بەشی ئەندازیاری شارستانی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-14-14:00:00 - کۆدی بابەت: 5881
بەشی ئەندازیاری شارستانی

ناوه‌ڕۆك

ئەندازیاری

بە شێوەیەکی گشتی زانستی ئەندازیاری بریتییە لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێسا زانستیەکان بەشێوەی کردارەکی و لۆژیکی لە واقیعدا، بەمەبەستی فەراهەمکردن و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ، هەروەها داهێنان و نوێکاری لە دۆزینەوە زانستییەکان کە هاوکار بێت بۆ چارەسەر و ئاسانکردنی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ.

زانستی ئەندازیاری لە سەر بناغەی تیۆری و خەیاڵ ببنیات نانرێت، بنچینەی ئەندازیاری بریتییە لە تاقیکردنەوە و هەڵەکردن، بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە زانستەکانی بیرکاری و فیزیا و کیمیا هەیە.

وشەی ئەندازیاری یاخود Engineering وشەیەکی لاتینییە بەواتای ژیریی، دانایی و داهێنان و نوێگەری دێت، ئەندازیاری چەندان بەشی گرینگ لەخۆدەگرێت بەشی ئەندازیاری شارستانی سەرەکیترین و کۆنترین بەشەکانییەتی. 

ئەندازیاری شارستانی Civil Engineering 

یەکێکە لە فراوانترین بەشەکانی ئەندازیاری، تایبەتمەندە بە بنیاتنان و دروستکردن و جێبەجێکردنی نەخشەسازییە تەلارسازییەکان لە واقیعدا، سەرپەرشتی کردنی پڕۆژەکانى وەکو دروستکردنی خانووبەرە و ڕێگاوبان و پرد و تونێل و پرۆژەکانی ئاودێری و ئاوەڕۆکان و بەنداوەکان، هەر ئەندازیارێکی شارستانی تایبەتمەندی وەرئەگرێت بەدیاریکراوی لەسەر یەکێك لەم بەشانە بەپێی ئارەزوو و خواستی خۆی، ئەم بەشە هەمیشە لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بەردەوامە تا بگونجێت لەگەڵ پێداویستی و داواکارییەکانی سەردەم.

بابەتەکانی خوێندنی ئەم بەشە هەمەجۆر و ووردن تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستن بە بیرکاری و فیزیاوە، هەروەها شێوازی خوێندنی بابەتەکان بە شێوەی وانەیی "تیۆری" و کردارەکی "پراکتیک" لە تاقیگەکان و سەردانی شوێنی پرۆژەکان دەبێت، ناوی بابەتەکان دەکرێ لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی تر بگۆڕێت بەڵام هەمان ناوەڕۆکیان هەیە. 

بەشەکانی ئەندازیاری شارستانی 

دەکرێت ئەندازیاری  شارستانی به‌ گشتی بخوێنرێت، هەروەها دەتوانرێت ته‌نها به‌شێك به‌ تایبه‌تی بخوێنرێت، وه‌ك به‌شه‌كانی (ژینگه و به‌نداو و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ڕێگاوبان، جیۆته‌كنیك، ڕووپێوان) واتا ده‌رچووانی ئه‌م به‌شانه‌ش هه‌ر ده‌بن به‌ ئه‌ندازیاری شارستانی به‌ڵام تایبه‌ت ده‌بن لە یه‌ك بوار و شاره‌زایی گشتییان له‌ بواره‌كانی تریش ده‌بێت. 

بوون بە ئەندازیاێکی شارستانی لێزان و بە توانا پێویستی بە هەبوونی کارامەیی و لێهاتوویی هەیە لە کۆمەڵێك بواردا و دەبێت ئەندازیار کەسایەتیەکی بەهێزی هەبێت و خاوەنی چەند تایبەتمەندییەكی گرینگ بێت.

ئەو بوارانەی ئەندازیار دەبێت کارامەیی و لێهاتووی تێیدا هەبێت

  • توانای بەڕێوەبردنی کاری بەکۆمەڵ و هاوکاریکردن و کۆمەكکردنی تیمی کارەکەی هەبێت.
  • لێزان و لێهاتوو بێت لە کاروباری ئۆفیس.
  • لێکۆڵینەوە بکات لە کاروبارەکان و شیکاریان بکات.
  • هەڵسەنگاندن بکات بۆ بەڕێوەچوونی پرۆژەکان.
  • بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرت لەسەر کاروبارەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک.
  • بە توانا بێت لە زمانی ئینگلیزی و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر. 
  • توانای بەڕێوەبردنی کاتی هەبێت و پەیوەست بێت پێوەی.
  • لێهاتوو بێت لە کارە تەکنیکییەکان.
  • گرنگیدان بە وردەکارییەکان و شیکردنەوەی نەخشە و داتاکان.
  • بوونی هەست و هزری لۆژیکی و وردەکار لە مامەڵەکردندا. 

بابەتە گرینگ و سەرەکییەکانی ئەم بەشە

کوردی ئینگلیزی
کيمیای گشتی  General chemistry
کیمیای پڕاکتیکی  practical chemistry 
داتاشراوەکان و تەواوکاری  Calculus
بیرکاری Engineering mathematics
ئەندازیاری جیۆتەکنیك  Geotechnical Engineering
تاقیگەی ئەندازیاری جیۆتەکنیك otechnical Engineering lab
ڕێگاکانی ژماردن  Engineering numerical methods
سترەکچەر Structure
میکانیك Mechanicas
ئاو و ئاوەڕۆ  water Supply Engineering
ئاماری ئەندازیاری Engineering statistics
ئەندازیاری ژینگەیی Environmental Engineering
تاقیگەی ئەندازیاری ژینگەیی Environmental Engineering lab
بنچینە و بناغەکان  Foundations
زانستی باران بارین و کەش و هەوا   Hydrology
دیزاینی شەقام و شۆستە  Pavement design
هێز و بەرگریی مادە Strength of materials
بابەت و پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر Computer Application
ئەندازیاری ئابووری   Engineering Economy
چارەسەری ئاوەڕۆ  Wast Water Engineering
بەڕێوەبردنی بنیاتنراوەکان Construction Management
بەڕێوەبردنی پرۆژەکان  Project Management
ئەندازیاری پردەکان Bridge Engineering
سەرچاوەکانی ئاودێری  Water resources Engineering
زانستی بەدەست هێنانی زانیاری Remote sensing

تێبینی: ئەمانە بابەتە سەرەکییەکانن لە هەموو زانکۆیەك پێویستە بخوێنرێت، بێجگە لەمانە بابەتی لاوەکی تریش هەن.

لایەنە ئەرێنییەکانی خوێندنی ئەندازیاری شارستانی 

بوارەکانی کارکردن لەو بەشەدا زۆر فراوانە داواکاری زۆری لەسەرە، ئەگەر بە توانا و لێزان بیت هەلی کار زۆرە لەو بوارەدا، و هەروەها بەدەستهێنانی پلەی ماجستێر و بوونی ئەزموون کاریگەری زۆری هەیە لەسەر لایەنی ماددی و دەستکەوتنی هەلی کار. 

لایەنە نەرێنییەکانی خوێندنی ئەندازیاری شارستانی 

بوونی کێبڕکێیەکی زۆر، پێدانی کار تەنها بە خاوەن ئەزموونەکان و بە کەم سەیرکردنی ئەندازیارانی تازە دەرچوو و گەنجان، هەروەها ئەم بەشە زۆر ورد و ئاڵۆز و قورسە پێویستی بە پشوودرێژی و ئارامی هەیە، و ماندووبوونێکی لە ڕادەبەدەرە و تاقەت پڕوکێنە بۆ کەسێك کە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم بەشە نەبێ و لە بوارەکانی بیرکاری و فیزیا لاواز بێت و بیەوێت ئەندازیاری بخوێنێت.

گرنگترین ئەو زانکۆیانەی هەرێمی کوردستان کە بەشی ئەندازیاری شارستانی لێدەخوێنرێت 

  • سه‌ڵاحه‌ددین
  • سلێمانی
  • دهۆك
  • كۆیه‌
  • سۆران
  • هەڵەبجە
  • گەرمیان
  • زانكۆی كوردستان
  • زانكۆی تیشك
  • زانكۆی جیهان.


سەرچاوەکان



10165 بینین