مەرجەکانی دروستبوونی نوێژ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-20:12:00 - کۆدی بابەت: 3597
مەرجەکانی دروستبوونی نوێژ

ناوه‌ڕۆك

مەرجەکانی دروستبوونی نوێژ چین؟

ئەو مەرجانەی داندراون بۆ دروستبوونی نوێژ، پێش دەستپێکردنی نوێژ تا کۆتایی نوێژ، پێنج مەرجن:

یەکەم: پاکی هەموو ئەندامەکانە لە بێ دەستنوێژی گەورە و بچووک (عن ابْنِ عُمَرَ رضي الله عنه قَالَ: رَسُولَ اللّهِ صلى الله عليه وسلم يَقُولُ: لاَ يَقْبَلُ الله صَلاَةً بِغَيْرِ طُهُورٍ) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بەبێ لەش پاکی لە بێ دەستنوێژی گەورە و بچووک، خوای گەورە هیچ نوێژێک وەرناگرێ.
جا ئەگەر کەسێک بەبێ دەستنوێژی گەورە، یان بچووک نوێژی کرد، ئەبێ دووبارەی بکاتەوە، هەروەها ئەگەر لەناو نوێژدا بێ دەستنوێژ بوو، هەر ئەبێ دووبارەی بکاتەوە (عن علي بن طَلق -رضي الله عنه- عن النبي -صلى الله عليه وسلم- أنه قال: إذا فَسَا أحَدُكم في الصلاة فَلْيَنْصَرِف، وليتوضأ، وَليُعِدِ الصلاة) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ یەکێک لە ئێوە لەناو نوێژدا بایەکی لێدەرچوو، با واز لە نوێژەکەی بێنێ و دەستنوێژ بشۆرێتەوە و نوێژەکەش دووبارە بکاتەوە.

هەروەها ئەبێ لەش و بەرگی پاک بێ لە هەموو پیسییەک، پێغەمبەر ﷺ بە ئافرەتێکی فەرموو: (إِذَا أَقْبَلَتِ الْحَيْضَةُ فَدَعِي الصَّلاَةَ، وَإِذَا أَدْبَرَتْ فَاغْسِلِي عَنْكِ الدَّمَ وَصَلِّي) رواه الشیخان، کاتێ خوێنی حەیز ڕووی تێکردی واز لە نوێژ بێنە و کاتێ کۆتایی حەیز هات ئەو خوێنەی پڕژاوەتە لەش و بەرگت بیشۆرە و نوێژ بکە.

ئەگەر لەناو نوێژدا جلی، یان لەشی پیس بوو، نوێژەکەی ئەبڕێ و ئەبێ دووبارەی بکاتەوە، هەروەها ئەگەر لە پێش نوێژکردن پیسییەکی پێوە بوو، بەڵام نەیزانی و نوێژی کرد، هەر ئەبێ دووبارەی بکاتەوە.

دووەم: عەورەتی دابپۆشێ بە پۆشاکێکی پاک، ڕەنگی پێستەی تێدا دیار نەبێ، عەورەتی ئافرەت جگە لە ڕوخسار و لەپە دەستی هەموو لەشی عەورەتە (عن أم سلمة رضي الله عنها أنها سألتِ النبيَّ صلى الله عليه وسلم: أتصلِّي المرأة في درع وخمار بغير إزار؟، قال: إذا كان الدرع سابغًا يغطي ظهور قدمَيْها) رواه أبوداود و صححه الحاکم علی شرط البخاري، ئایا دروستە ئافرەت نوێژ بکا بە دەستماڵێکەوە کە سەروو گەردەنی دابپۆشێ، لەگەڵ کراسێکی درێژ؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بەڵێ، بەو مەرجەی کراسەکە ئەوەندە درێژ بێ: پشتە پێی دابپۆشێ.

کەوابوو: هیچ ئەندامێکی ئافرەت -هەتا بەرەپێی و مووەکانی سەریشی- نابێ دیاربێ، چونکە نوێژەکەی دروست نابێ.

وە عەوڕەتی پیاو نێوان ناوک و ئەژنۆیەتی (عن جابر رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم قال له: إن كان الثوبُ واسعًا فخالِفْ بين طرفَيْه، وإن كان ضيقًا فاتَّزِر به) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەگەر جلەکەت بەرین بوو، خۆتی لەناو بپێچە، وە ئەگەر تەسک بوو -وەک پەشتەماڵ- لای خوارەوەتی پێ دابپۆشە، (ئاشکرایە: مەبەست بە پەشتەماڵی خوارەوە: داپۆشەری نێوان ناوک و ئەژنۆیە).

سێیەم: ئەو شوێنەی نوێژی لەسەر ئەکا ئەبێ پاک بێ (عن أبي هریرة رضي الله عنه: بالَ أعرابيٌّ إلى المسجدِ، فقال البي صلی الله علیه وسلم: دعوه وهریقوا علی بوله سجلا من الماء) رواه الشیخان، پیاوێک میزی لەناو مزگەوت کرد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: وازی لێبهێنن و دۆڵچەیەکی ئاو بڕژێننە سەر میزەکەی. واتە: چونکە مزگەوت شوێنی نوێژە ئەبێ پاک بێ.

چوارەم: ئەبێ بزانێ کاتی نوێژ هاتووە، خوای گەورە فەرموویەتی (إِنَّ الصَّلَاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَابًا مَوْقُوتًا) بە ڕاستی نوێژ لەسەر خاوەن باوەڕان نووسراوە و کاتی بۆ داندراوە. کەوابوو: دروست نییە پێش هاتنی کاتی نوێژ، نوێژ بکا.

پێنجەم: ڕووکردنە قیبلەیە، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ) لە نوێژکردندا ڕووی خۆت بکە لای (الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ). مەبەست: ماڵی خوایە لە مەککەی پیرۆز.


سەرچاوەکان



1404 بینین