هاککردن

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-16-21:40:00 - کۆدی بابەت: 5362
هاککردن

ناوه‌ڕۆك

هاککردن

زاراوەی هاکەر یاخود دزەکردن (Hacker,Hacking) لە مێژوودا ئاماژە بووە بۆ زیرەکی و بیرکردنەوەی پوختەبەخشانە، چەمکی هاککردن تەنیا پەیوەست نەبووە بە جیهانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، بەڵام ئەوەی لە جیهانی کۆمپیوتەردا هەیە ئەوەیە کە هاککردن بریتییە لە هەوڵێکی تەکنەلۆژی کە لە لایەن کەسێکەوە ئەنجام دەدرێت بۆ دەستکاریکردن و کۆنترۆڵکردن و تێکدانی کاری سروشتیی سیستەم یاخود ئامێرەکان، بەم شێوەیەش چەتە یاخود هاکەر بەرپرسە لە کرداری هاککردن، زیاتر وشەی هاککردن بۆ باسکردنی ئەو دزەکردنانە بەکار دێت کە بۆ ماڵپەڕ و سیستەمەکان دێنەپێش، ئەم کارە لە کاتی دزەکردنە نێو ماڵپەڕ و سیستەمەکان بەرگوێ دەکەوێت، سەرەتای هاککردن بەم شێوەیەی ئێستای دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک ئەندازیارانی پەیمانگەی ماساچوستس بۆ تەکنەلۆژیا (Massachusetts Instute of Technology) بۆ یەکەم جار بڕیاری گشتیکردن و فراوانکردنی مانای هاکیان دا، بەم شێوەیە کارکردن لەسەر ئەم چەمکە بەردەوام بوو لەو کاتەدا، ئەوکات ئەندازیاران ئەم کارەیان بۆ تاقیکردنەوەی زانستی و تەکنەلۆژیای بێ زیان دەکرد.

شێوازە بەکارهاتووەکانی هاککردن

هاکار یاخود دزەکەرەکان پشت دەبەستن بە هەندێک ڕێگا و شێواز تا بگەن بە ئامێرەکانی کۆمپیتەر، بەڵام شێوازی سەرەکی کە پشتی پێدەبەستن بریتییە لە کۆدە پڕۆگرام کراوە تایبەتەکانی کۆمپیتەر (Computer code)، بە شێوەیەک کە زۆرینەی زۆری چەتەکانی ئینتەرنێت پشت بەم کۆدانە دەبەستن کە زۆر بە ئاسانی دەستیان پێی دەگات لە ئینتەرنێتدا، لە کاتێکدا کەمینەیەکی چەتەکان هەن کە کۆدی تایبەتی بە خۆیان دەنووسن، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە بەرنامەی چەپەڵ هەن کە یارمەتی چەتەکان دەدەن بۆ دزەکردنە ناو کۆمپیوتەر و تۆڕەکان، چەتەکان ئەو جۆرە بەرنامانە بەکار دێنن لەبەر چەند هۆکارێک وەک:

  • ڕیکۆرد کردن و تۆمار کردنی ئەو دوگمانەی کە کەسی قوربانی پەنجەی پێداناوە (Log keystrokes).
  • دزینی وشە نهێنییەکانی قوربانی (Gain passwords).
  • دۆزینەوەی کەلێن و چوونە ناوەوە لەڕێگەیانەوە (Gain backdoor access).

هاککردنی ئەخلاقی

دزەکردنی ئەخلاقی، بریتییە لە کرداری هاککردن لە لایەن هاکەران و شارەزایانی کۆمپیتەرەوە، بۆ دیاریکردنی خاڵە لاوازەکان لە سیستەمێکی دیاریکرداودا و بەهێزکردنیان، ئەم جۆرە هاککردنە ئەلیکترۆنییە دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر:

یەکەم: بریتییە لە هاککەرە گەندەڵەکان، کە بە کڵاو ڕەش بەناوبانگن.

دووەم: بریتین لە هاکەرە ئەخلاقییەکان کە نازناویان کڵاو سپییەکانە.

هەبوونی کڵاو سپییەکان یاخود هاکەرە ئەخلاقییەکان لە جیهانی ئینتەرنێتدا شتێکی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئینتەرنێت کۆگای ژمارەیەکی زۆر لە زانیاری و نهێنیی تایبەتییە، بەهۆی بوونی ئەم بڕە گەورەیەی زانیارییەکانەوە، دەبێت  پەرەپێدانی بەردەوام هەبێت بۆ سیستمەکان، باشترکردنی بەردەوامی سیستەمەکانی بەرگری، ڕۆڵی هاکەرە ئەخلاقییەکان لێرەدایە، لەبەر ئەوەی ڕێگری بکەن لە هاکەرە گەندەڵەکان لە گەیشتن بە زانیاری و داتا تایبەتییەکان.


سەرچاوەکان



2534 بینین