داتا

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-23-01:46:00 - کۆدی بابەت: 6002
داتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

داتا بریتییە لە یەکەی زانیاری زۆرجار ژمارەن، کە لە ڕێگەی چاودێریکردنەوە بەدەست دەهێنرێت، لە بواری تەکنیکیدا داتا بریتییە لە کۆمەڵە زانیاریەکی سوودبەخش دەربارەی کەسێک یا شتێک.

هەرچەند هەردوو دەستەواژەی داتا و زانیاری زۆرجار وەک یەک دەستەواژە و یەک مانا بەکاردەهێنرێن، بەڵام لە ڕاستیدا هەریەکە و مانای تایبەتی خۆی هەیە، لە بڵاوکراوە بەناونانگەکاندا زۆرجار دەڵێن کە داتا دەبێت بە زانیاری کاتێک نیشاندەدرێت و شیکاردەکرێت، بەڵام لە پێناسە ئەکادیمییەکاندا دەوترێت کە داتا بریتییە لە یەکەی زانیاری، داتا لەچەندین بواردا بەکاردەهێنرێت وەک توێژینەوە زانستییەکان، بەڕێوەبردنی کار، بواری دارایی، دەوڵەتداری هەروەها چەندین بواری تر.

داتا دەژمێردرێت، کۆدەکرێتەوە، ڕاپۆتی لێ دەکرێت و شیکار دەکرێت، هەروەها هەندێکجار داتای بینراو دروست دەکەن وەک هێڵکاری و خشتەکان، داتا سەرەتا پێیدەوترێت داتای شیکارنەکراو (unprocessed data)، کە بریتییە لە کۆمەڵەی ژمارە و نوسین کە هێشتا پاکنەکراونەتەوە، داتای شیکارنەکراو پێویستی بە ڕاستکردنەوە و ڕیکخستن هەیە بۆ ئەوەی داتا ناڕاست و زیادەکانی لێدەربهێنرێت.
داتا بە نەوتی ئابووری دیجیتاڵی (Digital economy) دادەنرێت.

سەرچاوە

یەکەمین بەکارهێنانی وشەی داتا لە ساڵەکانی 1940ـەکان بوو، کە وشەی داتا بەکاردەهێنرا بۆ ناساندی ئەو زانیاریانەی کە لە کۆمپیوتەردا هەڵدەگیردرێت، هەروەها دەستەواژەی شیکارکردنی داتا یەکەمجار لە ساڵی 1954 بەکارهێنرا.

واتا

داتا، زانیاری، زانایی یاخود تێگەیشتن، بریتین لە سێ وشەی جیاواز کە ماناکانیان لەیەکەوە نزیکن بەڵام یەکێک نین، داتا کۆدەکرێتەوە و پاشان شیکاردەکرێت، داتا کاتێک دەبێت بە زانیاری کە شیکاردەکرێت و بەکاردەهێنریت بۆ بڕیاردان.

زانایی یاخود تێگەیشتن بریتییە لە تێگەیشتن لە شتێک بەپێی ئەو ئەزمونەی کە کەسەکە هەیەتی کاتێک مەمەڵە لەگەڵ زانیارییەک یان بابەتێکدا دەکات، بۆ نمونە بەرزی شاخی ئەڤەرێست داتایە، ئەم داتایە دەتوانرێت بەشێوەیەکی ورد بپێورێت لەڕێگەی بەکارهێنانی بەرزی پێو (altimeter)ـەوە هەروەها ئەم داتەیە دەتوانرێت هەڵبگیردرێت لە داتابەیسێک یان کتێبێک یان هەرشوێنێک کە پێویست بێت، بەڵام تێگەیشتنی کەسێک بۆ شاخەکە و هەروەها زانینی باشترین و کورتترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە لوتکەی شاخەکە بەپێی ئەزمون پێیدەوترێت (زانایی یان تێگەیشتن)، بۆیە داتا و زانیاری و زانایی تەواوکەری یەکن.

کۆمپیوتەرەکان پۆلێندەکرێن بەپێی ئەو شێوازەکی کە داتا نیشاندەدەن، کۆمپیوتەری پێوانەیی (analog computer) یەک داتا کە پێیدەوترێت (datum) بە شێوازی ڤۆڵت، دووری، شوێن یان قەبارە نیشاندەدات، بەڵام کۆمپیوتەری دیجیتاڵی داتا بەشێوەی ئەلیفابێتی باینەری نیشاندەدات، کە دوو ژمارەن و بریتین لە 0 و 1، پڕۆگرامی کۆمپیوتەر بریتییە لە کۆمەڵە داتایەک کە وەک ڕێنمایی کاردەکەن و زانیاریمان نیشاندەدەن.


سەرچاوەکان



3296 بینین