شیعری سەرما و بەهار - هەژار موکریانی

له‌لایه‌ن: - ئاڵەكۆك - به‌روار: 2021-04-01-02:15:00 - کۆدی بابەت: 4027
شیعری سەرما و بەهار - هەژار موکریانی
هۆنراوە

هەژار موکریانی - كورد - كوردستان - شیعری كوردستان - شیعری نیشتمانی - شیعری كوردانە - Kurd - Kurdistan - کورد - کوردستان

سەرما و بەهار

هەژار موکریانی

ئامریکا و ١٥ دەوڵەت هێرشیان بردە سەر کۆریا، لەشکریان تا سەر چەمی «یالو» لە سنوری چین چوو. لەشکری سووری چین لەوێوە ڕاوی نان، لە یەکەمی ئەیاری ئەو ساڵەدا بەو هۆیەوە نوسیوومە:

باشم لە بیرە هەواخۆشیی پار
نەرم و سووکیی با، بارگرانیی دار

خێر و خۆشیی زۆر، دەغڵ و دانی باش
دانەوێڵەی چاک، نیسک و نۆک و ماش

دەشت و دەر هەمووی بە میوە ڕەنگاو
بژیوی و ئێروو هەنگاو بە هەنگاو

دنیا هەر وەکوو کۆریای پێرار
ژین و خۆشی بوو لە لادێ و لە شار

ئیستیعمارەکەی سەرما و سەخڵەتی
لە ویژدان بێبەش لە شەڕەف پەتی

وێنەی ئامریکا پەلاماری برد
لەگوێن کۆریا ژێر و ژووری کرد

میکڕۆبی شەختەی لە مەزرایە چاند
بۆمبای کولوانی بەسەردا ڕژاند

دوو عەبدی سەرمان گرانەتا و سیل
وەک بۆ خودای شەڕ شۆمان و چەرچیل

مناڵیان ئەکوشت بەند و بەستەڵەک
ڕیشەیان کرۆشت کەروێشک و دەڵەک

بولبول چۆڵی کرد بۆ کوندەبوومان
قەلەڕەش دەقڕی ببوە تروومان

داوای مردن و بێنانیی دەکرد
ئارەزووی چۆڵی و وێرانیی دەکرد

بۆ چاوەی ئاگر بڕیا دار لە دەشت
جەهەندەم نریا لە جێگەی بەهەشت

سەرما بە زوڵم و دزی و کوشتار هات
تا چەمی «یاڵۆ» دەمەوبەهار هات

***

بای شەماڵەکەی ئاواتی ڕەنجبەر
بەزەیی بزووت خۆی کردە لەمپەر

وەک هێزی سوپای چینی ئازا و زۆر
سەرمای ڕەپێنا کردی ماک ئارتۆر

سەنگەری ڕنووی ڕماند بەسەردا
ژەهری کردە دەم سەرمای نامەردا

کوژرا کانوون و شووبات و ئازەر
بوو بە ئۆف نەنە و مامێر و مازەر

چەکی سەرما و سۆڵ گێژ و کڕێوە
خۆی نەگرت لەبەر بای خاکەلێوە

***

ئەمڕۆش لە جێژنی یەکی ئەیارا
شەڕ گەرمە لەناو سەرما و بەهارا

وشکەسەرمای کۆن ڕزیوی بن شڕ
بەهاری تازە و بەهێز و لە گوڕ

دیارە تا کەنگێ سەرما دەمێنێ
دیارە چۆن بەهار گوڵ دەڕوێنێ

دنیا دەبێتە خۆشی و هەرزانی
ئیستیعمار کە چوو دێت کامەرانی

***

یەکەمی ئەیار جێژنی کرێکار
ڕۆژی لەرزینی دەزگای ئیستیعمار

کۆنەپەرستان کە پێت کافرن
بۆ پارێزگاریت لاوان حازرن

دڵت نەمێنێ بڵێی بێپەنام
ئاوڕێک بدەوە لە چین، لە ڤێتنام

لە کۆریای ئازا و بۆرما و مەلایۆ
وا خوێن بەخشینە بۆ ژیانی تۆ

قەڵای کرێکار بەرز و پتەوە
پەنای ئاشتی و خۆشیان مەسکەوە

***

یەکەمی ئەیار هومێدم وایە
تا ئەیاری تر بمرێ سەرمایە

تروومان بچێ بە دەردی هیتلەر
دەرچن لە قامووس ماگی و ڕۆکیفلەر

ڕیشەکەن بکرێ داری ئیستیعمار
شەڕەف و نامووس نەدرێ بە دۆلار

دنیایەک دابێ پڕ خۆشی و شادی
دەستەڵاتدار بێ هێزی ئازادی

گەلان ئاسنیان بکەن بە گاسن
برا بن هەموو یەکتر بناسن

١٩٥٢/٠٥/٠١ - بەغدا


سەرچاوەکان



1619 بینین