کێ مزگەوتی ئەقسای دروستکردووە؟

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-07-02:59:00 - کۆدی بابەت: 5773
کێ مزگەوتی ئەقسای دروستکردووە؟

ناوه‌ڕۆك

مزگەوتی ئەقسا

مزگەوتی ئەقسا پیرۆز یەکێکە لە سێ پیرۆزترین مزگەوتەکەی ئیسلام پاش مزگەوتی حەڕام لە شاری مەککەی پیرۆز و مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ لە شاری مەدینەی درەوشاوە, سنوری مزگەوتی ئەقسای پێکدێت لە مزگەوتی قوبەتولصەخرە و مەیدانە گەورەکەی ناوی و شووراکەی, نزیکی 44 دۆنم دەبێت, کە دەکاتە یەک لەسەر شەشی ئەندازەی شاری قودس لە کۆندا, بەرزی شووراکانی نزیکەی 491م دەبێت لە ڕۆژئاواوە, هەروەها 462م لە ڕۆژهەڵاتەوە, و 310م لە باکوورەوە, و 281م لە باشوورەوە.

ئەبو زەڕی غەفاری (خودای گەورە لێی ڕازی بێت) دەفەرموێت, وتم ئەی پێغەمبەر ﷺ, یەکەم مزگەوت کە لە زەویدا دروست کرابێت و بوونی هەبووبێت چ مزگەوتێ بووە, پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: مزگەوتی حەڕام, منیش وتم: ئەی پاش ئەو, فەرمووی ﷺ: مزگەوتی ئەقسا, وتم: چەندێکیان لە نێواندایە درووستبوونیان؟, فەرمووی ﷺ: 40 ساڵ, وە هەرکاتێک پێی گەیشتیت ئەوە نوێژی تێدا بکە, چونکە ئەوە مزگەوتە.

زۆربەی مێژوونووسان ئەم فەرموودەیە بە بەڵگە دەهێننەوە بۆ ئەوەی کە مزگەوتی حەڕام پێش مزگەوتی ئەقسا دووستکراوە, دووبارە بنیاتنانەوەی مزگەوتی حەڕامیش لەسەر دەستی پێغەمبەر ئیبراهیم بوو (سەلامی خودای گەورەی لێبێت) بە بەڵگەی ئەم ئایەتە پیرۆزە: وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ القَوَاعِدَ مِنَ البَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ العَلِيمُ) (البقرە:127).

کێ مزگەوتی ئەقسای دروستکردووە؟

هەندێک لە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خودای گەورەی لێبێت) مزگەوتی ئەقسای دروستکردووە, بەڵام گەر سەیرێکی فەرموودەکەی سەرەوە بکەین کە ئەبو زەڕ گێڕابوویەوە پێغەمبەر ﷺ فەرمووی کە نێوانی هەردوو مزگەوتی حەڕام و مزگەوتی ئەقسا 40 ساڵە, پێشەوا قوڕتوبی لە تەفسیرەکەیدا دەگێڕێتەوە کە ئیبن جەوزی دەفەرموێت کە کێشەیەک لێرەدا هەیە, چونکە نێوانی پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خودای گەورەیان لەسەر بێت) زیاد لە هەزار ساڵە, کەواتە چۆن لەمە تێبگەین ئێمە؟, ئیبن جەوزی (ڕەحمەتی خودای گەورەی لێبێت) دەفەرموێت: یەکەم کەس کە کەعبەی پیرۆزی دروستکرد پێغەمبەر ئادەم بوو (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت), پاشان پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) دووبارە دروستی کردەوە و بنیاتی نایەوە, وە پێغەمبەر ئادەم (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) یاخود هەندێک لە منداڵەکانی مزگەوتی ئەقسایان دروستکردووە, پاشان پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) دووبارە دروستی کردووەتەوە و بنیاتی ناوەتەوە.

ئیبن حەجەر (ڕەحمەتی خودای گەورەی لێبێت) لە کتێبی فەتح ـدا دەگێڕیتەوە کە یەکەم کەس کە مزگەوتی ئەقسای دروستکرد پێغەمبەر ئادەم بوو (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت), یا وتراوە فریشتەکان بنیاتیان ناوە, وتراوە سام ـی کوڕی پێغەمبەر نوح (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) بنیاتی ناوە, یا وتراوە پێغەمبەر یەعقووب بنیاتی ناوە (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت), ئیبن حەجەر دەفەرموێت: بەڵگەم دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی کە مزگەوتی ئەقسا پێغەمبەر ئادەم (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) دروستی کردووە, واتە هەردوو مزگەوتەکە (مزگەوتی حەرام و مزگەوتی ئەقصا) لەلایەن پێغەمبەر ئادەمەوە (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) بنیاتنراون, ئیبن هیشام لە کتێبی تیجان ـدا دەگێڕێتەوە کە کاتێک پێغەمبەر ئادەم (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) کەعبەی دروستکرد خودای گەورە فەرمانی پێکرد کە بچێت بۆ قودس و مزگەوتی ئەقصا بنیات بنێت.

پێگەی مزگەوتی ئەقسا

مزگەوتی ئەقسا بە یەکێک لە تایبەتمەندیەکان و ناسەرەوەکان و پیرۆزیەکانی مێژووی ئاینی پیرۆزی ئیسلامی دادەنرێت, دڵی موسڵمانان بەندە بە مزگەوتی ئەقساوە, ئەم پەیوەندییە زیاتر پەیەوەندیەکی ئاینییە وەک لە پەیوەندیەکی شوێنێکی جوگرافی وەک فەڵەستین, مزگەوتی ئەقسا ڕووگە (قیبلە) ـی هەموو پێغەمبەران بووە (سەلامی خودایان لەسەربێت), وە یەکەم ڕووگەی موسڵمانان بوو, هەر لەوێشەوە ڕووداوی شەوڕەوی (ئیسرا و میعراج) ڕوویدا, وە بەرەکەتی خودای گەورە دەوروبەری ئەم شوێنە پیرۆزەی داپۆشیوە هەروەک خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: (سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا ۚ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ). (الإسراء: 1).

فەزڵەکانی مزگەوتی ئەقسا

لە سەرەتای کاتی درووستبوونیەوە مزگەوتی ئەقسا پێگە و تایبەتمەندی خۆی هەبووە, لە کاتێکدا کە دروستبوونەکەشی بە فەرمانی خودای گەورە بووە, جا چ جای فریشتەکان بنیاتیان نابێت یان پێغەمبەر ئادەم (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت), و زیاتر بەڕێزتر و پایە بەرزتربوو بە ڕووداوەکەی شەوڕەوی پێغەمبەرمان ﷺ, وە یەکەم قیبلەی موسڵمانان بووە, کە ئەمەش بۆخۆی یەکێکە لەو خاڵانەی کە دەیسەلمێنێت مزگەوتی ئەقسا چەندە پیرۆز و بەڕێزە, دووەم شوێنە کە لە زەویدا بنیاتنرابێ, هەر لێرە پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خودای گەورەی لەسەر بێت) لە قودس نیشتەجێبوو و داوای لێخۆشبوونی بۆ نوێژخوێنان کرد لە خودای گەورە, پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (فضلُ الصَّلاةِ في المسجدِ الحرامِ على غَيرِهِ مائةُ ألفِ صلاةٍ، وفي مَسجدي ألفُ صلاةٍ وفي مسجدِ بيتِ المقدسِ خمسمائةِ صلاةٍ). رواه البزَّار واتە: نوێژێک لە مزگەوتی حەرام پاداشتی سەد هەزار نوێژی هەیە کە لەمزگەوتێکی تردا ئەنجامی بدەیت, نوێژێک لە مزگەوتەکەی من پاداشتی هەزار نوێژی هەیە کە لەمزگەوتێکی تردا ئەنجامی بدەیت, نوێژێک لە مزگەوتی ئەقسادا پاداشتی پێنج سەد نوێژی هەیە کە لەمزگەوتێکی تردا ئەنجامی بدەیت.


سەرچاوەکان



4288 بینین