ناوهڕۆك
النساء
تەفسیری سورەتی النساء بۆ كوردی لەلایەن هەژار موكریانییەوە
بۆ بینینی ئایەتی سەرەتا بۆ 99 - كلیك بكە
(١٠٠) ھەر کەسێکی لە ڕای خودا ل ەماڵی خۆی ھەڵوەدا بێ، لەم زەمینە گەلێ شوێنی حاوانەوە و فەرحانی بۆ پەیدا دەبێ. ھەر کەسێکیش لە زێدی خۆی دەربکەوێ و لە ڕێی خودا و پێغەمبەری خودادا دەربەدەر بووبێ و لە ئاوارەییدا بمرێ، خودا بۆ خۆی دەستەبەری پاداشیەتی و خوا لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٠١) ئەر چوونە سەفەر و ترسان لەوە کە خوانەناسەکان تووشی تەشقەڵەتان بکەن، ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ نمێژتان ھەڵبقرچێنن. بە ڕاستی خوانەناسەکان بە ئاشکرا دوژمنتانن.
(١٠٢) ئەگەر تۆش دەگەڵیان [دەسەفەردا بووی] بۆ خۆت نوێژت بۆ دابەستن، با ھێندێکیان بە چەکەوە نوێژ لە دوای تۆوە دابەستن؛ ئەگەر لە سوژدە بوونەوە بچنە دواوە و لە پشتەوە بووپارێزن. ئەمجار ئەوانەی لە نوێژدا بەشدار نەبوون، بێنە پێش و نوێژێ دەگەڵ تۆ دابەستن و لە سەر ھۆش بن لە چەکەکان و لە خۆیان. خوانەناسان بە ئارەزوون ئێوە ئاگا و لە چەک و ئەسبابتان ببڕێ و لەپڕ پەلامارتان بدەن. ئەگەر باران تووشی سەغڵەتیتان دەکا، یان نەخۆشن، ئەگەر چەکەکانوو دانێن ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ؛ بەڵام ھەر دەبێ وشیار بن. دیارە خودا بۆ ئەوانەی دین دوژمنن، ئازاردانی ئابڕووبەری ساز کردووە.
(١٠٣) ھەرگا لە نوێژێ بوونەوە، بەپێوە و بە دانیشتن و کە لە سەر لایەک ڕادەکشێن، یادی خودا و لە بیر نەچێ. لە وەختی خاترجەمیشدا - کە ھیچ ترستان نەماوە - بە ئاسایی نوێژەکانی خۆتان بکەن. نوێژ لە سەر خاوەن باوەڕان نووسراوێکە، وەختی بۆ دیاری کراوە.
(١٠٤) لە دانەپەی دوژمنا ھیچ سستی مەکەن. ئەگەر ئێوە لەوان تووشی ئازار دەبن، ئەوانیش - ھەروەکوو ئێوە - لە ئێوە ئازار دەبینن. ئێوە ھومێدوو خودایە، ئەوان ئەمەشیان لا نییە. خودا زانای لەکارزانە.
(١٠٥) ئەم قورعانەمان بۆ لای تۆ ناردۆتە خوار، کە ھەرچی تێیدایە ڕاستە. سا تۆ بە ھۆی ئەم قورعانە - وەک خودا ڕێی نیشان داوی - بەکاری مەردم ڕابگە، خۆشت مەکە بە لاگری گزیکاران.
(١٠٦) لە بەر خودا بپاڕێوە کە لێت خۆش بێ، خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٠٧) گێرە و کێشە لەسەر ئەو کەسانە مەکە کە دەگەڵ خۆیان غەیانن. خوا حەز ناکا لەو کەسانەی زۆر غەیان و گوناھبارن.
(١٠٨) شت لە خەڵک دەشارنەوە، خۆ ناتوانن لە خودا ھیچ بشێرنەوە؛ خوداش دەگەڵیانە کاتێ کە شەوانە قسەگەلێ دەکەن کە پێ قادێ نییە. ھەر کارێکی ئەوان دەیکەن، دیارە خودا ئاگای لێیە.
(١٠٩) وا گریمان تا لە سەر دنیا ژیاون، توانیت لاگیریان لێ بکەی و لە سەر ئەوانە بە جواب بی؛ ئەدی کێ لە ڕۆژی سەڵا توانای ھەیە - کە لە بەرانبەر خوداوە - لە سەر ئەوان بکاتەوە، یان کێ ھەیە کارەکەیان وەستۆ بگرێ؟
(١١٠) ھەر کەسێکیش کاری نالەبار بکا، یان غەدرێکی لە خۆی بکا، پاشان لە خودا بخوازێ کە بیبەخشێ، دەبینێ کە خوا لێی بوور و دلۆڤانە.
(١١١) ھەر کەس گوناحێ بکا، گوناھەکەی زیان بە خۆی دەگەیێنێ و خودا زانای لەکارزانە.
(١١٢) ھەرکێ بە ھەڵە یان بەقەست، تاوانێکی لێ ڕووبدا و بیخاتە سەر بێگوناھێک، ئاشکرایە باری تاوانی، بوختانی لە سەر شانە.
(١١٣) ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەھانای تۆ نەھاتایە، ھێندێ لەوان قورمی خۆیان خۆش کردبوو ڕێت لێ ون کەن. ھەر خۆیانن کە ڕێگە لەخۆ گوم دەکەن؛ ئەو ناتانن ھیچ زیانێک لە تۆ بدەن. خوا کتێبی بۆ ناردووی و لەکارزانی فێر کردووی؛ زۆر شتی وای فێری تۆ کرد کە تۆ پێشوو نەت دەزانین. چاکەی زۆر ھێژا و گرینگت لە خواوە دەگەڵ کراوە.
(١١٤) زۆربەی سرتە و چپەکەیان بەھرەی نییە، جا مەگین باسی خێرات و کاری ڕەوا و پێک ھێنانەوەی مەردم بێ. ھەر کەس مەحزی ڕەزای خودا چپە بکا، لە دواڕۆژدا پاداشی گەورەی دەدەینێ.
(١١٥) ھەر کەسێکی لە پاش ڕاستی بۆ دەرکەوتن و شارەزا بوونی لەم دینە، پێچەوانەی پێغەمبەر بجووڵێتەوە و ڕچەیەک بگرێتە بەرێ کە ڕێی باوەڕداران نییە، ئێمە بەو ڕێیەیدا دەبەین کە خۆی ھەڵیبژاردووە. تا دەیخەینە جەھەندەم و دواڕۆژی زۆر ناخۆش دەبێ.
(١١٦) خودا لەوانە نابوورێ کە شەریکی بۆ بناسن. لەوە پێوە لەھەر کەسێ بۆ خۆی حەز کا، عافووی دەکا. ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا دابنێ لە ڕادەبەدەر گومڕایە.
(١١٧) ئەوانە لەجیاتی خودا ھانا دەبەنە بەر بەرد و کڕەکی وا کە زۆربەیان ناوی مێوینەیان ھەیە و دیارە ھاوار دەبەنە بەر ئەو شەیتانەی سەربزێوی کردووە و دەرکراوە؛
(١١٨) خودا بە نەحلەتی کردووە و ئەویش لە جوابا گوتوویە: شەرتە لە عەبدەکانی تۆ بەشێک بۆ خۆم گل دەمەوە؛
(١١٩) دیاریشە لە ڕاستە ڕێ یان دەردەخەم و دڵیان پر دەکەم لە ئاوات و بۆ خۆم فەرمانیان پێدەدەم گوێچکەی وڵساتیان دادڕن و فەرمانیشیان بۆ دەردەخەم تەرح و بیچمی ئەو شتانەی خوا کردوویە، تێکی بدەن و بیگۆڕن. جا ھەر کەسێ خودای نەوێ و دەگەڵ شەیتان ببێتە دۆست، دیارە چەند زیانمەند دەبێ.
(١٢٠) بەڵێ بەڵێنیان پێدەدا و دەیانخاتە سەر ئارەزوو. ئەو بەڵێنی کە شەیتان بەوانی دەدا، فریو نەبێ چیتر نییە.
(١٢١) جێی ئەوانە جەحەندەمە و دەرەتانی تریان نییە.
(١٢٢) ئەوانە کە بە بڕوان و ئاکار چاکن، دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. دیارە وادەی خودا ھەقە و کێ لە خودا ڕاسگۆترە؟
(١٢٣) نە بە ئاواتی ئێوەیە و نە بەھەوا و ئارەزووی ئەو کەسانەیە بە ئەھلی کتێب حەسێبن. ھەر مرۆیەک کارێکی نالەبار بکا، بەو کارەی خۆی جزیا دەدرێ و جیا لە خوا ھیچ کەسی بۆ پەیدا نابێ دۆستی بێ و دەھاواری بێ.
(١٢٤) ھەر مرۆیەک – نێر بێ یان مێ – ھەر ھێندە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ، دەچنە بەھەشتەوە و بە ئەندازەی تڵیشی وردیلەی ناوکەخورمایەش ناھەقیان لێ ناکرێ.
(١٢٥) چ دیندارێک دینی لەو کەسە چاترە کە خۆی بە خوا سپاردووە و چاکەکارە و کەوتۆتە شوێنی ئایینی ئیبراھیمی لە ناڕەوا لادەر و بەرەو ھەق ھاتوو؟ ئەو ئیبڕاھیمەی کە خودا ببووە دۆستی.
(١٢٦) ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، ھی خودایە و ھەر خوایە لە ھەموو شت ئاگادارە.
(١٢٧) دەربارەی ژنەکانەوە لێت دەپرسن؛ بێژە: بە ھۆی ئەم کتێبە - کە بۆتان دەخوێنرێتەوە - خودا جوابی ئەو پرسیارە و دەداتەوە. ئەو کیژانەی کە بە ھەتیوی ماونەوە و ئەو ماڵەی کە دەیانکەوێ، نایاندەنێ و گەرەکتانە لە خۆتانیان مارە بکەن، ھەروەھا ئەو مناڵانەی زەبوون و بێ دەرەتانن، لەسەرتانە دەگەڵ ھەموو ھەتیواندا بە یەکسانی ڕەفتار کەن و ئێوە ھەرکارێ چاک بکەن، لێتان ڕوون بێ کە خودا لێی ئاگادارە.
(١٢٨) ئەگەر ژنێک ھەستی بەوە کرد مێردەکەی ئەشقی بووە یا نە ڕووی لێ وەردەگێڕێ، قەیدێ ناکا ھەوڵی لە ھەڤ ھاتن بدەن؛ ئاشت بوونەوە لەو دڕدۆنگیە باشترە. خۆشەویستی ماڵی دنیاش لە لای ھەموو کەسێ ھەیە. جا ئەگەر چاکەی بکەن و خۆ لە ھەڵە بپارێزن، خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
(١٢٩) ئێوە ھەرچەند ھەوڵیش بدەن، قەت ناتوانن لەگەڵ ژنانی خۆتاندا بێ جیاوازی ڕەفتار بکەن. سا ئەوەندە لە خۆیان دوور مەخەنەوە کە ھەڵپەساردە و تەخسیریان کەن. ئەگەر دەگەڵیان پێک بێن و خۆ لە گونا بپارێزن، خودا بووردنی لە لایە و دلۆڤانە.
(١٣٠) خۆ ئەگەر ھەر بە یەکجاریش دەس لێک بەردەن، خودا فەرحانی لە لایە و ھەر دووکیان بێ نیاز دەکا و بەزەیی خودا ھەراوە و ھەر بۆ خۆشی لەکارزانە.
(١٣١) بۆ خودایە ھەر شتێک لە عاسمانان و زەمیندایە. ئەو کەسانەی لە پێشوودا کتێبی ئێمەیان بۆ ھات، ئێوەشمان ڕاسپاردووە کە دەبێ لە خوا بترسن. خۆ ئەگەر حاشاشی لێ بکەن، دیسان ھەرچی کە لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە بۆ خودایە و خوا ھەمیشە ھەر لە گش کەس بێ نیازە و ھەر دەبێ پەسندی بدرێ.
(١٣٢) ئارێ ھەرچی کە لە ناو عاسمانەکان و زەویدایە، سەر بە خوایە. ھەر خودا کارساز بێ بەسە.
(١٣٣) ئەی مەردم! ئەگەر خوا حەز کا، گشتوو تەرت و تونا دەکا و غەیری ئێوە لە جێگەو دادەمەزرێنێ و خودا ئەو کارەی لە دەس دێ.
(١٣٤) کێ لە ئێوە گەرەکیەتی لە دنیا خۆشی ڕابوێرێ، با تێبگا کە خۆشی دنیا و قیامەتیش وا لای خودا و خوداش بیسەر و بینەرە.
(١٣٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە یەکسانی و بێ جیاوازی [بە کاری مەردم ڕابگەن] و بۆ خوداش شایەتی بدەن؛ ھەرچەندە شایەتی دانوو بە زیانی خۆتان و دایک و بابتان و خزمانیشوو بێ. [ئەر شایەتی بۆدراوان] دارا بن یاخۆ ھەژار بن، خوا بۆ ئەوان دڵسۆزترە؛ مەکەونە شوێن ئارەزووتان، نەوا لە ڕێگە لا بدەن. ئەگەر زمان بخەنە لا، یا خۆتان لە شایەتی دان بدزنەوە، لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن، خوا ھەمیشە ئاگادارە.
(١٣٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! وێڕای ئەوەی بڕواتان بە خوا ھێناوە، ئەشێ بڕواو بە پێغەمبەرەکەی ھەبێ و بڕواو بەو قورعانە ھەبێ بۆ پێغەمبەری ناردووە و بڕواتان بەو کتێبەش بێ کە بەر لە قورئان ناردوویە. ھەر کەسێکیش لە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و پێغەمبەرەکانی خودا و ڕۆژی سەڵا حاشا بکا، لە ڕادەبەدەر گومڕایە.
(١٣٧) ئەو کەسانەی ھەوەڵجار بڕوایان ھێنا و پاشان پەشیمان بوونەوە؛ دووبارە بڕوایان ھێنا و بە شوێنیا حاشایان لێ کرد، ئەوسا خودانەناسیان پتەوتر بوو، ھەرگیز خودا نایان بەخشێ و ڕێگایەکیان نیشان نادا.
(١٣٨) مزگێنی بە بەدووڕازان کە ئازارێکی زۆر بەژان وا لە ڕێیان.
(١٣٩) ئەو کەسانەی دەبنە دۆستی خوانەناسان و لە کۆمەڵ باوەڕداران دەتەکنەوە، ئاخۆ بە تەمان کە لای وان قەدر و حورمەتیان دەس کەوێ؟ با بزانن کە قەدر و ڕێز ھەر لای خوا ھەیە و ھیچی تر.
(١٤٠) لەم قورعانا بە ئێوەی ڕاگەیاندووە: ھەرگایەکی پێتان زانی کەسانێک ھەن لە وەختی قورئان خوێندنا دەس دەکەن بە گاڵتەو گەپ و بە درۆی ھەڵبەستەی دەزانن، ئێوە نابێ - ھەتا ئەو باسە نەگۆڕن - لە گەڵیاندا دابنیشن؛ دەنا ئێوەش ئەوسا وەکوو ئەوان دەبن. دیارە خودا گش ئەو کەسانەی دووڕوو بن، وێڕای گەلی خوانەناسان لە دوژەە کۆ دەکاتەوە.
(١٤١) ئەوانە لێتان دەخەڤتێن: سا ھەرگا خوا ئێوەی سەرخست، ئێژن: ئێمەش ھەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ خۆ ئەگەر خوانەناسانیش لە بەشێکدا باو خۆشتر بوون، پێیان ئێژن: ھونەر ھونەری ئێمە بوو؛ ئێمە بە دڵ دەگەڵتان بووین؛ ئێمە نەنھێشت باوەڕداران بتانگەنێ و دەرۆستوو بێن. خودا دوایی و ڕۆژی سەڵا بە کاروبارتان ڕادەگا. خودا ھەرگیز ھیچ ڕێگایەک نادا بە خودانەناسان کە دژی باوەڕداران بێ.
(١٤٢) بە دڵ دەغەڵانی دووڕوو دەیانەوێ خوا فریو دەن، کەچی خوا دەیانخەڵەتنێ. ئەگەر دەچن نوێژ دابەستن، بە تەوەزەلی ھەڵدەستن؛ ڕووبینی لە خەڵک دەکەن؛ کەمیان نەبێ کەمتر ناوی خوداش دێنن؛
(١٤٣) وازوازین لەم نێوانەدا؛ دوودڵن بچنە لای ئەمان، یان خۆبدەنە لای ئەوان. کەسێ خوا ڕێی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ھیچ ڕێگەیەکی نیشان دەی.
(١٤٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەدەر لە خاوەن باوەڕان مەبنە دۆستی خوانەناسان. ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ بەڵگەیەکی بە ئاشکرای دژی خۆتان بدەن بە خوا؟!
(١٤٥) دیارە ئەو کەسانەی دووڕوون، وان لە قاتی ھەرەبەرەژێری دوژەە. تۆ ناتوانی یاریدەریان بۆ پەیدا کەی.
(١٤٦) مەگین ئەو کەسانەی دووڕوون دەست لە دووڕوویی ھەڵگرن و تەواو پەشیمان ببنەوە و ڕێگەی چاکە بگرنە بەر و خۆیان بە خودا بسپێرن و بە دڵی پاک ببنە دینداری بە ڕاستی. ئەوسا ئەویش وێڕای باوەڕداران دەبن و لە دواڕۆژدا خودا بەباوەڕدارەکان پاداشی زۆر گرینگ دەدا.
(١٤٧) ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا ھەبێ و چاکەی ئەوتان دەچاودا بێ، خوا چ کاری بە ئازاری ئێوە داوە؟ خودا سوپاسی پێزانان قبووڵ دەکا و لە ھەموو شت ئاگادارە.
(١٤٨) خودا پێی خۆش نە ھیچ کەس بە دەنگی بەرز قسەی ناحەز بدرکێنێ؛ مەگین غەدری لێکرا بێ. خودا بیسەر و زانایە.
(١٤٩) ئەگر ئێوە چاکە بکەن - ئەو چاکەیە و ئاشکرا بێ یان نھێنی - یان لە کارێکی نالەبار چاوبپۆشن، خوا ھەمیشە توانایە بۆ عافوو کردن.
(١٥٠) ئەو کەسانەی دڵیان دژی خوا و پێغەمبەرەکانیەتی و دیارە دەیانەوێ لە نێوان خوا و پێغەمبەرەکانی فەرقێ دانێن، ئێژن: ئێمە باوەڕ بەھێندێکیان دەکەین، ھێندێکیشیان بە جێگەی باوەڕ نازانین؛ گەرەکیانە لەم نێوانە ڕێگەیەک بۆ خۆ پەیدا کەن.
(١٥١) بە ڕاستی کە ئەمانە خودانەناسن و ئێمە بۆ ئەو خوانەناسانە ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەس.
(١٥٢) ئەوانەش کە باوەڕیان ھەس بە خوا و پێغەمبەرەکانی و لە ناویانا فەرق و جیاوازی دانانێن، لە دواڕۆژدا خودا پاداشیان دەداتێ و لە گوناھانیان دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٥٣) ئەوانەی ئەھلی کتێبن، لێت دەخوازن کتێبێکیان [بە تایبەتی] لە ئاسمانەوە بۆ بێنی. ھەر ئەوانە ئەوی لە مووسایان دەویست، زۆر لەم کارەش گرینگتر بوو. گوتیان: خوامان بە ئاشکرا پێ نیشان دە! لە سزای ئەم بەدفەڕیەدا بەر ھەورەتریشقە کەوتن. جارێکی تر - پاش دیتنی گەلێک بەڵگەی بە ئاشکرا - چون بوونە گوێرەکە پەرست. چاوپۆشیمان لەوەشیان کرد؛ بەڵگەی دەستەڵات داریمان دا بە مووسا.
(١٥٤) بە ھۆی پەیمانێ کە دایان، چیای توورن لە سەر وان لە بەرزی ڕاگرت؛ پێمان وتن: بە سوژدەوە لەو دەرکەوە بچنە ژوورێ و پێشمان وتن نابێ لە ڕۆژی شەممەدا دەست درێژیو لێ ڕوو بدا؛ پەیمانێکی پتەویشمان لێ ستاندن.
(١٥٥) ئەوسا لە سەر پەیمان شکاندنیان و خۆبواردنیان لە نیشانەکانی خوا و ھەر لە ناھەق کوشتنی پێغەمبەرانیان و گوتنیان: «ئێمە دڵمان داخراوە»؛ [بەر نفرینی خۆمان خستن.] ھەر خودا خۆی دڵی بە مۆر داخستبوون. ئیتر بەشی کەمیان نەبێ، لە باوەڕ ھێنان بێ بەشن.
(١٥٦) لە بەر لە ڕێ خوا لادان و ئەو بوختانە گەورە بۆ مەریەمیان ھەڵبەست؛
(١٥٧) لە بەر ئەوەش کە دەیانگوت: ئێمە عیسای کوڕی مەریەمن لە ناو برد - کە پێغەمبەری خودا بوو - کەچی نە ئەوان کوشتیان، نە توانیان لە قەنارەی دەن؛ بەڵام سەریان لێ تێک چووبوو، نەیانناسی و ئەو کەسانەی دەربارەی ئەم لە ناو خۆدا کێشەیانە، لە ڕایەکەیان دوودڵن لەو بارەوە و ھەر پەیڕەوانی گومانن و بێگومان نەیانکوشتووە؛
(١٥٨) بەڵکوو خوا بەرەو خۆی ھەڵکێشایەوە. خوا ھەمیشە خاوەنی دەستەڵات بووە و لەکارزانە.
(١٥٩) لەوانەی ئەھلی کتێبن، ھەر کەسێکیان - بەر لە مەرگی - بڕوای بە عیسا دەھێنێ، دیارە [عیساش] ڕۆژی قیامەت دەبێتە شایەت لە سەریان.
(١٦٠) بەو ناھەقیەی کە لە جوولەکان دەرکەوت و زۆر کەسیان لە ڕێگەی خودایە وەرگەڕان، لەو شتانەی بۆیان ڕەوا کرابوو، بێ بەشمان کردن.
(١٦١) ھەروا بە ھۆی سووت خواردنیان، کە پێیان گوترابوو مەیخۆن و بە فێڕۆ دارایی مەردمیان دەخوارد؛ ئێمەش بۆ ئەو پێ نەزانانن و سپڵانە ئازارێکی گەلێ بەژانمان ساز داوە.
(١٦٢) بەڵام زۆر زاناکانیان و بڕواداران - بە تایبەت ئەو کەسانە وا نوێژ بە باشی بەجێ دێنن - ھەروەھا زەکات دەران و ئەوانەی کە بە خوا و بەرۆژی سەڵا خاوەن بڕوان و بەوەی بۆ تۆ ناردراوەتە خوارەوە و بەوەش وا پێش تۆ ناردراوە، باوەڕیان ھەس؛ بە ئەوانە بەم زووانە پاداشێکی گرینگ دەدەین.
(١٦٣) ئێمە فەرمانی خۆمانمان خستە دڵت، ھەر وەک نووح و پێغەمبەرانی دوای ویشمان واتێگەیاند. خستیشمانە دڵی پاکی ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەکان و عیسا و ئەییوب و یونس و ھاروون و سولەیمان؛ زەبووریشماندا بە داوود.
(١٦٤) پێغەمبەرانی دیکەشمان بەڕێ کردن؛ چ ئەوانەی کە دەپێشدا بوون و چوون و سەربھوردیانمان بۆ گوتووی و چ ئەوانەی دەربارەیان نەمدواندووی. خوداش بۆ خۆی - ڕاستەوخۆ - مووسای دواندوووە.
(١٦٥) گش لە گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون. ھەتا لە پاش پێغەمبەران ئەو خەڵکە ھیچ بەڵگەیەکیان لە لا نەبێ بۆ لای خودا. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(١٦٦) خودا بۆ خۆی ئاگای لێیە و فرشتەکانیش ھەموویان ئاگادارن، کە خودا بە زانستی خۆی ئەمەی بۆ تۆ ناردۆتە خوار. ئاگادار بوونی خوا بەسە.
(١٦٧) ئەوانەی لە دین دەرچوون و ڕێگەی خوداناسان دەبڕن، ڕێ لێ گوم بووی لە ڕادەبەدەر ئەوانن.
(١٦٨) ئەوانە لە ڕێگەی خودا لایاندا و ناھەقیان کرد؛ خودا نە لێیان خۆش دەبێ، نە ڕێگەیەکیان نیشان دەدا؛
(١٦٩) مەگەر تەنیا ڕێی جەحەندەم، کە ھەر تیا دەمێننەوە و ئەمەش لای خودا ھاسانە.
(١٧٠) ئەی خەڵکینە! ئەم پێغەمبەرە بەرھەقە و لەلایەن پەروەرندەتانڕا ھاتووە. دەسا باوەڕی پێ بێنن قازانجتانە. ئەگەر لە قسەی خوداش دەرچن، باش بزانن ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە و خودا زانای لەکارزانە.
(١٧١) ئەی کەسانی ئەھلی کتێب! ھەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ جگە لە ڕاست دەربارەی خودا مەبێژن. ئاشکرایە کە مەسیحی کوڕی مریەم پێغەمبەری خودا بووە. خودا بە فەرمانی خۆی و ھەر لە نەفەسی پیرۆزی خۆی ھاویتیە ناو تۆلی مەریەم. دەسا ئێوە باوەڕتان بە خودا ھەبێ و بە پێغەمبەرانی ئەویش بڕوا بێنن و مەبێژن سێن. واز لەم قسانە بھێنن؛ کە بۆ ئێوە وا چاکترە. دیارە ھەر خوایەکتان ھەیە و ئەویش لەو تۆمەتە دوورە کە ھیچ فرزەندێکی ھەبێ. ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، ھەر بۆ ئەوە. بۆ پێک ھێنانی کاروبار ھەر خۆی بەسە.
(١٧٢) مەسیح ھەرگیز لەوە حاشای نەکردووە کە بەندەیەکی خودایە؛ فرشتانی نزیک بە خوداش، ھەر وەتر. ھەر کەسێکی بە کوێلایەتی خودا ڕازی نەبێت و بادی ھەوایی بنوێنێ، ھەر بینا خوا ھەموو لایەک لە لای خۆی کۆکاتەوە.
(١٧٣) ئەوسا ئەوی خاوەن باوەڕ و کارچاکن، سەرباری پاداشی خۆیان خودا پتر چاکەیان دەربارە دەکا. ئەو کەسانەش کە لە خودا لایانداوە و پیشەیان لووت بەرزی بووە، خودا تووشی جەزرەبەی بەژانیان دەکا و لە خوا پێوە ھیچ دۆست و ھاریکارێکیان دەس ناکەوێ.
(١٧٤) ئەی خەڵکینە! لەپەروەرندەی ئێوەڕا بەڵگەیەکتان بۆ ھاتووە و ڕۆشنا