نەخۆشی ماچ

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-16-17:08:00 - کۆدی بابەت: 5918
نەخۆشی ماچ

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی ماچ چییە؟

نەخۆشی ماچ نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی ئیپشتاین باڕەوە ڕوو دەدات، هەروەها دەگوازرێتەوە لە نێوان خەڵکیدا لە ڕێگەی لیکەوە، ماوەی هەڵهێنان(کڕکەوتن)ی  ڤایرۆسەکەش چوار بۆ هەشت هەفتە دەخایەنێت، لەکاتی توشبوونیش بە ڤایرۆسەکە چەند نیشانەیەکی وەکوو تا و هیلاکی و هەوکردنی قوڕگ و گەورەبوونی لیمفەگرێکان دەردەکەون، هەروەها ڤایرۆسی هۆکاری ئەم نەخۆشییە ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی جگەر و گەورەبوونی سپڵ، زۆرجار چارەسەری ئەم نەخۆشییەش لە ڕێگەی پشوودان و وەرگرتنی دەرمانی ئازارشکێنەوە دەبێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕەنگە پێویست بە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆسەکان بکات. 

نیشانەکانی نەخۆشی ماچ

نەخۆشی ماچ بە نەخۆشییەکی مەترسیدار دانانرێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا ڕەنگە ببێتە هۆی مردن، نیشانەکان پاش ماوەی هەڵهێنانی دەردەکەون کە بۆ ماوەی ٤ بۆ ٨ هەفتە دەخایەنێت، لەو نیشانانەی لە نەخۆشەکەدا دەردەکەون بریتین لە: 

  • ڕوودانی هەوکردن لە قوڕگدا. 
  • ئاوسانی ئاڵووەکان (لەوزەتێن).
  • گەورەبوونی لیمفەگرێکان، بەتایبەتی ئەوانەی دەکەونە مل و بن باخەڵ. 
  • سەرئێشە. 
  • گێژبوون. 
  • تا. 
  • ئارەقکردنەوەی شەوان. 

هۆکارەکانی نەخۆشی ماچ 

نەخۆشی ماچ ڕوودەدات لەکاتی توشبوون بە ڤایرۆسی ئیپشتاین باڕ، ئەم ڤایرۆسەش یەکێکە لەو ڤایرۆسانەی زۆرترین بەرکەوتنی هەیە بە مرۆڤ، دەگوازێتەوە لە نێوان کەسەکاندا پاش پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی لیکەوە، یان لەکاتی بەرکەوتنی شلەکانی تری لەش وەکوو خوێن، هەروەها ڕەنگە لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە بگوازرێتەوە، چەند فاکتەرێکیش هەن کە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکەن ئەوانیش: 

  • تەمەنی کەسەکان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵ بێت. 
  • ئەو کەسانەی دەرمانی سەرکوتکردن و کەمکردنەوەی بەرگری وەردەگرن. 
  • ئەو کەسانەی خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش دەکەن. 
  • پەرستارەکان.
  • قوتابییان. 

دەستنیشانکردنی نەخۆشی ماچ 

نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشی ماچ هاوشێوەی نیشانەکانی نەخۆشی هەوکردنی جگەرە، هەر بۆیە پزیشکەکە چەند پشکنینێک ئەنجام دەدات، لەوانەش:

  • دەستنیشانکردنی سەرەتایی: پزیشک پرسیار لە نەخۆش دەکات دەربارەی ئەو نیشانانەی تێیدا دەرکەوتوون وەکوو تا و هەوکردنی قوڕگ و گەورەبوونی لیمفەگرێکان، هەروەها کاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە، هەروەها پرسیاری لێدەکات دەربارەی هەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسی توشبووی نەخۆشییەکەدا، هەروەها پلەی گەرمی کەسەکە دەپێوێت و پشکنین دەکات بۆ لیمفەگرێکانی مل و ڕان و بن باخەڵ، هەندێک جاریش پشکنین بۆ بەشی سەرەوەی لای چەپی سکی نەخۆشەکە دەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی ئایا سپڵ گەورەبووە یاخود نەخێر.
  • پشکنینی خوێن: لە هەندێک حاڵەتدا پزیشک پشکنینی خوێن ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی قورسی نەخۆشییەکە.
  • پشکنین بۆ دیاریکردنی ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن: زیادبوونی ژمارەی خڕۆکە سپییەکان نیشانەی توشبوونە بە نەخۆشی ماچ، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەش ژمارەیەکی زیاتری خڕۆکە سپییەکان دروست دەکات بۆ جەنگان لەگەڵ ڤایرۆسەکە. 
  • تاقیکردنەوەی دژەتەنی ناخۆ: پزیشک هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پشکنینی دژەتەنی ناخۆ monospot test، لە ڕێگەی ئەم تاقیکردنەوەیەوە گەڕان بەدوای ئەو دژە تەنانەی کە کۆئەندامی بەرگری دروستی دەکەن بۆ جەنگان لەگەڵ تەنە زیانبەخشەکان، ئەم دژەتەنە ناخۆییانە لەش دروستی دەکات لە ئەنجامی توشبوون بە بایرۆسی ئیپشتاین باڕ، ئەم تاقیکردنەوەیەش لە ماوەی ٢ بۆ ٤ هەفتە پاش توشبوون بە ڤایرۆسەکە ئەنجام دەدرێت، جێی ئاماژەیە کە ئەم تاقیکردنەوەیە زۆر ورد نییە. 
  • تاقیکردنەوەی دژەتەنەکانی ڤایرۆسی ئیپشتاین باڕ: کاتێک پشکنینی دژەتەنەکان ئەنجامەکەی نەرێنی دەبێت، پزیشک هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە، زیاتر لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەدا ئەنجام دەدرێت، ئەم تاقیکردنەوەیە ورد و تەواوە بەڵام پێویستی بە کاتە تاکوو ئەنجامەکان دەردەچێت. 

چارەسەرەکانی نەخۆشی ماچ

دژە زیندەییەکان  یارمەتیدەر نین لە چارەسەرکردنی نەخۆشی ماچ، چونکە توانای لەناوبردنی ڤایرۆسیان نییە، بەڵام یارمەتی کەمبوونەوەی نیشانەکانی دەدات، چارەسەرێکی زۆر هەن کە پزیشک بەکاریان دەهێنێت، لەو چارەسەرانەش: 

دەرمانەکان

پزیشک دژە زیندەییەکان بەکاردەهێنێت بۆ چارەسەری هەوکردنە لاوەکییەکان کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە پەیدا دەبن وەکوو هەوکردنی گیرفانەکانی لووت (sinusitis) و هەوکردنی ئاڵووەکان (لەوزەتێن)، هەروەها پێویستە بەدووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی ئەمۆکسیسیلین (Amoxicilin)، چونکە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە دەبێتە هۆی پەیدابوونی لیرگی پێستیی، بۆیە پزیشکەکە دەرمانی جێگرەوەی ئەمۆکسیسیلین بەکار دەهێنێت.

چارەسەرەکانی تر

گۆڕینی شێوازی ژیان و بەکارهێنانی چارەسەری ماڵەوە یارمەتیدەری کەمبوونەوەی نیشانەکانن، ئەو ڕێگایانەش کە پەیڕەوکردنیان سووکبوونی نیشانەکانی لێ دەکەوێتەوە بریتین لە: 

  • خواردنەوەی شلەمەنی زۆر: خواردنەوەی بڕێکی زۆری شلەمەنی وەکوو ئاو و شەربەتی سروشتی یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی تا و هەوکردنی قوڕگ و ڕێگری لە وشکبوونەوە. 
  • وەرگرتنی ئەو ئازار شکێنانەی پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە: وەرگرتنی هەنێک ئازار شکێنی وەکوو ئەسیتامینۆفین Acetamenophen یان ئیبۆپڕۆفین Ibuprofen هاوکارن لە کەمکردنەوەی ئازار و تا، هەروەها جێی ئاماژەیە کە پێویستە ئەسپرین نەدرێت بەو منداڵانەی تەمەنیان لە سێ ساڵ کەمترە، لەبەر ئەوەی پێدانی ئەسپرین بەو منداڵانە ڕەنگە ببێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی ڕێی. 
  •  غەرغەرەکردن بە ئاو و خوێ: کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی قوڕگ. 

خۆپارێزی لە نەخۆشی ماچ

ڤایرۆسی ئیپشتاین باڕ بە زۆری لە ڕێگەی لیکەوە دەگوازرێتەوە، هیچ ڕێگەیەکی گرەنتی کراویش نییە بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بەڵام چەندین ڕێگە هەیە کە پەیڕەوکردنی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکە کەم دەکاتەوە، وەکوو: 

  • شۆردنی دەستەکان پاش سەرئاوکردن، هەروەها پاش نانخواردن. 
  • دانانی دەستەکان لەسەر دەم پاش کۆکە و پژمە و دواتە شۆردنی دەستەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە تێکەڵی کەسانی توشبوو بەم نەخۆشییە. 
  • کەسانی توشبوو بەم نەخۆشییە پێویستە خۆیان لە تێکەڵی کەسانی تر بەدوور بگرن. 
  • دوورکەوتنەوە لە هاوبەشی پێکردنی کەرەستەکانی نان خواردن و فڵچەی ددان لەگەڵ کەسانی تردا.


سەرچاوەکان



994 بینین