لەتکردنی مانگ لەلایەن پێغەمبەرەوە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-20-02:50:00 - کۆدی بابەت: 5429
لەتکردنی مانگ لەلایەن پێغەمبەرەوە

ناوه‌ڕۆك

ڕووداوی کەرتبوونی مانگ

ڕووداوی کەرتبوونی مانگ یەکێکە لەو پەرچوویانەی کە خودای گەورە پاڵپشتیی پێغەمبەرەکەیی پێکرد، لەم ڕووداوەدا مانگ کەرتبوو بۆ دوو بەش، ئەم ڕووداوە پێش کۆچکردنی پێغەمبەر (د.خ) بوو بۆ مەدینە، کاتێک بێباوەڕان داوایان لە پێغەمبەر (د.خ) کرد کە بەڵگەیان بۆ بێنێتەوە لەسەر پێغەمبەرایەتیی، پێغەمبەری خودا ئاماژەی بۆ مانگ کرد، تەماشا دەکەن مانگ دابەش بووە بۆ دوو کەرت، تەنانەت هەندێکیان ئەشکەوتی حەڕایان لە نێوانیاندا بینیوە، ئەم ڕووداوە لە قورئانیشدا باسی هاتووە، خودای گەورە لە سورەتی قەمەر فەرموویەتی (اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ)، بەڵام بێباوەڕەکان دەربارەی ئەم پەرچووە هەڵوێستیان بەدرۆخستنەوە و ڕێگری کردن بوو، تەنانەت پێغەمبەر (د.خ)ـیان تۆمار کرد بە سیحرکردن.

هەڵوێستی بێباوەڕان لەم ڕووداوەدا

لە سەرەتای دابەزینی سرووشەوە، هاوەڵدانەرەکان هەوڵیان داوە کە بانگەواز نەگات بە خەڵکی، لەم ڕێیەدا جۆرەها شێواز و ڕێگایان بەکارهێناوە، بۆ نموونە: گاڵتەپێکردن و بەدرۆخستنەوە، ڕابواردن بە پێغەمبەری نازدار (د.خ) و بە پەیامەکەی، داوایان دەکرد کە بەلگە بێنێتەوە لەسەر ڕاستگۆیی و سروشەکەی، وایان نیشان دەدا کە ئەگەر موعجیزەیەکیان نیشان بدرێت باوەڕ دەهێنن، لە ڕاستیدا ئەوان مەبەستیان لەم داواکاریانە گەڕان بە دوای ڕاستیدا نەبوو، بەڵکو دەیانوسیت بەم شێوەیە پێغەمبەر (د.خ) بخەنە شەرمەزارییەوە، خودای گەورە ئاشکرای دەکردن و ڕسوا و بێ ئەرزشی دەکردن، لەگەڵ زیادبوونی داواکاریی بێباوەڕان بۆ موعجیزە و پەرچووەکان، خودای گەورە وەڵامی داواکارییەکەیانی دایەوە و مانگی بە کەرت کراوی نیشان دان، تەنانەت ئەشکەوتی حەڕایان لە نێوانیدا بینی، سەرەڕای گەورەیی ئەم پەرچووە بەڵام دڵی بێباوەڕان هێندە ڕەق بوو باوەڕیان هەر نەدەهێنا، بەڵکو پێغەمبەر (د.خ)ـیان بە جادووکردن تۆمەتبار دەکرد.

تۆمارکردنی مێژوو بۆ ئەم ڕووداوە

مێژوو ئەوەی تۆمار کردووە کە لە هینددا یەکێک لە پادشاکان بەناوی : ''جاکروانی فرماس) ئەم دیاردەیەی بینیوە، لە نووسراوە مێژووییە هیندییەکاندا هاتووە کە ئەم پادشایە ئەم دیاردەیەی بینیوە و شاهێدی ئەم بابەتە بووە، لەو نووسراوەدا کە خاوەنی نووسراوەکە دەیگێڕێتەوە دەڵێت: (مەلک ماجبار ''مالابار'' لە هینددا کەرتبوونی مانگی بینی کە بۆ محمد ڕوویدابوو (مەبەستی پێغەمبەرە درودی خودای لەسەر بێت)، لە کاتی لێکدانەوەی ئەم ڕووداوەدا بۆی دەرکەوت کە ئەمە نیشانەی پێغەمبەرایەتی و هاتنی نێردراوێکە لە دورگەی عەرەبەوە، لەوکاتەدا پادشا کوڕەکەی خۆی کرد بە جێنشین و بەڕێکەوت بۆ گەیشتن پێی)، ئەم نووسراوە شایەتییەکی ڕوونی مێژوویی دەدات دەربارەی یەکێک لەو پادشایانەی بە چاوی خۆیان ڕووداوەکەیان بینیوە.


سەرچاوەکان



2385 بینین