ئایا دۆڵفین قسە دەکات؟

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-15-13:06:00 - کۆدی بابەت: 3322
ئایا دۆڵفین قسە دەکات؟
پرسگەی ئاژەڵ و ڕووەک

دۆڵفین ماسی نییە، بەڵکو ئاژەڵێکی شیردەرە و سەر بە گروپی نەهەنگەکانە، وەکو شیردەرەکانی تر شیر دەدات بە بێچووەکانی.

ئایا دەزانن دۆڵفین چییە؟

دۆڵفین ماسی نییە، بەڵکو ئاژەڵێکی شیردەرە و سەر بە گروپی نەهەنگەکانە، وەکو شیردەرەکانی تر شیر دەدات بە بێچووەکانی، وەکو نەهەنگ دۆڵفینیش لە ڕێگەی (کونەکانی فوەوە) هەناسە دەدات، کە بریتیە لە کونێک لە لوتیدا دەکەوێتە سەر سەریەوە، کاتێک دێتە سەر ئاوەکەوە لوتی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەوا لێیەوە هەڵمژێت، لە شتە سەیرەکانی دۆڵفین کلکی بە ستوونی دەوەستێت، نەک بە ئاسۆیی لەگەڵ لاشەدا وەکو کلکی ماسیەکان، کە یارمەتی دۆڵفین دەدات بۆ چوونە ژێر ئاو بە خێرایی و هێزەوە. کە مرۆڤ سەیری دۆڵفین دەکات لە کاتی مەلەوانی کردندا لەزەتی لێوەردەگرێت. دۆڵفین بە زنجیرەیەکی درێژ لە پێچاوپێچ مەلەوانی دەکات تا بتوانێت بێتە دەرەوە و تا کونی لوتەوانەکەی بکاتەوە و ئینجا بچێتە قوڵاییەوە.

ئایا دۆڵفین قسە دەکات؟

کاتێک بیر لە قسەکردنی گیاندارێک یان باڵندەیەک دەکەینەوە مەبەستمان ئەوەیە ئایا دەنگ دەردەکات وەکو مرۆڤ، لەبەر ئەوەی وەکو دەزانین زۆربەی گیانداران جۆرە ڕێگەیەکیان هەیە بۆ پەیوەندی کردن بەیەکەوە. هەندێک جار ئەو ڕێگەیە زۆر سادەیە و لە هەندێک جاری تردا زۆر ئاڵۆزە وەکو لە نەهەنگدا هەیە، ئەوەی لەسەر دۆڵفین زانراوە ئەوەیە دەتوانێت لاسایی قسەی مرۆڤ بکاتەوە، هەر لەخۆشیەوە ئەوە دەکات، بۆ نموونە جارێکیان لە ستۆدیۆ دەریاییەکانی ئەمریکادا لە ویلایەتی فلۆریدا دۆڵفینێک لاسایی دەنگی پیاوێکی کردەوە، بە شێوەیەکی زۆر جوان کاتێک ژنی پیاوەکە گوێی لێبوو دەستیکرد بە پێکەنین، هەمدیسانەوە دۆڵفینەکە لاسایی پێکەنینی ژنەکەشی کردەوە، لە ژێ دەنگیەکانی دۆڵفیندا شتێک هەیە کە دەتوانێت وەکو دەنگی مرۆڤ دەنگ دەرکات، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش بڕوا وایە کە دۆڵفین زیرەکترینی ئاژەڵەکانە، بە جۆرێکی سەیر هاوکاری لەگەڵ مرۆڤیشدا دەکات، بەڵام دەبێت دۆڵفینەکان فێربکرێن بۆ گواستنەوەی واتاکان پێش ئەوەی بڵێین دەتوانێت (قسە بکات) تا ئێستا نازانین ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوە ڕووبدات.


سەرچاوەکان



499 بینین