نەوت لە عێراقدا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-14-15:01:00 - کۆدی بابەت: 5885
نەوت لە عێراقدا

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی نەوت لە عێراقدا

ئابووری عێراق زۆر پشتی بە نەوت بەستووە، لەبەر ئەوەی ئابوورییەکەی بە پلە یەک نەوتییە، بەڵام وەک وڵاتانی دیکەی کەنداو نەوت تەنها سەرچاوەی نییە، عێراق یەکێکە لە وڵاتانی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئۆپیک، دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی بابەگوڕگوڕ لە کەرکوک دەستیپێکرد، لە ساڵی 1972ـشدا ئەم کێڵگە نەوتییە بەنیشتیمانی کرا.

سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی عێراق تووشی هاتبوو لە ساڵی 1990ـوە، بەڵام کۆی داهاتی عێراق لە ساڵی 2000ـدا بە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار خەمڵێنرا، پێش هێرشی ئەمریکاش بۆ سەر عێراق ڕۆژانە زیاد لە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، توانای بەکارهێنانەوەی ئەو نەوتەشی گەیشتە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی پاڵاوتگە کە هەیبوو بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی نیشتیمانی عەرەبی، کە 12 پاڵاوتگە بوو لە ساڵی 2000ـدا.

یەدەگی نەوت لە عێراق

یەدەگی نەوتی عێراق گەیشتۆتە 153 ملیار بەرمیل نەوت، بەم شێوەیەش بێت دووەم دەوڵەمەندترین وڵاتە لە ڕووی یەدەگەوە لە جیهاندا دوای سعودیە، هەندێک چاودێر وا پێشبینی دەکەن کە ئەم ڕێژەیەی عێراق بەرزبێتەوە و بدات بە لای وڵاتانی کەنداودا ئەگەر هەموو ئەو زەوییە عێراقیانەی کە پشکنینیان بۆ نەکراوە پشکنینی جیۆلۆجی تەواویان بۆ بکرێت.

بەڵام بەهۆی ئەو جەنگە یەک لە دوای یەکانەی عێراق تێی کەوتووە، نەتوانراوە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە دەرهێنانی نەوتی عێراقدا بەکار بهێنرێت، ئەگەر ئامێرە پێشکەوتووە تەکنەلۆژییەکان بهێنرێنە وڵاتەکەوە، لەوانەیە یەدەگی نەوت بۆ 360 ملیار بەرمیل بەرز بێتەوە، بەم شێوەیەش دەکرێت بەم ڕێژەی دەرهێنانەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت بۆ ماوەی سێ سەدە و نیو. 

ناوچەکانی چڕبوونەوەی یەدەگی نەوت

بەشی گەورەی یەدەگی نەوتی عێراق دەکەوێتە باشوورەوە و بە دیاری کراوی پارێزگای بەسڕە، لە پارێزگاکەدا 15 کێڵگەی نەوتی هەن کە 10 دانەیان لە قۆناغی بەرهەمهێناندان و پێنجەکەی دیکەش هێشتا چاوەڕێی پەرەپێدان و بەرهەمن، ئەم کێڵگە نەوتیانە خاوەنی یەدەگێکی نەوتین کە دەگاتە زیاتر لە 65 ملیار بەرمیل، واتە ڕێژەی 59٪ـی کۆی یەدەگی نەوتی عێراق. 

ئەگەر یەدەگی پارێزگاکانی بەسڕە و میسان و ذی قار کۆبکەینەوە ئەوا نزیکەی 80 ملیار بەرمیل دەبن، واتە ڕێژەی 71٪ـی کۆی یەدەگی عێراق، ئەو یەدەگە نەوتییەی کە لە کەرکوکیشدا هەیە نزیکەی 13 ملیار بەرمیل نەوت دەبێت، واتە نزیکەی 12٪ـی یەدەگی نەوتی عێراق پێکدێنێت.

کێڵگەکانی باشوور

  • کێڵگەی ''الرميلة'' لە بەسڕە
  • کێڵگەی ''زبیر''
  • کێڵگەی ''القرنة الغربي''
  • کێڵگەکانی ''مجنون''
  • کێڵگەی ''ابو زرقان''
  • کێڵگەی ''الدجیلة''
  • کێڵگەی ''جبل فوقي''
  • کێڵگەکانی ''الناصرية''
  • کێڵگەی ''نهر عمر''
  • حقل الأحدب
  • کێلگەی لهیث
  • کێڵگەکانی ''بزرکان''

کێلگەکانی ناوەڕاست و باکوور

  • کێڵگەکانی عەین زالە لە موسڵ
  • کێڵگەی ''جمبور''
  • کێڵگەکانی ''بطمة'' لە موسڵ
  • کێڵگەکانی بای حەسەن لە کەرکووک
  • کێلگەکانی ''کویسنجق''
  • کێڵگەی گەیارە
  • کێڵگەی ''بلخانة''
  • کێڵگەی ''النخيب'' لە ئەنبار
  • کێڵگەی بابەگوڕگوڕ لە کەرکوک
  • کێڵگەی ''خباز'' لە کەرکوک
  • کێلگەکانی حەمرین
  • کێڵگەکانی چەمچەماڵ


سەرچاوەکان



2457 بینین