بەڕیتانی بووە بە هیچ شێوەیەک بە وشەیەکیش لە بارەی هێز و توانا سەربازییەکانی بەڕیتانیا نادوێت، ئەمەش هەمان ئەو بۆچوونەیە لای خوێنەران هەیە کەوا مێژوو لە بارەی براوەکان دەنووسرێت نەوەک دۆڕاوەکان.