ئەو شتانەی بە لەشپیسی حەرامن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-17:57:00 - کۆدی بابەت: 3586
ئەو شتانەی بە لەشپیسی حەرامن
ڕۆشنبیری ئیسلامی

حەرامە لەسەر ئافرەت بە هۆی حەیز و نیفاس، واتە: تا خوێنەکەی کۆتایی دێ و ئینجا خۆی ئەشۆرێ، هەشت شتی لێ حەرامن:

ناوه‌ڕۆك

لەشپیسی

حەرامە لەسەر ئافرەت بە هۆی حەیز و نیفاس، واتە: تا خوێنەکەی کۆتایی دێ و ئینجا خۆی ئەشۆرێ، هەشت شتی لێ حەرامن:

یەکەم: نوێژکردن حەرامە نابێ قەزاشی بکاتە.

دووەم: ڕۆژوو گرتن حەرامە، بەڵام واجبە قەزای بکاتە. (سَأَلْتُ عَائِشَةَ رضى الله عنها: ما بَالُ الحَائِضِ تَقْضِي الصَّوْمَ، ولَا تَقْضِي الصَّلَاةَ؟ قالَتْ: كانَ يُصِيبُنَا ذلكَ، فَنُؤْمَرُ بقَضَاءِ الصَّوْمِ، ولَا نُؤْمَرُ بقَضَاءِ الصَّلَاةِ) رواه الشیخان، حەزرەتی (عائشە) خوا لێی ڕازی بێ، فەرمووی: ئێمە ئەو حەیزەمان تووش ئەبوو، پێغەمبەر ﷺ فەرمانی ئەدا: ڕۆژوو قەزا بکەینەوە و فەرمانی نەئەدا نوێژ قەزا بکەینەوە. واتە: چونکە نوێژ زۆر دووبارە دەبێتەوە، قەزاکردنەوەی بارگرانییە، بەڵام ڕۆژوو ساڵی یەک جارە.

سێیەم: خوێندنی قورئان حەرامە (عن ابن عمر رضي الله تعالى عنه، عن النبي صلى الله عليه وسلم قال : لا یقرأ الجنب، ولا الحائض شيئا من القرآن، رواه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نابێ جەنابەتدار و حەیزدار هیچ شتێکی قورئان بخوێنن.
(ئاگاداری): لەلای ئیمامی (الکرخي) و ئیمامی (الطحاوي) فروستە: حەیزدار دەرسی قورئان بە قوتابیان بڵێ، بەو مەرجەی وشەکان جیا جیا فێری قوتابیان بکا، واتە :ووشەیەک بڵێ ئینجا قوتابی بەدوایدا بیڵێتەوە.

چوارەم: چوونە ناو مزگەوت حەرامە (عن عائشة رضي الله تعالى عنها: عن النبي ﷺ: إني لا أُحِلُّ المسجِدَ لحائِضٍ ولا جُنُبٍ)صححه ابن خزیمە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: چوونە ناو مزگەوت حەڵاڵ ناکەم: نە بۆ لەش بە جەنابەت، نە بۆ ئافرەتی بە حەیز.

شەشەم تەواف کردنی ماڵی خوا حەرامە (عن عائشة رضي الله تعالى عنها:حضت، فقال النبي ﷺ: افعلي ما يفعَلُ الحاجُّ، غيرَ أن لا تطوفِي بالبيتِ) رواه الشیخان، (عائشە) فەرمووی: لە سەفەری حەج تووشی حەیز بووم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەموو کردەوەکانی حاجیان بکە، بەڵام تەوافی بەیت مەکە.

حەوتەم: جیماع کردن حەرامە (عن أنس -رضي الله عنه-: قال النبي -صلى الله عليه وسلم-: اصنعوا كل شيء إلا النكاح) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: لە کاتی حەیزدا هەموو ڕابواردنێک لەگەڵ هاوسەرەكانتان بکەن جگە لە جیماع کردن.

هەشتەم: لەزەت وەرگرتن حەرامە بەو شوێنەی نێوان ناوک و ئەژنۆیە: بە ڕووتی، نەوەک تووشی جیماع ببێ.

بەڵام ئەگەر ڕووت نەبوو دروستە (عن عائشة رضي الله تعالى عنها قالت: « كان رسول الله -صلى الله عليه وسلم- يأمرني فأتزر فيباشرني وأنا حائض) رواه الشیخان، (عائشە) ئەفەرمووێ: پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێ ئەکردم پەشتە ماڵێکم لە نێوان ناوک و ئەژنۆم ئەبەست، ئینجا لەزەتی خۆی وەرئەگرت، منیش لەو کاتەدا لە حەیزدا بووم.

کەوابوو: جگە لە جیماع هەموو ڕابواردنێک حەڵاڵە وەک ماچکردن و لەگەڵ نوستن و لەگەڵ خواردن... هتد.

لە پاش پاکبوونەوە لە خوێنی حەیز و نیفاس، ئەو شتانە هەر حەرامن تا غوسل ئەکا، بەڵام ڕۆژوو گرتن پێش غوسل کردن دروستە، هەروەها ئەگەر ئافرەت لە کاتی نوێژی عەسر، یان لەکاتی نوێژی عیشا پاک بۆوە لە حەیز یان لە نیفاس، ئەبێ نوێژی نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە، یان نوێژی مەغریب قەزا بکاتەوە.

بە جەنابەت

حەرامە لەسەر لەشپیس بە جەنابەت جا پیاو بێ، یان ئافرەت، پێنج شتی لەسەر حەرامن تا خۆی ئەشۆرێ:

یەکەم: نوێژکردن حەرامە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (لاَ یقْبَلُ صَلاَةٌ بِغَيْرِ طُهُورٍ) رواه مسلم، بەبێ لەشپاکی بە جەنابەت، خوا نوێژ قبوڵ ناکا.

دووەم: خوێندنی قورئان حەرامە.

سێیەم: دەستلێدانی قورئان و هەڵگرتنی حەرامە.

چوارەم: تەوافکردنی ماڵی خوا حەرامە.

پێنجەم: مانەوە لەناو مزگەوت حەرامە. بەڵگەی ئەمانەش لە بەڵگەی حەیز وەربگرە.

حەرامە لەسەر مرۆڤی بێ دەستنوێژ سێ شت:

یەکەم: نوێژ کردن دروست نییە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لَا تُقْبَلُ صَلَاةُ مَن أحْدَثَ حتَّى يَتَوَضَّأَ) رواه الشیخان، واتە: نوێژی بێ دەستنوێژ خوا قبوڵی ناکا.

دووەم: تەواف کردن دروست نییە (عن ابن عباس رضی الله عنهما: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: الطواف بمنزلة الصلاة) رواه الحاکم، تەواف وەک نوێژ وایە.

سێیەم: دەست لێدانی قورئان و هەڵگرتنی حەرامن، خوا ئەفەرمووێ: (لَّا يَمَسُّهُ إِلَّا الْمُطَهَّرُونَ) نابێ دەست لە قورئان بدەن تەنها بە دەستنوێژەوە نەبێ. بەڵام خوێندنی قورئان بە بێ دەستنوێژی دروستە.

هەروەها ئەگەر منداڵ بێ دەستنوێژ بوو، نابێ قەدەغەی بکەین لە دەست لێدانی قورئان.

تەختە ڕەشەی قوتابخانە -ئەگەر قورئانی لەسەر نوسرابوو- وەک قورئان دەست لێدانی حەرامە.

دروستە بۆ ئافرەتی بە حەیز و مرۆڤی بە جەنابەت زیکر و دوعا بکەن، هەرچەند ئەو زیکر و دوعایە لە ناو قورئانیشدا هەبێ، بەڵام نەک بە مەبەستی قورئان خوێندن، بۆ وێنە کەسێک پێیان گوت: فڵان مرد. ئەویش بڵێ: (انا لله و انا الیه راجعون). یان کە سواری وڵاغ یان ئۆتۆمبێل دەبێ، بڵێ: (سبحان الذي سخر لنا هذا وماکنا له مقرنین). یان گوتنی (بسم الله الرحمن الرحیم) لە کاتی خواردن و خواردنەوە... هتد.

هەروەها دروستە لەناو یاتاغ و جانتای جلەکانیدا قورئان هەڵبگرێ بە جەنابەت و بە بێ دەستنوێژی.

هەروەها سوننەتە لەبەر قورئان و زانای ئاینی هەڵبستێ (وصح، أنه ﷺ قام للتوراه) نقلە فی التحفة، حەدیسی سەحیح هەیە: کە پێغەمبەر ﷺ لەبەر تەورات هەڵساوە.

هەروەها خوای گەورە ئەفەرمووێ: (وَإِذَا قُرِئَ الْقُرْآنُ فَاسْتَمِعُوا لَهُ وَأَنصِتُوا) کاتێ قورئان ئەخوێندرێ بێ دەنگ بن و گوێی لێ ڕابگرن.

هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی : (عُرِضتْ عليَّ أجورُ أمَّتي حتَّى القَذاةُ يخرجُها الرَّجلُ منَ المسجدِ وعُرِضت عليَّ ذنوبُ أمَّتي فلم أرَ ذنبًا أعظمَ من سورةٍ منَ القرآنِ أو آيةٍ أوتيَها رجلٌ ثمَّ نسيَها) رواه الترمذي، واتە: گوناهەکانی ئوممەتی منیان هێنا بەرچاوم، لەو گوناهە گەورەترم نەدیت کە مرۆڤ سورەتێک، یان ئایەتێکی قورئانی لەبیر بچێتەوە.


سەرچاوەکان



2565 بینین