ناوهڕۆك
فرۆشتنی میوە
دروست نییە فرۆشتنی هیچ میوەیەک کە هەر بەسەر درەختەوە بێ، بێ ئەوەی مەرجی بڕینەوەی بۆ دابنێ، تەنها پاش ئاشکرابوونی پێگەیشتنی دروستە بیفرۆشێ، جا بە مەرجی بڕینەوە بێ، یان بە مەرجی هێشتنەوە لەسەر درەختەکە (عن أنس -رضي الله عنه-: نهی النبی ﷺ عن بیع الثمرة حتی یبد صلاحها) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ قەدەغەی کردووە: میوە -کە هەر بە درەختەوە بێ- بفرۆشرێ تا پێگەیشتنی دەر ئەکەوێ. کەواتە: ئەگەر خاوەنەکەی بۆ خۆی لە درەختەکەی کردەوە و فرۆشتی، یان بە کڕیاری گوت: ئەبێ لێی بکەیەوە، ئەو فرۆشتنە دروستە.
هەروەها دروست نییە فرۆشتنی ئەو خواردنانەی ڕیبای تێدایە هەر بە ڕەگەزی خۆی، لە کاتی تەڕیدا، وەک فرۆشتنی ترێ بە ترێ، یان خورما بە خورما، یان ترێ بە مێوژ، یان خورما بە قەسپ، چونکە بە ووشککردنەوە کەم ئەبنەوە (عن سعد بن أبی وقاص -رضي الله عنه-: سئل النبی ﷺ عن بیع الرطب بالتمر؟ فقال: أینقص الرطب إذا یبس؟ قالوا: نعم. فنهی عن ذالك) رواه أصحاب السنن، پرسیاریان لە پێغەمبەر ﷺ کرد: ئایا دروستە تەڕەقەسپ بە قەسپ بفرۆشرێ؟ فەرمووی: ئایا بە ووشککردنەوە کەم ئەکاتەوە؟ گوتیان: بەڵێ. ئەویش قەدەغەی کرد.
ئەبێ مێوژ بە مێوژ، قەسپ بە قەسپ بدرێ، چونکە لەمە زیاتر کەم نابنەوە، تەنها شیر دروستە بە شیر بفرۆشرێ، ماست بە ماست بفرۆشرێ.
حەرامە فرۆشتنی هەر شتێکی ببێتە هۆی گوناهباری، وەک فرۆشتنی چەک بە ڕێگر، یان ترێ بەو کەسەی ئەیکاتە مەی -شەراب-، یان هەر دەرمانێکی ببێتە هۆی بێهۆشی بە پیاو خراپ، چونکە خوای گەورە فەرموویەتی: (وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) یارمەتی یەکتری مەدەن بۆ گوناهباری و دوژمنکاری خودا.