موفتی مێنک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-07-10-12:29:00 - کۆدی بابەت: 5826
موفتی مێنک

ناوه‌ڕۆك

موفتی مێنک کێیە؟

دکتۆر موفتی ئیسماعیل موسا مێنک، بە موفتی مێنک ناسراوە (بە ئینگلیزی:Ismail ibn Musa Menk)، توێژەرێکی ئیسلامی جیهانییە و لە 27 ی حوزەیرانی 1975 لە (زیمبابوەی) لە باشووری ئەفریقا لەدایکبووە و هەر لەوێش گەورەبووە. لە تەمەنی لاویدا جوان خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزی خوێندووە و قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، هەروەها لەژێر کاریگەری باوکیدا فێری زمانی عەرەبی و ئوردو (زمانی ئەدەبی پاکستانی) بووە. لە زانکۆی (مەدینە) خوێندنی ئیسلامی تەواوکردووە و دوای خوێندنێکی زۆر بووە بە موفتی لە ناوچەیەک لە خۆرئاوای وڵاتی هیندستان بەناوی (گوجەرات).

ژیانی و کارەکانی موفتی مێنک

کارەکانی موفتی مێنک بە جیهاندا ناوبانگی پەیداکرد و ساڵی 2010 بە یەکێک لە 500 موسوڵمانە کاریگەرەکانی جیهان ناسرا، موفتی مێنک سەرۆکی بەشی فەتوای ئەنجومەنی توێژەرە ئیسلامییەکانە لە (زیمباوەی) هەروەها یەکێکە لە ئیمام و بانگدەرەکانی مزگەوتی (الفلاح) لە (هراری) پایتەختی وڵاتی (زیمباوەی).

کەسایەتی و شێوازی مامەڵەکردن و قسەکردنی موفتی مێنک وای کردووە لەنێو گەنجاندا ناسراو بێت، سەرەڕای باشی زمانی ئینگلیزیەکەی و توانای  تێگەیشتنی لە کێشە هاوچەرخەکان.

موفتی مێنک بەردەوامە لە پێشنیازکردنی بیرۆکەکانی دەربارەی کێشە هاچەرخەکان هەروەها ڕاوێژکار و کەسێکی بە ئەزموونە و یارمەتیدەری چینی هەژار و نەدارە لە ڕووی ئابووری و دینییەوە. لە ئێستادا بە وڵاتانی جیهاندا گەشت دەکات و دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وتار پێشکەش دەکات، واناسراوە کە هەموو ساڵێک بەدرێژایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان موفتی مێنک کاتەکانی لەگەڵ کۆمەڵی موسوڵمانان بەسەردەبات و جەخت لە بابەتێک دەکاتەوە وەکوو: زنجیرە (چیرۆکی پێغەمبەران).

موفتی مێنک دژی تیرۆریزمە و بە پەیڕەوکەری ڕێبازی سەلەفییەت دادەنرێت و موسوڵمانێکی سونە مەزهەبە، هەروەها بەڵێنی پشتگیریکردنی داوە لە ڕێگیری کردن لە پەڕگیری ئاینی و لە 31ی ئازاری 2018 موسوڵمانانی (لیبریا)ـی هاندا کە دووربکەونەوە لە توندوتیژی بەرامبەر گاورەکان و ئەوەی بۆ ڕوونکردنەوە کە موسوڵمان و گاورەکان برا و خوشکی یەکترن لە یەک باوک کە باوکە ئادەمە، لۆمەی میدیاکانی ڕۆژئاوا دەکات کە سەر لە دانیشتوانی جیهان دەشێوێنن و سەرجەم موسوڵمانان بە تیرۆریست دەناسێنن، بەپێی ڕۆژنامەی ( گەڵف نیوز)، کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە و لە شاری دوبەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکرێتەوە، مێنک وتویەتی "هەموومان لەسەر زەوی ئەندامی یەک خێزانین و یەک دروستکەرمان هەیە، لەبەرئەوە کەس مافی ئەوەی نییە بەزۆر بیروباوەڕ بسەپێنێت بەسەر بەرامبەرەکەیدا".

لە ساڵی 2018 دا کۆکراوەیەکی لە وتارەکانی لەژێر ناونیشانی (ساتە هاندەرەکان) بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە، ئەم پەرتووکە چەندین بابەت لەخۆی دەگرێت، هەروەها لە ساڵی 2019 دا بەرگی دووەمی بڵاوکردەوه، بە ناونیشانی (ساتە هاندەرەکان 2).

لە یەکێک لە قسە ناودارەکانی دەڵێت "گلەیی لە ژیانتان مەکەن هەموو ناخۆشی و ناڕەحەتییەک بۆ ئەوە دروست کراوە تا بەهێزترتان بکات، چونکە هەموو ئەو شتانەی لە یەزدانی باڵادەستەوە دێن، هەمیشە تەواوکەری یەکترن بۆ چاکەی خۆتانن. هەر جارێک کە فریو دەخۆیت و دەتەوێت سکاڵا بکەیت، ئەوەت بیر بێت کە زۆر زیاتر ئازار دەچێژن بەدەست سەختی ڕۆژگاریانەوە. نزایان بۆ بکەن."


سەرچاوەکان



457 بینین