لە چ کاتێکدا نوێژی سوننەت دروست نییە؟

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-04:07:00 - کۆدی بابەت: 3745
لە چ کاتێکدا نوێژی سوننەت دروست نییە؟

ناوه‌ڕۆك

ئەو پێنج کاتانەی حەرامە نوێژی سوننەتیان تێدا بکرێ

پێنج کات هەیە نابێ نوێژی سوننەتیان تێدا بکرێ، تەنها جۆرە نوێژێک دروستە کە هۆیەکی ڕابردووی هەبێ وەک قەزاکردنەوەی نوێژ، یان نوێژی مردوو، یان تحیة المسجد، یان سوننەتی دەستنوێژ، ئەوانە هەموویان لەو پێنج کاتانەدا دروستن، بەڵام سوننەتی سەربەخۆ و نوێژی ئیستیخارە و سوننەتی ئیحارم دروست نین

  1. پاش نوێژکردنی بەیانی نابێ هیچ نوێژێک سوننەت بکات تا ڕۆژ دەرئەکەوێت.
  2. کاتێ ڕۆژهەڵات نابێ سوننەت بکات تا بە تەواوی ڕۆژ دەرئەکەوێت و بە ئەندازەی ڕمێک بەرزئەبێتەوە.
  3. کاتێ ڕۆژ دێتە ناوەندی ئاسمان نابێ نوێژی سوننەت بکات، تا ڕۆژ بەرەو چاوی ڕاستە لا ئەدات، بەڵام ئەگەر نیوەڕۆی هەینی بوو، ئەوە دروستە نوێژی سوننەت بکات (عن عقبة بن عامر رضي الله عنه قال: ثلاث ساعات كان رسول الله صلى الله عليه وسلم ينهانا أن نُصلِّي فيهن، و أنْ نَقْبُـرَ فِيهِنَّ موتانا: حين تطلع الشمسُ بازغةً حتى ترتفع، وحين يقوم قائم الظهيرة حتى تزول الشمس، وحين تَتضَيَّفُ الشمسُ للغروب) رواه مسلم، (عوقبە) ئەفەرمووێ: لە سێ کاتدا پێغەمبەر ﷺ نوێژکردن و ناشتنی مردووی لە ئێمە قەدەغە ئەکرد، لە کاتی ڕۆژهەڵات تا بەتەواوی بەرز ئەبێتەوە و لە کاتی نیوەڕۆ تا ڕۆژ لای ئەدا. و هەروەها لە کاتی زەردبوونی ڕۆژ بۆ ئاوا بوون تا بە تەواوی ئاوا ئەبوو.
  4. لە پاش نوێژکردنی عەسر نابێ نوێژی سوننەت بکات تا ڕۆژ ئاوا ئەبێت (عن أبي سعيد الخدري رضي الله عنه قال: قال النبی صلي الله علیه وسلم: لا صلاة بعد الصبح حتى ترتفع الشمس، ولا صلاة بعد العصر حتى تغيب الشمس) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نوێژکردن دروست نییە پاش نوێژکردنی سبەینێ تا ڕۆژ دەرئەکەوێ، وە نوێژکردن دروست نییە پاش نوێژکردنی عەسر تا ڕۆژ ئاوا ئەبێ.
  5. لە کاتی ڕۆژئاوابوون نابێ نوێژ بکات تا بەتەواوی ئاوا ئەبێت.

لەو پێنج کاتانەدا تەواف و نوێژکردن لە مەککەی پیرۆز دروستە (عن جبیر بن مطعم رضي الله عنهما: قال النبی صلي الله علیه وسلم: يا بني عبدِ منافٍ لا تمنعوا أحدًا طاف بهذا البيتِ وصلَّى أيةَ ساعةٍ شاء: من ليلٍ أو نهارٍ) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هیچ کەسێک قەدەغە مەکەن کە بیەوێ تەوافی ماڵی بەیت بکات، یان نوێژ لە مەککەدا بکات لە هەر کاتێکدا خۆی پێی خۆش بێت، شەو بێت، یان ڕۆژ بێت.


سەرچاوەکان



1987 بینین