تۆڕ

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-08-22:02:00 - کۆدی بابەت: 5235
تۆڕ

ناوه‌ڕۆك

شیکاری زاراوەی تۆڕ

تۆڕ بۆ پەیوەندی یا ڕاگەیاندنی هەواڵ لە نێوان ئەندامانی گروپێکدا بەکاردێت. تۆڕ بریتییە لە هەودا گەلی پێکچنراو کە دەبێتە هۆی پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئەندامانی گروپێک لەگەڵ یەکتر. پەیوەندی و گەیاندنی هەواڵ لە نێوان ئەندامانی گرووپێکدا قەد بە یەک جۆر نییە، هەندێ لە ئەندامان لە چآو ئەندامانی تر پەیوەندییەکی زۆرتریان هەیە، چەند و چۆنی ئەم پەیوەندییە لە ژێر کاریگەری کۆمەڵە پەیوەندییەکی فەرمی یان نافەرمی و هەروەها پێکهاتەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی گرووپ، ئامانجەکانی گروپ و جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی تاکەکان، کەناڵی پەیوەندی نێوان تاکەکانی گروپ بە گوێرەی گۆڕانی کاری گروپ تووشی گۆڕان دەبێت.

تۆڕەکان یەکێکە لە کەرتە ناسراوەکان و ئاشناکانی ژیانی ڕۆژانەمان پێک دێنن، بۆ نموونە کاتێک دوو خاوەن کارگە لە میوانییەکدا لەگەڵ یەک ئاشنا دەبن، کارتەکانیان دەگۆڕنەوە و لەسەر کاروبار و شوێنگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەدوێن. لە ڕاستیدا هەردووکیان دەستیان داوە بە بەرفراوان کردنی تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆیان،  کاتێک بە شوێن کارێکدا دەگەڕێن سەرەتا دەڕۆینە لای کەسانێک لە ناو تۆڕی پەیوەندییەکانمان، تا هەم سەبارەت بەو کارەی کە دەمانەوێ زانیاریمان پێ بدەن و هەمیش ئەگەر کارێکیان لە دەست هات بۆمانی جێبەجێ بکەن، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بینینەوەی کارێکی باش پیویستی بە پەیوەندی لەگەڵ کەسانێک هەیە کە لە ناو دام و دەزگا حکوومییەکاندا پەیوەندییەکی زۆریان هەبێ، زیاتر لەم وڵاتانەدا بۆ گەیشتن بە کاروبار و پێگەی کۆمەڵایەتی بوونی تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیوەندییەکان کاریگەری زیاترە تا لێهاتووی و شارەزایی خودی تاک.

بەشەکانی تۆڕی پەیوەندی نێوان تاکەکان

  • تۆڕی پەیوەندی دەسەودایرەکان (Clique Network): ئەم تۆڕی پەیوەندییە تۆڕێکی زۆر ئاڵۆزە کە تێیدا هەموومان پێکەوە پەیوەندییان هەیە و بە زیاتر بوونی ئەندامان ئاڵۆزی تۆڕەکە زیاتر دەبێ، بۆ نموونە گەر ئەم تۆڕە لە (A,B,C,D,E) پێکهاتبێ، هەمووی ئەمانە لەگەڵ یەک، نەک بە هۆی یەکەوە پەیوەندییان هەیە.
  • تۆڕی پەیوەندی خولگەیی (Orbit Network): لەم تۆڕی پەیوەندییەدا، بۆ نموونە (C) لە ناوەڕاستیایە و  (A,B,D,E) تەنیا لەگەڵ (C) پەیوەنییان هەیە نەک لەگەڵ یەکتر.
  • تۆڕی پەیوەندی زنجیرەیی (Chain Network): لەم تۆڕی پەیوەندییەدا کە وەکوو ئەڵقەکانی زنجیر پێکڕا بەستراون (A) لەگەڵ (B) و (B) لەگەڵ (C) و هەر بەو چەشنە تا دەگاتە (D) لەگەڵ (E) پەیوەندی هەیە، بە واتایەکی ساکارتر، پەیوەندی ئەمانە وەکو ئەڵقەکانی زنجیرە کە پەیوەندی یەکەم ئەڵقە لەگەڵ ئەڵقەی سێیەم بە هۆی ئەڵقەی دووەمەوەیە.
  • تۆڕی پەیوەندی بازنەیی (Ring Network): لەم تۆڕی پەیوەندییەدا پەیوەندی ئەندامان وەکو ڕۆشتنە بەسەر لێواری بازنەیەکدا، ئەم پەیوەندییەش زنجیرەییە بەڵام بە پێچەوانەی تۆڕی زنجیرەیی لەسەر هێڵێکی ڕاست نین، بەڵکو لەسەر بازنەیەکن کە لە کۆتاییدا دەگەنەوە بەیەک.


سەرچاوەکان



782 بینین