دابەشبوونی جوگرافیی سامانی مانگا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-21-14:19:00 - کۆدی بابەت: 3509
دابەشبوونی جوگرافیی سامانی مانگا

ناوه‌ڕۆك

سامانی مانگا

ئەم ئاژەڵە زۆر بڵاوە، مانگا (ڕەشەوڵاخ) ئەو ئاژەڵانەیە کە بە زۆری لە ناوچە گەرمەکان و هەروەها لە ناوچە مامناوەندییە مەیلە و ساردەکاندا بڵاو بووەتەوە، لەبەر ئەوە ژمارە مانگا لە جیهاندا لە ئاژەڵەکانی تر زۆرترە لە، ساڵی 1996 نزیکەی 861432 ملیۆن سەر. ئەمەش بایەخە ئابوورییەکەی نیشان دەدات و دەبێتە سەرچآوەیەکی خۆراکی بنچینەیی بۆ مرۆڤ لە گۆشت و پێستە و بەرهەمی سپیایی و سوود وەرگرتن لە بەکارهێنانی بۆ کارپێکردن، لەبەر ئەمە لە هەموو شێوەکانی کشتوکاڵیدا بەدی دەکرێت کە لە ناوچەکانی بەرهەمهێنانی سپیاییدا دەردەکەوێت، چونکە هەر لە تەمەنی دوو ساڵییەوە شیر دەدات هەتا تەمەنی پانزە ساڵی. هەروەها لە ناوچەی لەوەڕگا بازرگانییەکانیشدا هەیە کە لە تەمەنی دوو ساڵیدا بۆ گۆشتەکەی سەری دەبڕن. هیج لە ڕاستی بایەخە ئابوورییەکەشی ناگۆڕێت ئەگەر بڵێن هیندستان یەکەم دەوڵەتە کە مانگای زۆر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پایەیەکی گرنگی لە ژیانی ئابووریدا نییە، چونکە هیندۆسەکان بە چآوێکی پیرۆز سەیری دەکەن و سەری نابڕن. لەبەر ئەوە مانگای لاواز و کەم شیر زۆر بووە و توانای کارکرنیشیان کەمە. 

مانگا لە وڵاتانی جیهان

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە بە پلەی دووەم دێت لە نێوان دەوڵەتەکانی جیهاندا لە بارەی ژمارە مانگاوە، بە مەبەستی بەرهەمی سپیایی بەخوێ دەکرێت وەکو لە بەشەکانی باکووری خۆرهەڵاتی کە ئاووهەواکەی شێدار و مەیلەو ساردە و بۆ بەخێوکردنی مانگای شیردەر دەشێت، هەروەها لە ناوچە لەوەڕگاکانی خۆرئاوای ناوەند لە نێوانی پووش و پاوانەکاندا مانگا بۆ گۆشتەکەی بەخێو دەکرێت. ڕێکخستنی لەوەڕگا بایەخێکی چاکی دراوەتێ و هەر چوار دەوری تەلبەند کراوە و بەپێی توانستی لەوەڕگاکە لەوەڕی تێدا ڕێکخراوە، هەروەها بیریان لێداوە و ڕێگەی ئاسنیان ڕاكێشاوە بە بەستنەوەی ناوچەی بەخێوکردنی مانگا و بازاڕی بەرهەمەکانیان و چەند کۆمەڵێک مانگای چاک بەخێو کراوە. لەبەر ئەوە بەرهەمی دەگاتە ١/٥ یەک لەسەر پێنجی هەموو جیهان لە گۆشتی مانگادا، هەرچەندە ژمارەی مانگای تەنیا بە لە دەیەکی ژمارەی مانگای جیهان دادەنرێت.
 

ئەوەی کە لەمەوبەر دەربارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان باسمان کرد سەبارەت بە وڵاتەکانی تریش هەر ڕاستە و بەخێوکردنی مانگا شوێنێکی گرنگی هەیە لە ئابووری بەرازیلدا کە خاوەنی نزیکەی نیوەی مانگای کیشوەری ئەمەریکای باشوورە و پشت بە گژوگیا خولگەییەکانی بانی بەرازیل دەبەستێت بۆ بەخێوکردنی مانگای گۆشت، لە کاتیکدا مانگای شیردەر لە باشووری وڵاتدا بەخێو دەکرێت. بەڵام بەخێوکردنی مانگا لە بەرازیلدا تووشی چەنک کۆسپێك دێت وەکو خراپی جۆری گژوگیا و بڵاوبوونەوەی جۆرە مانگای خراپ و زۆری مێش و مەگەز و کەمی ئاو لە هەندێ وەرزدا، ئەمە سەرەڕآی نەبوونی ڕێگەوبانی تەواو، هەرچەندە کە بەرازیل لە هەوڵ و کۆششدایە بۆ لابردنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە. بەڵام بەرهەمی گۆشت هەر لەگەڵ ژمارەی ئەو مانگایانەی کە هەیەتی ناگونجێ و تەنانەت لەوەش کەمترە کە ئەرجەنتین بەرهەمی دێنێ. بەڵام چین لە ڕووی مانگا زۆرییەوە لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکان دێت، جیاوازی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە لەمەوبەر لێیان دواین، چونکە بەخێوکردنی مانگا پەیوەندی بە جێبەجێ کردنی کاری کێڵگەوە هەیە، هەروەکو ناوچەکانی تری باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا کە ناوچەی ئابووری بژێوییە، بەڵام ناگاتە بەرهەم هێنانی گۆشتی ئەو دەوڵەتانەی کە ژمارەی مانگایان کەمترە وەک ئەرجەنتین. ئەرجەنتین لە دوای چین دێت لە ڕووی ژمارەی مانگاوە.

مانگا لە شوێنێکی گرنگی نێوان پێکهێنەرەکانی سامانی ئاژەڵێدا داگیر کردووە و بەخێوکردنی مانگا لە ڕووبەرە فراوانەکانی وڵاتدا لە (دەشتی بەمباسی) دا دەردەکەوێت کە باران بە ئەندازەی پێویست دەبارێت بۆ ژیانەوە گژوگیا لەم دەشتەدا کە بەزۆری سامانی ئاژەڵی ئاویان دەرکردووە، چونکە باران مام ناوەندییە و ئاو و هەواکەی بە درێژایی ساڵ یاریدەی بەردەوامی لەوەڕاندن دەدات، ئەرجەنتین توانیویەتی گژوگیای نوێ بهێنێتە ئەم ناوچانە بۆ چاککردنی خواردەمەنیی مانگا، هەروەها هەوڵیان داوە کە ناوچەیەکی فراوان بە تەل پەرژین بکەن لەگەڵ بەکارهێنانی هۆی بەستن و ساردکردنەوە و پیشەسازیی گۆشت، لەبەر ئەمە ئەرجەنتین بە پلەی سێیەم دێت لە جیهاندا لە ڕووی بەرهەمی گۆشتی مانگاوە، هەرچەندە لە پلەی پێنجەم دایە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە ڕووی ژمارەی مانگاوە.

بەخێوکردنی مانگا بایەخێکی زۆری هەیە لە ئابووری نەتەوایەتی هەندێ وڵاتانی تردا وەک ئوستورالیا و نیوزلەندە، لەم دوو وڵاتەدا مانگا بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ گۆشتەکەی بەخێو دەکرێت لەو ناوچانەی کە بارانیان زۆرە وەک بەشەکانی باشووری خۆرهەڵات و ناوەند و باکووری ولات لە ئۆستورالیادا و ناوچە دەشتاییەکان لە نیوزلەندە. هەروەها بەخێوکردنی مانگا بۆ بەرهەمی شیرەمەنییەکەی بە شێوەیەکی کەمتر دەردەکەوێت، وەکو بەشی باکووری ئوستورالیا و دەشتە کەنارییە شێدارەکانی دوورگەی باکوور لە نیوزلەندە. لەم دوو وڵاتەدا بەخێوکردنی مانگا بایەخێکی زۆری پێدراوە، تازەترین شێوەی زانیاری بەکاردێت لەگەڵ چاندنی گژوگیای نوێ بۆ دەوڵەمەند کردنی لەوەڕگاکان. باکووری ڕۆژئاوای ئەوروپاش ناوچەیەکی سەرەکییە لە بەخێوکردنی مانگای شیردەردا و بەرهەمێکی زۆر پێشکەوتووشی هەیە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانەی لەم ڕووەوە بەکاردێن و تێکڕآی ئەو شیرەی مانگاکە بەرهەمی دێنێ.

ئەمەش لە دانیمارک و هۆڵەندە و بەریتانیا زۆر ئاشکرایە. بەخێوکردنی مانگا بۆ سپیایی بایەخێکی زۆری هەیە لە ئێرلەندە و فەڕەنسا و کەنارەی دەریای باکوور لە ئەڵمانیا و هەندێ بەشی سوید و ناوچەی ئەڵپدا. بەڵام لە کیشوەری ئەفریقادا وەک دەردەکەوێت بەخێوکردنی مانگا بایەخێکی باشی پێدراوە لە هەندێ وڵاتدا وەک (ئەسیوبیا و سودان و یەکێتی باشووری ئەفریقا)ـدا و ئەوەی یارمەتی پەیدابوونی بەخێوکردنی مانگای داوە لە ئەفریقادا، بڵاوبوونەوەی گژوگیای ساڤانایە، بەڵام لەوەڕاندن لە ئەفریقادا بۆ مەبەستی بازرگانی نییە، جگە لە باشووری ئەفریقادا کە لەوەڕاندنی تێدایە لە ناوچەی (فیڵد)ـدا. لەبەر ئەوە بەرهەمهێنانی گۆشت لە یەکێتی باشووری ئەفریقا لە وڵاتەکانی تری ئەفریقا زۆرترە.


سەرچاوەکان



1425 بینین