ڕۆمانی تاوان و سزا

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-03-04-20:41:00 - کۆدی بابەت: 2936
ڕۆمانی تاوان و سزا

ناوه‌ڕۆك

ناسنامەى کتێب

نـــاوی كتێب: تاوان و سزا
نـــووســــــەر: فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستۆیڤسكی
بابەت: ئەدەبیاتى ڕووسی – سەدەی 19ى میلادى
ژانــــر: ڕۆمان
وەرگــێڕانی: كەیوان هەورامی
پێداچوونەوە: عیسا عوسمان 
دیزاینى بەرگ: عیسا عوسمان
دیزاینى دەق: ئارام مەلا محمەد
پەخــشانـــگە: ناوەندى ڕۆشنبیریی ئەدیبان

پێشەكی

(تاوان و سزا) ڕۆمانێکی نووسەری ڕووسی (فیۆدۆر دۆستۆفسکییە) بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری ئەدەبیدا لەساڵی ١٨٦٦ بڵاو کرایە . تاوان و سزا بە یەکەم ڕۆمانی گەورەی سەردەمی نووسینی "پێگەیشتوو"ی خۆی دادەنرێن . ڕۆمانەکە زۆرجار بەیەکێک لەدەستکەوتە باڵاکانی ئەدەب ناودەبرێت .

ڕۆمانەكە باس لەكوڕێكی گەنج دەكات بەناوی (ڕاسكۆڵینكۆف) كە خوێندكاری بەشی یاسایە و لە ژورێكی بچوك بەكرێ دەمێنێتەوە كە ڕۆژانە خاوەن شوقەكە بێزار بووە بەھۆی نەدانی كرێی ژورەكەوە، باری دارایی زۆر زۆر خراپە و كەسێكی نامۆ و گۆشەگیر و دژە کۆمەڵایەتییە، لە شارەكەیدا ژنێكی پیری دەوڵەمەند ھەیە كە ڕۆژانە ڕاسكۆڵینكۆف ورد ورد چاودێری ئەكات تا لەڕێگایەكەوە خۆی لێی نزیك بكاتەوە تا بیكوژێت و سامانی ئەم دەڵاڵە پیرە بۆخۆی ببات.
دایك و خوشكەكەی ڕاسكۆڵینكۆف لەشارێكی تر دەژین و ڕۆژێك نامەیەكی پێدەگات كە خوشكەكەی (دونیا) شوی بە پیاوێكی پیری دەوڵەمەند كردووە بەھۆی ھەژارییەوە و بۆ ئەوەی بتوانێ مەسروفی براكەی بكات كە ڕاسكۆڵینكۆفە. ئەمەش زۆر كاری لێ ئەكات و نیگەرانی ئەكات. ڕۆژانە ڕاسكۆلینكۆف سەردانی مەیخانە دەكات بۆ چاودێری كردنی پیرە دەڵاڵەكە و لەوێ ئاشنای پیاوێك دەبێت بەناوی (سێمیۆن) كە بەم زوانە ھەموو ماڵ و سامانەكەی لە قوماردا دۆڕاندووە و ئێستاش (سۆنیا)ی كچی بوەتە لەشفرۆش بۆدابین كردنی بژێوی ڕۆژانە، چیرۆكەكە زۆر دوورودرێژە و ھەوڵەدەم لێرەدا تەنیا ڕوداوە گرنگ و سەرەكیەكانی چیرۆكەكە بخەمە ڕوو.
 

بەشێك لە كتێبەكە

ڕاسکۆلنیکۆڤ لە قوربانیکردنی خوشکەکەی تووڕەیە، هەست دەکات هەمان ئەو شتەیە کە سۆنیا ھەستی پێكردوەو بەناچارییەوە ئەنجامی داوە، بە ئازارەوە ئاگاداری هەژاری و بێدەرەتانەتی خۆی دەبێت و دەگەڕێتەوە سەر بیرۆكەكەی سەرەتای كە كوشتنی پیرە دەڵاڵەكەیە بۆیە تەورێك دەبات و دەچێتە ماڵی پیرە دەڵاڵەكەو دەیكوژێ بێ ئاگا لەوەی لەوماڵەدا خوشكە بچوكەكەی پیرە دەڵاڵەكەش دەژی.. لەكاتی كوشتنەكەدا خوشكە بچوكەكەی بەسەر ڕوداوەكەدا دێت و ڕاسكۆڵینكۆف ناچار ئەویش دەكوژێت و لەكاتی ڕاكردنیدا تەنھا جزدانەكە و مشتێك كاڵای بچوك دەدزێ و ھەمو سامانو ئاڵتونەكانی تری پیرەدەڵاڵەكە بەدەست لێ نەدراوی بەجێ دەھێلێت و دەگەڕێتەوە ژورەكەی، دواتر لەناوەوە زۆر دەڕوخێت و توشی ئازارێكی زۆری دەرونی و ویژدانی دەبێت، بەڵام ڕاسكۆلینكۆف خۆی پۆلیس لەڕوداوەكە ئاگادار دەكاتەوەو تەنانەت دەشیانباتە شوێنی ڕوداوەكە بەبێ ئەوەی ھیچ شتێك بدركێنێ، ڕۆژێك لەبەردەم ڕاسكۆلینكۆفدا باوكی سۆنیا بەڕوداوی گالیسكە دەمرێت و لەكاتی بردنەوەی تەرمەكەی بۆ ماڵەوە ڕاسكۆڵینكۆف ئاشقی سۆنیا دەبێت.
پاشان لێكۆڵینەوە لە كوشتنی پیرەدەڵاڵەكە دەستی پێكردو پۆلیسەكان بەردەوام پێزانینان بۆ ھاوكارییەكانی ڕاسكۆڵینكۆف ھەبوو لە لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە.
دواتر شتەكان بەجۆرێك دەرچون كە تاوانەكە خراییە ئەستۆی سۆنیا و بەدرێژایی لێكۆڵینەوەكان ڕاسكۆڵینكۆف توشی ئازارێكی زۆری ویژدانی بوبو بەردەوام لەناو بیركردنەوەدا دەژیا لەبارەی ڕوداوەكە دەربارەی تاوانەكەی زۆرینەی كاتەكانی بە خواردنەوە بەسەر دەبرد بۆ خۆدزینەوە لە تاوانەكەی.
بەھۆی ئەوەی ڕاسكۆلیینكۆف پۆلیسی لە ڕوداوەكە ئاگادار كردبویەوەئیتر بەردەوام ناچار بوو ھاتوچۆی بنكەی پۆلیس بكات بەجۆرێك كە بوبوە ھاوڕێی ئەفسەرەكە، بەڵام بیردنەوە بەتەواوی ژیانی تێكدابو ھەتا ڕۆژێك ھەمو ڕوداوەكانی بۆ سۆنیا باسكردو بڕیاری دا خۆی بەدەستەوە بدات وە سۆنیا زۆر پشتگیری كرد و ھاوكاری بوو لەكاتێكدا ئەوان پەیوەندی سۆزداری لەنێوانیاندا دروست ببو ھەر ئەو خۆشەویستیە ھۆكارێكی گەورەبو كە خۆی بەدەستەوە بدات.
دواتر خۆی بەدەستەوە دەدات بەھۆی ئەوەی خۆی خۆی بەدەستەوە داوە تەنھا ٨ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا دواتر بڕیاری گواستنەوەی زیندانەكە درا بۆ سیبریا و سۆنیاش دوای دەكەوێت بۆ سیبریا و خۆشەویستی سۆنیا وایلێدەكات بە ئومێدەوە بەرگەی زیندانی كردنەكە بگرێت و بەئومێدەوە بیر لە كاتی ئازادكردنی بكاتەوە كە گەشتنە بە سۆنیا،ھەر لەو ماوەیەشد دایكی ڕاسكۆڵینكۆف نەخۆش دەكەوێت دەمرێت.
لە ڕۆمانەكە زۆر بە دوور و درێژی و بە وردی باسی چۆنیەتی ڕودانی ئەم ڕوداوانە دەكات و چەند مەبەست و بیرۆكەیەكی گرنگ كۆدەكاتەوە لە خۆیدا :
دۆستۆیۆڤسکی لەم کتێبەدا کە بە یەکەم ڕۆمانی هەست بزوێنی سایکۆلۆژی دادەنرێ وردەکاری و ناشرینی ژێرەوەی کۆمەڵگای ڕووسیای ئەو سەردەمە دەخاتە ڕوو، لە زیندانی بچوک و تاریک بۆ کەسانێک کە بە هۆی خواردنەوە کحولییەکان خێزانەکانیان خستۆتە ژێر باری قەرزەوە،

نامۆبوون لە کۆمەڵگا

نامۆبوون بابەتی سەرەکی (تاوان و سزا)یە ،سەرەتا شانازی كردنی ڕاسکۆلنیکۆڤ لە کۆمەڵگای جیادەکاتەوە . خۆی بە باڵادەستی هەموو خەڵکی تر دەبینێت و بەو شێوەیە ناتوانێت پەیوەندی بە کەسەوە بکات لە ناو فەلسەفەی شەخسی خۆیدا کەسانی تر وەک ئامراز دەبینێت و بۆ کۆتاییەکانی خۆی بەکاران دەهێنێت . پاش ئەنجامدانی کوشتنەکە، گۆشەگیریەکەی بەهۆی تاوانە توندەکەی و ئەو نیوە بێسەروبەریە گەورە دەبێت کە تاوانەکەی پێیدا دەدات دووبارە و چەند جارێکی تر ڕاسکۆلنیکۆف پاڵ بەو کەسانەوە دەهاوێ کە هەوڵی یارمەتیدانی دەدەن لەوانە سۆنیا و دنیا و پولچێریا ئەلیکساندرۆڤنا و ڕەزامیخین و تەنانەت پۆرتفیری پترۆڤیچ یش كەلەڕۆمانەكەیا زۆر ڕۆڵی سەرەكییان نییە بۆیە باسم نەكردوون . لە کۆتاییدا ئەو نامۆبوونانەی کە بەسەر خۆیدا هێنای دەبینێت کە لە توانایدا نییە ئەو بارە قورسە ھەڵگرێت و بەرگەی بگرێت، کاتێک لە کۆتاییدا بۆی دەردەکەوێت کە سۆنیای خۆشدەوێت ڕاسکۆلنیکۆف بە دیواری خۆبەگەورەزانی و خۆبەخۆداکردندا دەشکێتەوە کە لە کۆمەڵگا جیای کردبویەوە.

سایکۆلۆژیای (تاوان و سزا)

ئەو شێوەیەی کە ڕۆمانەکە تاوان و سزای لەسەر نیشان دەدات، بە تەواوی ئەوە نییە کە کەس چاوەڕێی دەکات تاوانەکە لە بەشی یەک ئەنجام دەدرێت و سزاکە دوای سەدان لاپەڕە دێت، لە (ئیپیلۆگ) سەرنجی ڕاستەقینەی ڕۆمانەکە لەسەر ئەو دوو کۆتاییە نییە بەڵکو لەسەر ئەو شتەیە کە لە نێوانیاندا هەیە، گەڕانێکی قوڵە بۆ سایکۆلۆژیای تاوانبارێک (دنیای ناوەوەی ڕاسکۆلنیکۆڤ ), بەو هەموو گومانەی. دووەم - (پێشبینی ، ترس و بێئومێدی)، دڵی چیرۆکەکەیە. پێدەچێت دۆستۆیڤسکی پێشنیاری ئەوە بکات کە سزای ڕاستەقینە زۆر لەوە سامناکە کە لە سترێس و دڵەڕاوکێی هەوڵدان بۆ خۆلادان لە سزا . پۆرتری پترۆڤیچ جەخت لەسەر گۆشەی دەروونی ڕۆمانەکە دەکاتەوە ، هەروەک بە شێوەیەکی سەرسەختانە بۆی دەردەکەوێت کە ڕاسکۆلنیکۆڤ بکوژە و چەندین وتار دەدات کە تێیدا باسی وردەکاریی لەسەر ئیشەکانی مێشکی ڕاسکۆلنیکۆڤ دوای کوشتنەکە دەكات . چونکە تێدەگا تاوانبارێکی تاوانبار پێویستە بە مەرج ئەشکەنجەی دەروونی ئەزموون بکات ، دڵنیایە کە ڕاسکۆلنیکۆڤ لە کۆتاییدا دان پیانان یان شێتبوون دائەنێت . ئەو گەمە عەقڵییە پسپۆڕانەی کە لەگەڵ ڕاسکۆلنیکۆڤدا دەیکەن ، ئەو هەستە بەهێز دەکات کە ئەنجامی ڕۆمانەکە حەتمییە بەهۆی سروشتی دەروونی مرۆڤەوە .واتە یان دەبوو دان بە تاوانەكەیدا بنێت تا ئازاری دەروونی كەم ببێتەوە یان شێت دەبوو بەھۆی قورسی باری تاوانەكەیەوە.

بیرۆکەی سوپەرمان

لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا ڕاسکۆلنیکۆڤ خۆی بە " سوپەرمان " دەبینێت ، کەسێک کە نائاساییە و بەم شێوەیە لە سەرووی ئەو ڕێسا ئەخلاقیانەوەیە کە حوکم بەسەر باقی مرۆڤایەتیدا دەکات .بەھۆی لوتبەرزییەوە خۆی ناچار دەکات كە خۆی لە کۆمەڵگا جیابكاتەوە . کوشتنی ئەو پیرەدەڵاڵە لە بەشێکیدا ، لە ئەنجامی ئەو باوەڕەی کە ئەو لە سەرووی یاساوەیە ھاتە بوون. بەڵام بێتوانایی ڕاسکۆلنیکۆڤ بۆ نەھێشتنی هەستی تاوانباری دواتری ، بۆی دەسەلمێنێت کە ئەو "سوپەرمان" نییە . هەرچەندە ئەو هەستی بە شکستەکەی کرد کە لە ژیان دایە بەو شتەی کە بۆخۆی وێنای کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نییە کۆی ئەو شوناسە لەکارلاچوونی قبوڵ بکات. بەردەوام بەرگری لەو بیرۆکەیە دەکات کە ئەو وەک هەموو مرۆڤایەتی دانی بەوەدانا كە کوشتنەکە بە دەستەنقەس بووە، لە تەسلیمبوونی کۆتاییدا بە ھۆی خۆشەویستیەوە بوو بۆ سۆنیا ، وە وە بەدیهاتنی خۆشییەکان لەو تەسلیم بوونەدا، کە دواجار دەتوانێت خۆی لە بیرکردنەوەکەی خۆی وەک سوپەرمانێک و ئەو دابڕانە سامناکە دەرباز بکات کە وەها بیروباوەڕێکی بەسەرھێنا .
ھەروەھا بارودۆخی خراپی خێزانە ھەژارەكان كەناچارن چەندین كاری خراپ ئەنجام بدەن بۆ دابینكردنی بژێوەی ژیانیان وەك (كوشتن ـ بەدڕەوشتی ـ یاخود ھاوسەرگیری نەگونجاو لەپێناو پارە)
ڕاسکۆڵنیکۆڤ پێی وایە کە خودا مردووە و هەرکەسێ کە لەسەر داب و نەریتی باو و باپیرانی مامەڵە بکات ئەوە کەسێکی ترسنۆکە و هەرگیز سەروو مرۆڤ نابینێت.
بەڵام مرۆڤ بونەوەرێكە كە خودا دروستی كردوەو باڵادەست ترە و مرۆڤ ناتوانێت خۆی بەتەنھا بەسەر ھەمو ناخۆشی و ناڕەحەتییەكانی ژیاندا سەركەوێت.

ئەم ڕۆمانە لەلایەن زۆرێك لە ڕەخنەگرانەوە گفتوگۆی لەسەر كراوەو ھەتا ئێستە بڕیار نەدراوە لەسەر ئەو تاوانەی كە كردویەتی ئایا تاوانە؟

ھەندێك دەڵێن نەخێر چونكە ئەو پیرە دەڵاڵێكی كوشتوە كە ھیچ سودێكی بۆ كۆمەلگە نەبوە و پارەكانی سودی بۆ ڕاسكۆلینكۆف ھەبوە كە ژیانی باشتر بكات و خوێندنەكەی تەواو بكات و پارە بۆ خۆی و خێزانەكەی و سۆنیاش دابین بكات تاكو واز لەكاری خراپ بێنن

ھەندێكی دیكەش دەلێن كوشتن تاوانە ئیتر گرنگ نیە ئەوەی كوشتویەتی كەسێكی بێ سوود بێت یاخود نا.


سەرچاوەکان

965 بینین