بێکاری شاراوە چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-28-03:09:00 - کۆدی بابەت: 3815
بێکاری شاراوە چییە؟

ناوه‌ڕۆك

بێکاری شاراوە

پێی دەوترێت شاراوە یاخود ژێر پەردە، چونکە نادیارە، ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە لە ئاستێکی نزمی بەرهەمهێنان کار دەکەن، بگرە بە ڕآدەیەک لە ئاستی بەرهەمهێنانیان (سفر)ـە، واتە کرێکاران بە کەمتر لە توانای بەرهەمهێنانی خۆیان کار دەکەن، زۆر جاریش ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران لە کەرتێکدا کار دەکەن بێ ئەوەی ڕێژەیەک بخەنە سەر بەرهەمەکە لەو کەرتەدا، خاوەنی بەرهەمێکی ڕآستەقینەیی نین، سەرجەمی بەرهەمهێنان سفرە و زۆربەی جاریش سالبە، دوو لێکدانەوە بۆ ئەم جۆرەی بێکاریی هەیە: 

 ١- ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کار دەکەن، بەڵام بە هەموو تواناکەیانەوە نییە، یاخود لە بواری وادا کار دەکەن کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی زۆر کەمتر بە بەراورد بە کاری تر.
 ٢- ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەو کارانەدا کار دەکەن کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی سنوورداری (الإنتاجیة الحدیة) زۆر کەمە یاخود هەر نییە یان سالبە، ئەم بۆچوونەش زیاتر بڵاوە.

ئەم جۆرە بێکارییە زیاتر لە بوارەکانی کشتوکاڵی سەرەتایی یاخود کارەکانی کەرتی گشتی حکومەت بەدیار دەکەوێت، واتە ژمارەی کرێکاران لە یەکەیەکی بەرهەمهێنان زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی کە پێویستی پێیە، واتە کێڵگەیەک دەکرێت بە دوو کرێکارەوە بەڕێوە بچێت کەچی پێنج کرێکار کاری تێدا دەکات، ئەم شێوازەش لە کشتوکاڵی سەرەتایی ڕوونتر دیارە، بۆ نموونە خێزانێکی (دە) کەسی کە چواریان توانای کاریان هەیە لە زەوییەکەدا لە ماوەیەکی دیاریکراو ساڵ کار دەکەن، کاتێک کاتەکانی کار کردنیان دەژمێردرێت بۆمان دەردەکەوێت کە ئەگەر تەنها یەک کرێکار ڕۆژی هەشت کاتژمێر کار بکات ئەوا زیاتر لە سەرجەم کاتەکانی ئەو چوار کەسە کاری کردووە.

هاوکات فەرمانگەیەکی حکومەت کە پێنج فەرمانبەر کاری تێدا دەکات، گەر بێت و کاتژمێرەکانی ڕۆژانە حساب بکرێن، بۆ نموونە شازدە کاتژمێر دەردەچێت، کەواتە بە ژماردنی کاتەکانی کار کە هەشت کاتژمێرە لە ڕۆژێکدا ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو فەرمانگەیە سێ کەسی زیادەیە کە دەچنە ناو قاڵبی بێکاری شاراوە، بەڵام نازانرێت ئەو سێ فەرمانبەرە بێکارە کێیە، چونکە هەر پێنج فەرمانبەرەکە بەکارکەر دادەنرێن.
ئەم جۆرە بێکارییە زیاتر لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو سەری هەڵداوە و تەشەنە دەکات، ئەمە لە کاتێکدا هەلی کارکردن سنووردار و کەمە، بە تایبەت لە بوارەکانی بەرهەمهێنان، ئەمەش وادەکات کەسەکان لە هەموو کارێکدا کار بکەن، تەنانت ئەگەر لە ئاستێکی نزمدا بێت و بەرهەمەکەشی کەم بێت، ئەوەی بار و دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، نزمی ئاستی فێرکردن  و بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەستی کاری نا شآرەزایە.


سەرچاوەکان



2096 بینین