جەنگی ستالینگراد

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2021-07-18-13:34:00 - کۆدی بابەت: 5944
جەنگی ستالینگراد

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی جەنگی ستالینگراد

جەنگی ستالینگراد (بە عەرەبی: معركة ستالينغراد، بە ئینگلیزیBattle of Stalingrad هێرشی سەربازی بوو لە نێوان سووپای سووری یەکێتی سۆڤیەت و هێزی نازی ئەڵمانی و وڵاتانی تەوەر لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا، کە جەنگەکە بە گەورەترین و خوێناویترین جەنگ بەناوبانگە لە مێژوودا.

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٢وە بۆ مانگی شووباتی ساڵی ١٩٤٣ بەردەوام بوو، تیایدا زیاتر لە دوو ملیۆن سەرباز لە جەنگەکەدا بەژداربوون، هەروەها بە نزیکی دوو ملیۆن خەڵک کوژران و بریندار بوون لەو جەنگەدا، لە نێوانیاندا دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی ڕووسی هەبوون، بەڵام جەنگی ستالینگراد "ستالینگراد شارێکی پیشەسازی گرنگ بوو لە ڕووسیا دواتر ناوەکەی گۆڕا بە فۆڵگۆگراد" لە کۆتاییدا بووە هۆکاری هەڵکشانی جەنگی جیهانی دووەم لە بەرژەوەندی وڵاتانی هاوپەیمان.

پێشەکییەک بۆ جەنگەکە

لە ناوەڕاستی جەنگی جیهانی دووەمدا، کە لە بەهاری ساڵی ١٩٤٢ـەوە ناوچەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیای گرتبوویەوە، هێزی وێهەرماچت "هێزی چەکداری نەتەوەیی نازیەکان بوو" بڕیاریاندا لە هاوینی ئەو ساڵەدا هێرشێک بکەنە سەر ناوچەکانی باشوری سۆڤیەت.

بە ڕابەرایەتی سەرۆکی ئەوکات جۆزێف ستالین سووپای ڕووسیا توانیان بە سەرکەوتوویی هێرشێکی نازییەکان بۆ سەر بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان تێکبشکێنن، کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو هێرشە داگیرکردنی مۆسکۆ بوو لە زستانی ١٩٤١ بۆ ١٩٤٢، لەگەڵ ئەوەشدا  زیانێکی گەورەی گەیشتبوو بە سووپای سووری ڕووسیا لە ڕووی هێزی مرۆیی و چەکداریەوە.

ستالین و ژەنەڕاڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بە دڵنیاییەکی زۆرەوە پێشبینی هێرشێکی دیکەی نازیەکانیان دەکرد بۆ داگیرکردنی مۆسکۆ، بەڵام هیتلەر و سوپاکەی بیرۆکەیەکی تریان هەبوو، چاویان لەسەر ستالینگراد بوو کە داگیری بکەن، چونکە ئەم شارە ناوەندێکی پیشەسازی گەورە بوو بۆ ڕووسیا بۆ بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پێویست، لەوەش گرنگتر بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستیە سەربازیەکان هەر لەم شارەدا بووە، و ڕووباری ڤۆڵگا بە ناو شارەکەدا تێپەڕ دەبوو، هەروەها کەشتییە بارهەڵگرەکان و سەربازیەکان بەم ڕووبارەدا تێپەڕ دەبوون، چونکە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی گرێ دەدا بە ڕۆژئاواوە.

لە کۆتاییدا "ئەدۆڵف هیتلەر" ویستی سووپاکەی بنێرێت بۆ داگیردکردنی ستالینگراد و ناوبانگی خۆی بەرزبکاتەوە بە داگیرکردنی شارەکە، ئەوکات شارەکە لە ناوی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتەوە وەرگیرابوو کە ستالین بوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە ڕووسەکان هەستیان کرد کە پێویستە شارەکە بپارێزن، کاتێک ئەدۆڵف هیتلەر بڵاوی کردەوە کە لە کاتی داگیرکردنی شارەکەدا هەموو پیاوەکان دەکوژێت و ئافرەتەکانیش شاربەدەر دەکرێن، دوای ئەم وتانە قۆناغەکە بەرەو جەنگێکی قورس و خوێناویبوون ڕۆشت، دوای وتەکانی هیتلەر، جۆزێف ستالین فەرمانی بە هەموو ڕووسەکان کرد چەک هەڵبگرن و بە توندی ڕووبەڕووی سووپای نازی ببنەوە و بەرگری لە شارەکە بکەن، لەشکری شەشەمی (وێهەرماچت) دەستیکرد بە هێرشکردن لە ٢٣ـی مانگی هەشتی ساڵی ١٩٤٢.

دەستپێکردنی جەنگی ستالینگراد

هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتادا توانییان هێرشەکانی وێهەرماچتی ئەڵمانی هێواش بکەنەوە لە باکووری ستالینگراد لە زنجیرە شەڕ و پێکدادانێکی قورسدا، هێزەکەی ستالین زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ سەربازی لە دەستدا لە ماوەی بەرگریکردنەکەیدا، بەڵام توانی بە سەرکەوتوویی هێرشی نازیەکان ڕابگرێت، دوای ئەوە ڕووسیەکان بە تەواوی لە پلانەکەی هیتلەر تێگەیشتن، پێشتر زۆربەی کۆگاکانی دانەوێڵە و خواردەمەنییان لە ستالینگرادەوە گواستبوویەوە بۆ دەرەوەی شارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ٤٠٠٠٠٠ هەزار کەس لە شارەکەدا مانەوە و چۆڵیان نەکرد، چونکە سەرکردایەتی ڕووسیا پێی وابوو کە مانەوەی ئەم ژمارە کەسە، هێز و توانای مرۆیی دەبەخشن بە سووپاکەی، ماوەی چەند ڕۆژێک تێپەڕی لە دەستپێکردنی هێرشەکە، هێزی ئاسمانی (لووتوافی) کە لقی ئاسمانی سووپای وێهەرماچتی ئەڵمانییە، بەندەری ڕووباری ڤۆڵگایان تۆپباران کرد و چەندین کەشتی سەربازی و بازرگانی ڕووسیان لەناوبرد لە پڕۆسەیەکدا، لە کۆتاییەکانی مانگی ئابەوە هەتا کۆتایی جەنگەکە ئەم هێزە دەیان جار تۆپبارانی شارەکەیان کردووە.

ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان نەزانراوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت دەیان هەزار کەس کوژرابن و دەیان هەزاری تر لە کەمپەکانی ئەڵمانیادا دەستگیر کرابێتن و کرابن بە کۆیلە، تا مانگی ئەیلوول، هێزی لووتوافی بە شێوەیەکی گشتی کۆنترۆڵی ئاسمانی شاری ستالینگرادیان کردبوو، ڕووسەکان بێ هیوا بوون، کرێکارەکانی شارەکە دەستیان بە بەرهەمهێنانی چەکی پێویست نەدەگەیشت بۆ شەڕکردن، زوو زوو داوایان لێدەکرا شەڕ بکەن و زۆرجاریش بەبێ چەک شەڕیان دەکرد، ژنانیش لە جەنگەکە بەژدار بوون لە بەرەی پێشەوە بۆ هەڵکەندنی خەندەق، سووپای ڕووسیا بەردەوام تووشی زیان دەبوو تا ئەو کاتەی لە ١٩٤٢ ستالینگراد کەوت.

فەرمانی "هەنگاوێک نانرێت بۆ دواوە" چییە؟

سەرەڕای زۆری قوربانیەکان و بەردەوامی هێرشی هێزی ئاسمانی نازیەکان بۆ سەر شارەکە، ستالین ڕێنمایی دا بە هێزەکەی کە نابێت شارەکە چۆڵ بکرێت و پاشەکشێ بکرێت، بە فەرمانێکی بەناوبانگ کە بە فەرمانی ژمارە ٢٠٧ بەناوبانگە، "هەنگاوێک نانرێت بۆ دواوە" ناوی فەرمانە بەناوبانگەکە بوو، ئەوانەشی ئاگادار کردەوە کە خۆیان ڕادەستی سووپای نازی کردووە ڕووبەڕووی دادگا و سزای لە سێدارەدانی گونجاو دەبنەوە، دوای ئەوەی ژمارەی هێزەکە کەمبوویەوە بۆ کەمتر لە ٢٠٠٠٠ سەرباز و ١٠٠ تانک، لە کۆتاییدا ستالین و ژەنەڕاڵەکانی جەنگەکە دەستیان کرد بە ناردنی هێز بۆ شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری.

شەڕ و پێکدادان هاتە نێو شارەکە و شەقامەکانی ستالینگراد، نیشانەشکێنەکان لە باڵەخانە بەرزەکانەوە شەڕیان دەکرد، ژەنەڕاڵە ڕووسیەکان (جۆرجی ژوکۆڤ) و (ئەلیکساندەر ڤاسیلۆڤسکی) سووپای ڕووسیایان لە چیاکانی باکوور و ڕۆژئاوای شارەکە ڕێکخستەوە و هەر لەوێشەوە هێرشێکی پێچەوانەیان دەستپێکرد دژ بە نازیەکان، کە بە (ئۆپراسیۆنی ئۆرانۆس) بەناوبانگە.

هەرچەندە ئۆپراسیۆنەکە دووبارە زیانی هەبوو، بەڵام ئەوەی ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە بوو هاتە دی و توانیان لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٢ پشتێنەیەکی بەرگری بە دەوری شارەکەدا دروست بکەن و گەمارۆی ٣٠٠٠٠٠ سەربازی نازی و هاوپەیمانی تەوەر بدەن.

لەگەڵ گەمارۆکانی ڕووسیا کە قەدەغەی چوونە ناوەوەی کەلوپەلی دەکرد بۆ ناو شارەکە، هێزەکانی ئەڵمانیا گیریان خواردبوو وە برسی بووبوون، ڕووسەکان بارودۆخی کەش و هەوای ساردیان قۆستبوویەوە و دەرئەنجامی جەنگەکەیان گۆڕیبوو لە ماوەی کەشوهەوای سارد و مانگە سەختەکانی زستان بە دوای یەکدا.

زستان لە ڕووسیا

لەگەڵ هاتنی سەرما توندەکەی زستانی ڕووسیا، ژەنەراڵەکانی سۆڤیەت دەیانزانی کە سووپای ئەڵمانیا لە زیاندایە، چونکە ئەڵمانیەکان لەو بارودۆخەدا ڕانەهاتبوون شەڕ بکەن لەگەڵیاندا، دوای ئەوە دەستیان کرد بە چەسپاندنی پێگەی خۆیان بە چواردەوری (ستالینگراد)ـدا، سووپای ئەڵمانیایان لە پێداویستیە بنەڕەتەکانی ژیان گرتەوە و ڕێگەیان نەدا هیچ کەلوپەلێکیان بۆ بچێتە شارەکەوە بە توندی گەمارۆیان دابوون.

هەروەها لە ئۆپەراسیۆنی ساتۆڕنی بچووک "ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی زرێپۆش بوو لە جەنگی ستالینگرادا لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم لە دژی ئەڵمانیەکان و هاوسێکانیان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت"ـەوە، ڕووسیەکان لەبەرەی ڕۆژئاوای شارەکەوە دەستیان بە هێرشکردن کرد کە هێزی ئیتاڵیای لێبوو، ویستیان ئەو هێڵە تێکبشکێنن و بچنە شارەکەوە، لەم بارودۆخەشدا ژەنەڕاڵە ئەڵمانیەکان هەوڵی تەواوی خۆیان دەدا کە هێزەکانیان لە ناو شارەکەدا بحەسێنەوە و ئاسوودە بن، چونکە هیتلەر بەو بارودۆخەی کە سەربازەکانی تیایدا بوون و لە برسا دەمردن و لە سەنگەرەکانیان ڕایان دەکرد هێشتا ڕازی نەبوو خۆی بە دەستەوە بدات و پاشەکشێ بکات.

کۆتایی جەنگی ستالینگراد

تاوەکوو شوباتی ١٩٤٣ سووپای ڕووسیا ستالینگرادیان گرتەوە دەست و بە نزیکەی ١٠٠٠٠٠ سەربازی ئەڵمانیان بە دیل گرت، بەڵام تا سەرەتاکانی مانگی ئازار شەڕ ڕوویدەدا لەلایەن ئەو سەربازانەی کە هێشتا خۆیان ڕادەست نەدەکردبوو، زۆربەی سەربازە بە دیل گیراوەکان لە زیندان و کەمپەکانی ڕووسیا گیانیان لە دەست دەدا بە هۆکاری نەخۆشی یان بە هۆکاری برسێتی، دۆڕان لە جەنگی ستالینگراد یەکەم شکستی هیتلەر بوو لە جەنگدا کە بە ئاشکرا دانی پێدانا.


سەرچاوەکان



838 بینین