بەشی ئەندازیاری تەلارسازی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-07-14-23:49:00 - کۆدی بابەت: 5890
بەشی ئەندازیاری تەلارسازی

ناوه‌ڕۆك

تەلارسازی

تەلارسازی یاخود بیناسازی بریتییە لە دیزاینكردن و دانانی نه‌خشه‌ی پرۆژەکان، ئه‌م به‌شه‌ زیاتر به‌شێكی هونه‌رییه‌، هەروەها تەنها زانست و جێبەجێکردن نییە، بەڵکو حەزە، خولیایە، هونەر و داهێنان و نوێگەرییە، تەلارساز تایبەتمەندی وەرئەگرێت لە ئەندازیاری بیناسازی و دیزاین و دروستکردن، هەروەها ئەم بەشە پەیوەندی بە بنیاتنانی شار و پلاندانانی شارستانییەوە هەیە، بەگشتی تەلارسازی بریتییە لە وێناکردن و خەیاڵکردنی دیزاینەکانە لە هزر و خەیاڵدا پاشان وەرگێڕانی ئەو وێنانەیە بۆ واقیع لە ڕێگای دیزاین و نەخشەسازییەوە.

ئەو بوارانەی تەلارساز دەبێت لێهاتووی تێدا هەبێت

لێهاتوویی لە شیکارکردن و لێکۆڵینەوە 

دەبێت ئەندازیاری تەلارساز ناوەڕۆك و بەشەکانی دیزاین و پێکهاتەکانی بە وردی شیکار بکات و لێکۆڵینەوە لە هەموو وردەکارییە بچوكەکان بکات، بۆ نمونە لەسەرەتادا دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ سیفات و تایبەتمەندی و گونجاویی شوێنی پرۆژەکان بکات. 

لێهاتوویی لە مامەلە کردن لەگەڵ کەسانی تردا

هەرگیز تەلارساز ناتوانێت بیرۆکە و پرۆژە و پلانەکانی بخاتەڕوو و ڕوونکردنەوەیان بۆ بکات ئەگەر لێهاتوو نەبوو لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەنکار و ئەندازیارانی تردا. 

لێهاتوویی لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و پەیوەست بوون بە کاتەوە. 

لێهاتوویی لە بوارە تەکنیکییەکان 

ئەندازیارانی تەلارسازی زۆرینەی پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر لە کارەکانیان بەکاردەهێنن، بۆیە دەبێت لە بواری پرۆگرامسازی لێهاتوو و کارامە بن. 

تێبینی: زۆر ئاساییە ئەگەر بەشێك لەم بوارانەدا لە کەسایەتی تۆدا نەبوون، بە پێی ئەزموون و کات و خوێندن دەتوانی لە هەموویان شارەزایی پەیدابکەی. 

مەرجە سەرەکییەکانی بوون بە تەلارساز

چەند مەرجێکی سەرەکی، زۆر گرنگ و پێویستە تەلارساز هەیبێت و هەمیشە برەو بەو لایەنانە بدات:

-  هەبوونی خەیاڵێکی فراوان. 
- گرینگدان بە هونەر.
- لێهاتوو و کارامەیی و بوونی حەزی نوێگەری.
- هەستکردن بە بەرپرسیارێتی. 
- کارامە بێت لە پلاندانان.
- گرینگیدان بە وردەکارییەکان و وردکار لە پڕۆژەکان.
-توانای ڕووبەڕوبوونەوەی کێشەکان و داهێنان لە چارەسەرکردنیان.
- توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت.
- خاوەن زەوق و سەلیقە و شێوازی تایبەتی بێت لە دیزاینکردن.
- بەتوانا بێت لە بیرکاری و فیزیا و کیمیا.
- کراوە بێت و توانای قبوڵکردنی ڕەخنە و پێشنیارەکانی هەبێت و بەدڵی فراوانەوە وەریانبگرێت.
- بەتوانا بێت لە وێنەکێشانی بێ پێوەر Free Hand.
- لێهاتوو بێت لە پڕۆگرامەکانی وێنە و نەخشەسازی لە کۆمپیوتەر چەشنی Autocad و 3DMax.
-داهێنان و نوێکاری لە بیرۆکە و پرۆژەکان. 

بوارە زانستییەکانی خوێندنی تەلارسازیی

ئەو بوارە تایبەتمەند و زانستییانەی کە لە خوێندنی تەلارسازییدا هەن بریتین لە:

1. ئەندازیاری تەلارسازی تایبەتمەندە بە هەموو تەلار و بینایەك لە هەموو ڕوویەکەوە.
2. ئەندازیاری شارستانی تایبەتمەندە بە تەلارە شارستانیەکانەوە.
3. دیزاین کردنی ناوەکی internal design پەیوەستە بە دیزاینی بەشی ناوەوەی بینا و خانووەکان لە ڕووی نەخشەسازی و ڕازاندنەوە و جوانکارییەوە.
4. پلان دانانی شار پەیوەستە بە دیزاینی شەقام و ڕێگاوبانەکان.
5.دیزاینی هاوچەرخ و سەردەمیانە.
6. هونەری تەلارسازی ئیسلامی.

جیاوازی نێوان بەشی ئەندازیاری تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی 

تەلارسازی بریتییە لە دیزاین و نەخشەسازی پڕۆژەکان، شارستانی بریتییە لە جێبەجێکردنی نەخشە و دیزاینەکانی تەلارساز.
بەشێوەیەکی گشتی ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی گرنگی به‌ دوورییه‌كان و بۆشاییه‌كان و خستنە کار و بەکارهێنانی هەموو ڕووبەری زه‌وییه‌كه‌ ده‌دات له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی خه‌ڵك له‌ناو باڵه‌خانه‌كه‌ و چۆنییه‌تی هه‌واگۆڕكێ و دیزاینی ناوەوەی بیناکە.

به‌ڵام، ئه‌ندازیاری شارستانی بنیاتنان ده‌كات، دیزاینی بناغه‌ی سه‌ره‌كی و شیكردنه‌وه‌ی خۆڵ و كه‌ش ده‌كات و هه‌ژماری قورساییه‌كان ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌ندازیاریی شارستانی بوارێكی فراوانتره‌ چونكه‌ جگه‌ له‌ بیناكاری به‌نداو و ڕێگاوبان و ڕووپێوی و چەندان بواری تر ده‌كه‌ن. هه‌رچی ئه‌ندازه‌ی ته‌لارسازییه‌ ته‌نها گرنگی به‌ دیزاینی خانوو و ته‌لاره‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌وه‌ی تریان باشتره‌ یان گرنگتره‌، چونكه‌ هه‌ردوو بوار پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كان به‌ ڕێكی بكرێت. 

وانە سەرەکییەکانی تەلارسازی

ئەو وانە سەرەکیانەی کە لەم بەشەدا دەخوێنرێت: 

- جیاوازی نێوان مێژوو و تیۆری تەلارسازی. 
- جیاوازی نێوان تەلارسازی و هونەر.
- هونەری تەلارسازی.
-شیکارکردنی پێکهاتەیی و بنەمایی لە تەلارسازیدا.
-تیۆری و دیزاینی ڕوناکی لە تەلارسازیدا.
- بەڕێوەبردن و بنیاتنان.
- مێژووی تەلارسازی.
- پڕۆگرامسازی.
- دیزاینی ئەندازیاری.
- دیزاینی تەلارسازی.
- ڕووناکی لە بیناکان.
- دەنگ لە بیناکان.
- سیستمە ئەندازەییەکان.

تێبینی: ئەمانە بابەتی سەرەکیین پێویستە تەلارساز هەمووی بخوێنێت، بێجگە لەمانە بابەتی لاوەکی تریش هەن.

پڕۆگرامە گرنگ و پێویستەکان

پڕۆگرامە پێویستیەکان کەزۆر گرینگن بۆ ئەندازیاری تەلارسازی بریتین لە:

- ئۆتۆکاد Autocad پرۆگرامێکی تایبەتە بە وێنەکێشان و نەخشەسازیی ئەندازیاری.
- پڕۆگرامی 3DMax وێنە کێشانی ئەندازیاری بە شێوەی سێ دووریی.
- چەند پڕۆگرامێکی تری هاوشێوەی ئەم دوانە کە تایبەتن بە ئەندازیاری و تەلارسازی چەشنی Revit, Sketchp, Dsmax ,concept 3d.
- پڕۆگرامی فۆتۆشۆپ Photoshop بۆ چاککردن و گۆڕانکاری لە وێنەکان.

خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی 5 ساڵە و بە زمانی ئینگلیزییە، بەشێکی قورس و ووردە، پێویستە چەند بەهرە و لێهاتووییەکی گرینگت هەبێت بۆ ئەوەی شایەنی ئەوە بیت لەم بەشە بخوێنیت. 

لایەنی ئەرێنی خوێندنی ئەندازیاریی تەلارسازی 

- داهاتێکی باش و موچەیەکی بەرز.
- بوون بە خاوەنی پڕۆژەی تایبەتی و خستنەکاریان.
- زوو ئەزموون وەرگرتن. 

لایەنی نەرێنی خوێندنی ئەندازیاریی تەلارسازی

-وردی و درشتی و گرنگیدان بە بچوکترین وردەکارییەکان بە بەردەوامی و کارکردنی بۆ چەندان کاژێری بەردەوام دەبنە هۆکاری ماندووبوون و بێزاری.
- هەندێك کات مامەڵەکردن لە گەڵ بریکارەکان زۆر قورسە، چونکە هەموو کەس توانای وردبینی و تێڕامانی نییە لە تەلارسازی، هەرکەسە و خاوەن زەوق و سەلیقە تایبەتی خۆیەتی.

گرینگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



11569 بینین