ناوهڕۆك
بەرهەمهێنانی کارەبا
دەتوانین بڵێین بازرگانی کارەبا لە جیهاندا زۆر کەمە چونکە گواستنەوەی تەزووی کارەبا بۆ ناوچەی دوور شتێکی ئاسان نییە. گواستنەوەشی بەهۆی تەلەوە بۆ ماوەی هەزار میل زیاتر دەبێتە هۆی بزربوونی تەزووی کارەباکە و هەروەها پێویستیشی بە گۆڕەر (محولە) هەیە بۆ ئەم مەبەستە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی تێچوونی، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە ئەو دەوڵەتانەی کارەبا بەرهەم دێنن زۆربەی کارەباکە بۆ جێبەجێکردنی پێویستی ناوخۆ بەکاردێننەوە. لەبەر ئەوە دەبینین بازرگاکنی کارەبا لە سنورێکی ئێجگار تەسکدا هەیە، ئەمەش زۆر جار بە شێوەی ئاڵوگۆڕی بڕێکی کەمی بەرهەمەکە دەبێت لە نێوان سنووری دوو دەوڵەتی دراوسێدا کاتێک یەکێکیان بەرهەمی لە پێویستی خۆی زیاتر بێت وەک لە نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیادا، هەروەها لە نێوان کەنەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، هەروەها لە نێوان سوید و دانیمارکیشدا هەیە. ئەوەی شایانی باسە سوریا ڕێکەوتننامەیەکی بەستووە لەگەڵ لوبناندا، بەپێی ئەو ڕێکەوتن نامەیە، سوریا پێویستی کارەبای خۆی لە لوبنانەوە بهێنێت. بڕی بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا ناگونجێت لەگەڵ بوونی هێزی ئاودا، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مەرجی تەواو بۆ (وەبەرهێنان) لەو وڵاتانەدا کە توانای هێزی ئاوی زۆرە.
گرنگترین ئەو وڵاتانەی کارەبا بەرهەم دەهێنن
- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پلەی یەکەم دێت لە بەکارهێنانی ئاودا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش لەو ئێستگە کارەباییانەوە وەردەگیرێت کە لەسەر ڕووباری کۆلۆرادۆ و کۆڵۆمبیا و لای تاڤگەکانی (نیاگارا) و حەوزی تەنسی و چیاکانی ئەپەلاشیان دامەزراوە، نزیکەی 1/4ـی وزەی کارەبای جیهان دێنێتە بەرهەم.
- کەنەدا پاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دێت لە ڕووی بەرهەمەوە، لە 15٪ـی هەموو بەرهەمی جیهان بەرهەم دێنێت، گرنگترین مەڵبەندەکانی (کیمانو) لە کۆڵۆمبیای بەریتانییە، بە هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا تاڤگەی نیاگارا و ڕووباری (سانت لورنس) بەکاردێن.
- ژاپۆن لەو وڵاتانەیە کە خودا ڕووباری تیژڕەو و بارانی زۆر و ڕووی زەوی جیاوازی پێ بەخشیوە و بۆتە هۆی ئەوەی کەم و کوڕی سەرچاوەکانی تری وەک نەوت و خەڵووز پڕ بکاتەوە. 10٪ـی بەرهەمی کارەبای جیهان هی ژاپۆنە.
- دەوڵەتانی تریش هەن هێزی کارەبا بەرهەم دێنن وەک ئیتالیا و فەڕەنسا و سوید و ڕوسیای فیدراڵ و سویسرا و نەمسا و فنلەندە و بەڕازیل و نیوزلەندە و هی تریش.
- وڵاتانی عەرەبی هەرچەندە لە زۆر وڵاتدا ڕووبار کەمە، بەڵام توانایان مامناوەندییە لە پەیداکردنی وزەی کارۆئاویدا، بە تایبەتی لەو ناوچانەدا کە باری سروشت و ئابووری لەبارە، وەک کوردستانی عێراق و میسر و لوبنان و جەزائیر و مەغریب. بوونی سەرچآوەی تری وزە وەک نەوت و گازی سروشتی وای کردووە کە وەبەرهێنانی هێزی ئاو تا ڕاددەیەکی دیاریکراو بێت. زۆربەی ئەو کارەبایەی لەو وڵاتانەدا بەکاردێت لە چەشنی گەرمە کارەبایە کە پشت بە نەوت و گازی سروشتی دەبەستێت بۆ دروستکردنی کارەبا.