ناوهڕۆك
تەماشاکردنی ئافرەت بۆ پیاوی بێگانە
هەروەک باسمان کرد کەوا دڵ بە بینینی جوانیەکان خۆش دەبێت، جا چ لەلایەن نێرینە بێت یان مێینە، ئافرەتیش لە ناخی دڵەوە ئارەزوو مەیلی بەلای پیاودا دەڕوات، بە سەیرکردنی ئارەزووی دەبزوێت، هەر بۆیە خوای گەورە فەرمانی بە ڕەگەزی مێینە کردووە کە چاویان دابگرن، بەڵام فیتنەی سەیرکردنی حەرام لە مێینە زۆر کەمترە لەوەی نێرینە لەبەر هەندێک هۆکاری فیسیۆلۆژی و دەروونی و ئەخلاقی.
- کاتێک هێلکە لە هێلکەدان دادەبەزێت، شێوەی زۆر جوان و ڕازاوەیە، بە هێمنی و بەلار و لەنجە دەڕوات، بەڵام هەرگیز سەیری ئەملا و ئەولا ناکات هەروەک لە سپێرمدا دەیبینین، چونکە کاردەکاتە سەر جوانی و سەنگ و کەسایەتیەکەی، واتە سیفەتی جوانی، ڕازاوەیی، حەیا و شەرم، هێمنی و چاو داگرتن لە ئافرەتان خۆڕسکە و فیترییە.
- هەروەک چۆن لە ژیانی ناوسکی دایک سپێرم بەدوای هێلکە دەچێت و داوای دەکات و هەوڵ دەدات ببێتە هاوبەش و هاوسەری ژیانی، بە هەمان شێوە خوای گەورە لە ژیانی دونیادا وای داناوە پیاو داوای ئافرەت بکات، تاوەکو ئافرەت هەر لەسەر سەنگ و جوانی و حەیا و شەرمی خۆی بمێنێت، ئەو زانستە پزیشکیانە بەڕاستی ڕێزی ئیسلام بۆ ئافرەت و بەرز نرخاندنی ئافرەتمان بۆ دەردەخات، بەڵام بە داخەوە زۆربەی ئافرەتان خۆیان ئەو خەڵاتە خواییەیان ناوێت، لە جیاتی سوپاسگوزاری، کوفری پێدەکەن، مەگەر ئەوانە خودای گەورە بەزەیی پێیاندا هاتووەتەوە.
- پێکهاتەی جەستەیی ئافرەت جاوانتر و ڕێکترە، شێوە و ڕووکاری دەرەوەی ڕازاوەترە لەوەی پیاو، ئەمانەش وا لە پیاو دەکەن زیاتر ئارەزووی سەیرکردنی زیاتر دەبێت، زیاتر بیر لە جوانی ئافرەت بکاتەوە، پیاوان کە لە دەرەوەن زۆربەی کات بۆ کارکردن و بژێوی پەیدا کردنە، بۆیە بە دیمەنێکی ڕازاوە و پۆشتەیی دیار ناکەوێت، هەرچەندە لەم سەردەمەی ئێستامان جۆری ژیان و کارکردن و بژێوی پەیدا کردن بووەتە کێخوایەتی و ماندوو بوون و هیلاکی پێوە دیار نییە، بۆیە خودای گەورە بۆ ئافرەتانیش چاو داگرتنی دەستوور داوە.
- ئارەزووی جنسی ئافرەتیش دەجوڵێت بە سەیرکردنی پیاو، بەڵام لەبەر کەم جورئەتی ئافرەت و کەم چوونە پێشی ئەو هەستی بینینە نا بێتە بزوێنەرێکی کاریگەر لەناو دەماخ و جوڵێنەری دەمارە خانەکان، تاوەکو ببێتە بارگەیەکی کارەبایی بۆ جوڵانی ماسولکەکانی لەش بە ئاراستەی ئامانجەکە، ئەو خەیاڵ و ئەندێشەی هەیبووە نا ببێتە ڕاستەقینە هەروەک لە نێرینەدا دەیبینین.
- سروشت و خۆڕسکی لە گشت ئافرەتێکدا دوورە پەرێزی و دوورکەوتنەوە و قەدەغەکردن و بەرپەرچ دانەوە زۆر زەق و ئاشکرایە.
- ئافرەتان بە گشتی زیاتر گرنگی بە پێداویستی جوانی، کۆمەڵایەتی، ئاینی دەدەن.
- ئافرەتان بە گشتی زیاتر ڕەچاوی ئەرکە شەرعیەکان دەکەن، وەک پۆشتەیی و داپۆشین و نەهاتنە دەرەوە، هەر ئەوانەش وای کردووە، بێتە بەربەست لە بەردەم درووستبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان.
لە کۆتایدا دەڵێن سەیرکردنی ئافرەت بۆ پیاو بە پلەی دووەم دێت لە ترسناکی و کەوتنە ناو گوناح و تاوانی داهاتوو، گەر وانەبوایە ئەوا خودای گەورە حیجاب و پۆشتەیی لەسەر پیاوانیش دادەنا تاوەکو ئافرەتان سەیریان نەکەن واللە اعلم.
سەرچاوەکان
1123 بینین