ناوهڕۆك
باسی قونووت و، سوننتەکانی تری ناو نوێژ
ئینجا کە ئیقامەت تەواو بوو هەڵئەستێ و نوێژ دائەبەستێ.
سوننەتی دوای نوێژدابەستن
ئەو سوننەتانەی بەشێکن لە نوێژ و لە پاش دەستپێکردنی نوێژن دوو سوننەتن:
تەحیاتی یەكەم
سوننەتی یەکەم: تەحیاتی یەکەمە تا ئەگاتە (اللهم صل علی محمد) (عن عبدالله بن بجینة رضي الله عنهما: أن رسول الله ﷺ قام من اثنتین من الظهر لم یجلس بینهما، فلما قضی صلاته سجد سجدتین ثم سلم) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ دوو ڕەکعەتی نوێژی نیوەڕۆی کردن و بۆ تەحیاتی یەکەم دانەنیشت و هەڵساوە، ئینجا کە نوێژی تەواو کرد، دوو سوجدەت سەهووی بردن و سەلامی داوە.
قونوت
سوننەتی دووەم خوێندنی (قونووت)ـە لە سێ شوێندا:
یەکەم: لە نوێژی سبەیناندا کە لە ڕکوعی ئاخیری هەڵساوە لە دوای (سمع الله -تا- لك الحمد)، (عن أنس رضي الله عنه: مازال رسول الله ﷺ یقنت في صلاة الصبح حتی فارق الدنیا) رواه الدارقطني والحاکم، پێغەمبەر ﷺ بەردەوام لە نوێژی سبەیناندا قونووتی ئەخوێند تا وەفاتی کرد.
دووەم: ئەگەر بەڵایەک هاتە سەر موسوڵمانان، سوننەتە لەهەر پێنج فەرزەکاندا پاش هەلسانەوە لە ڕکوعی ئاخیر: قونووت بخوێندرێ (عن أنس ڕضي الله عنه: أن رسول الله ﷺ کان لا یقنت الا اذا دعا لقوم أو دعا علی قوم) صححه ابن خزیمة، پێغەمبەر ﷺ لە هەموو نوێژە فەرزەکاندا قونووتی نەئەخوێند، مەگەر دوعای بۆ چەوساوان کردبا، یان دوعای لە ستەمکاران کردبا. واتە: تەنها ئەو کاتە قونووتی ئەخوێند.
سێیەم: لە نوێژی (وەتر)ـدا -کە لە ڕکوعی ئاخیری هەڵساوە- قونووت سوننەتە لە نیوەی دووەمدا لە مانگی ڕەمەزان، جیاوازی نییە، تەراویحی کردبێ، یان نا.
هەندێک لە زانایانی ئاینی فەرموویانە: بەردەوام (قونووت) لە نوێژی (وەتر)ـدا سوننەتە.
لە هەموو وشەکانی قونوت خێرتر ئەمەیە: (عن الحسن رضي الله عنه: قال: علمنی النبی ﷺ کلمات أقولهن فی قنوت الوتر) حەزرەتی (حسن) کوڕی ئیمامی (علی) خودا لێیان ڕازی بێت، فەرموویەتی: پێغەمبەر ﷺ چەن ووشەیەکی فێر کردم کە لە قونووتی (وەتر)ـدا بیانخوێنم، کە ئەمەیە (اللَّهُمَّ اهْدِنِي فِيمَنْ هَدَيْتَ، وَعَافِنِي فِيمَنْ عَافَيْتَ، وَتَوَلَّنِي فِيمَنْ تَوَلَّيْتَ، وَبَارِكْ لِي فِيمَا أَعْطَيْتَ، وَقِنِي شَرَّمَا قْضَيْتَ، إِنَّهُ لا يَذِلُّ مَنْ وَالَيْتَ، تَبَارَكْتَ رَبَّنَا وَتَعَالَيْتَ، وصلی الله علی النبی محمد ﷺ) رواه البیهقی والترمذی والنسائی.
هەروەها سوننەتە پێش سەڵاوات لێدان لە دوای (وتعالیت) بڵێ: (فلك الحمد علی ماقضیت أستغفرك وأتوب الیك).
هەروەها سوننەتە: هەردوو دەستەکانی بەرز بکاتەوە، وە ئەگەر ئیمام بوو، دەنگی بەرز بکاتەوە و، لە جیاتی تاک، بیکا بە کۆمەڵ، واتە: بڵێ: (اهدنا، عافنا، تولنا، بارك لنا، قنا).
وە ئەگەر مەئمووم بوو، بڵێ: آمین. وە جیاوازی قونووتی سبەینە و بەڵا و وەتر نییە.
لەجیاتی قونووت، یان لە دوای قونووت هەر دوعایەکی تر بخوێنێ، هەر دروستە.