بۆچی لە ئیسلامدا بڕیاری تەڵاق بە دەست پیاوە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-01:26:00 - کۆدی بابەت: 4440
بۆچی لە ئیسلامدا بڕیاری تەڵاق بە دەست پیاوە؟

ناوه‌ڕۆك

بۆچی لە ئیسلامدا بڕیاری تەڵاق بە دەست پیاوە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو هۆیانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

یەکەم: هۆکارە فیتریەکان (خۆڕسکیەکان)

١-هەڵچوونی خێرای سۆز، خێرا وەڵامدانەوەی پاڵنەرەکانی دەرەکی، خێرا بە دەمەوەچوونی ڕووداوی عاتیفی، بوونی ژمارەیەکی زۆر هۆرمۆنی مێینە، گۆڕانی ڕێژەی ئەو هۆرمۆنانە بە بەردەوامی لە کاتی سوڕی مانگانە و سکپڕی و زەیستانی، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریە جەستەیی و دەروونیانەی ڕوودەدات بەهۆی گۆڕانی ڕێژەی ئەو هۆرمۆنانە، وای کردووە ئافرەتان بە گشتی میزاج گۆڕاو و کەم خۆڕاگربن بەرامبەر ڕووداوەکان، یان بەردەوام بن لەسەر کار و پڕۆژەکانیان (ئەمەش لایەنی نەرێنی ئافرەت نییە و سروشتی خۆی وایە)، پیاو لە خۆڕسکەوە سیفەتی چەسپاوی هەیە، خاوەن عەزیمەیەکی تووندە، کەم هەڵدەچێت و وەڵامدانەوەی لەسەرخۆیە، میزاجی نەگۆڕە، بیر و هۆش بەکاردەهێنێت لە جیاتی سۆز و عاتیفە پێش وەڵامدانەوە و هەنگاونان بۆ کار و کاردانەوە، ڕێژەی هۆرمۆنەکانی نەگۆڕە.

٢-ئافرەت لەناو ماڵی خۆی لەناو کەس و کاری دانیشتووە و پیاو دێت بۆ خوازبێنی لەگەڵ گرتنە ئەستۆی هەموو خەرجی و پێداویستی ژیانی هاوسەریەتی (شوێنی حەوانەوە، بژێوی ڕۆژانە، چاودێری و پارێزگاری...هتد)، بۆیە بڕیاری سەرەکی و کۆتایی هێنانی ژیانی هاوسەریەتی دەبێت بەدەست پیاو بێت، چونکە باری قورس و گران لەسەرەتا و کۆتایی ژیانی هاوسەریەتی لەسەر ئەوە، مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی وا هاتووە، تەنها لە هەندێک باری تایبەت نەبێت.
٣-پیاو هەست بە لێپرسینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات کاتێک کە ژیانی هاوسەریەتیەکەی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، هەست بەوە دەکات ڕۆڵی باوکایەتی و چاودێری و سەرپەرشتی وون دەکات و لە دەستی دەدات بۆیە وا بە ئاسانی بڕیاری تەڵاق نادات.

دووەم: هۆکارە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان

١-هەرکات ئافرەت ڕەزامەندی خۆیدا لەسەر ژیانی هاوسەرێتی، ئەوا پیاو هەموو پێویستیەکانی ژیانی خێزان دابین دەکات، ئەمەش ناڕاستەوخۆ وا دەگەیەنێت کەوا ئافرەت ڕەزامەندی هەیە لەسەر ئەوەی پیاو جڵەوی کاروباری خێزان بگرێتە ئەستۆ، هەروەک بەدەنگەوە چوونی فیترە و بەرژەوەندی کۆمەڵگە.
٢-کاتی جیابوونەوە و دابڕان  ئافرەت هیچ پاڵەپەستۆیەکی ناکەوێتە ئاستۆ، بەڵام پیاو زۆر جۆر لە غەرامە و ئابووری دەکەوێتە ئەستۆ، وەک:
ا-ئافرەت مافی مارەیی دواخراوی دەکەوێت.
ب-ئافرەت مافی شوێنی حەوانەوە و خەرجی دەبێت تاوەکو بەسەرچوونی ماوەی عیدە.
ج-خەرجی شیردانی منداڵ و لە ئامێزگرتنی منداڵ دەکەوێتە ئەستۆی پیاو.
د-دابین کردنی خەرجی و پێداویستیەکانی پێکەوەنانی ژیانی هاوسەرێتی نوێ لەلایەن پیاوەکەیە.
هەموو زیانە ئابووریەکان کە دەکەویتە ئەستۆی پیاو، وا دەکات پەلە نەکات لە بڕیاری تەڵاقدان.


سەرچاوەکان



762 بینین