زەیتی ڕووەک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-04-01:40:00 - کۆدی بابەت: 6165
زەیتی ڕووەک

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی زەیتی ڕووەک

زەیتی ڕووەک یاخود زەیتی سەوزە ئەو زەیتانەن کە لە سەرچاوەی ڕووەکەوە دروستدەکرێن بۆ بەرهەڵستی ئەو چەورییانەی کە سەرچاوەکەیان ئاژەڵ یاخوا پێترۆڵە.

جۆرەکانی زەیتی ڕووەک

بە پشت بەستن بەوەی زەیتەکە لە چ بەشێکی ڕووەک بەرهەم دێت و سروشتی ئەو زەیتەی کە دروست دەبێت، سێ جۆری سەرەکی لە زەیتی ڕووەک هەیە.

زەیتی بنچینەی ڕووەک Vegetable fats and oils

زەیتی بنچینەی ڕووەک لەسەردەمی کۆندا دەردەهێنرا بە پەستان خستنەسەر بەشی دیاری کراوی ڕووەکەکە و گوشینی تا ڕۆنەکەی لێ دەردەهات، زەیتی ڕووەک چەوری سییانی triglyceride تێدایە، بە زەیتی خەرتەلە، کەرەی کاکاو، ئەو زەیتانەی لە وێنەکێشاندا بەکاردێن و ئەو زەیتانەی بۆ مەبەستی پیشەسازی بەکاردێن دەوترێت زەیتی ڕووەک، لەو ڕووەکانە دەردەهێنرێت کە ڕۆنیان تێدایە و زۆربەی جار لە تۆوی ڕووەکەکەوە بەرهەمدەهێنرێت، چەند جۆرێکی پەستاوتن هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم زەیتانە:

  • پەستاوتن بە جەڕ

جەڕی پەستاوتنی تۆوکان لە کانزاییەکی تیرە گەورە پێکدێت، باوترین جۆری پەستان خستنەسەرە، ئەو تۆوانەی کە سەرچاوەی ڕۆنەکەن دەخرێنە ئەو بەشەی جەڕەکەی تێدایە، جەڕەکە تۆوەکان کۆدەکاتەوە و دەیانهاڕێت و پەستانیان دەخاتەسەر و پاڵیان پێوە دەنێت، ڕۆنەکە لە ڕێگەی چەند کونێکی بچووکەوە دێتە دەرەوە، ئەو بەشەی کە لە دوای دەرهێنانی ڕۆنەکەوە لە تۆوەکان جێدەمێنێت زۆرجار فڕێ دەدرێت یاخود بۆ چەند مەبەستێکی دیکەی پیشەسازی بەکاردێت، پەستان خستنەسەر دەتوانرێت بە دەست یاخود بەکارهێنانی سەرچاوەیەکی وزە ئەنجام بدرێت.

  • پەستاوتن بە لوولەک

جۆری دووەمی پەستاوتن بریتییە لە پەستاوتن بە لوولەک، بریتییە لە پەستێنەرێک کە لەناو لوولەکێکدایە، پەستێنەرەکە پەستان دەخاتەسەر تۆوەکانی ناو لوولەکەکە و ڕۆنەکەیان لێدەردەهێنێت، پەستاوتنی لوولەک چالاکترە لە پەستاوتن بە جەڕ.

  • پەستاوتنی میکانیکی

لە سەردەمی ئێستادا ئامێری میکانیکی پەستاوتن بەکاردێت لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئامێرە میکانیکییەکان بۆ دەرهێنانی زەیت پێیان دەورێت دەرکەر، زۆربەی دەرکەرەکان گەرمی و پەستانێکی زۆر بەکاردێنن بۆ زیادکردنی بڕی زەیتی دەرهاتوو، ئەگەر پلەی گەرمی لە ١٢٠ پلەی فەهرەنایت تێپەر نەکات پێی دەوترێت پەستاوتنی سارد

  • بەکارهێنانی توێنەر

لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پێشکەوتوودا، زەیتەکان بە ڕێگەی کیمیایی دەردەهێنرێن بە بەکارهێنانی توێنەرێکی وەک هێکسان، دەرهێنانی کیمیایی تێچووی کەمترە و زیاتر سەرکەوتووە، هەروەها تەنها ٠,٥٪ بۆ ٠,٧٪ تۆوەکان دەبێت بە پاشماوە ئەمە لە کاتێکدا کە ئەگەر بەبێ بەکارهێنانی توێنەر و بە ڕێگەی میکانیکی بپەستێورێت ٦٪ بۆ ١٤٪ تۆوەکان دەبن بە پاشماوە.

زەیتە خووساوەکان

زەیتە خووساوەکان بریتیین لە زەیتی ڕووەک بەڵام ماددەی دیکەی وەک گژوگیای بۆ زیادکراوە، گیاناسەکان بە تەنها ئەم زەیتە خووساوانە بەکارناهێنن، بەڵام ئەم زەیتانە بە باشی تێکەڵدەکەن و هەر گژوگیایەکی ناسراویان بوێت تێیدا دەخوسێنن بە مەبەستی بەکارهێنانیان وەک دەرمان و سەرچاوەی چارەسەر، ئەو زەیتە بنچینەییانەی کە گیاناسەکان گیای تێدا دەخووسێنن بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە زەیتی بادەم، زەیتی گوڵەبەڕۆژە، زەیتی زەیتوون و چەند جۆرێکی تری زەیت.

زەیتە بنچینەییەکان

زەیتی بنچینەیی شلەیەکی خەستکراوەی ناهۆگری ئاوە، ماددەی کیمیایی بەهەواداچووی تێدایە کە سەرچاوەکەیان ڕووەکە، ماددەی بەهەواداچوو واتە لە پلەی گەرمی ئاساییدا دەبێت بە هەڵم، زەیتە بنچینەییەکان پێشیان دەوترێت زەیتی بەهەواداچوو، زەیتی ئاسمانی، یاخود بە شێوەیەکی ئاسایی بە ناوی ئەو ڕووەکەوە ناودەنرێت کە زەیتەکەی لێ دەرهێنراوە وەک زەیتی سیر، زەیتی بنچینەیی بنچینەییە لە هەست پێکردندا چونکە بە تەواوی بۆنی ئەو ڕووەکە دەدات کە لێی دەرهێنراوە، زەیتی بنچینەیی لە دروستکردنی بۆن، بابەتی جوانکاری، سابوون، هەروەها لە بەرهەمی دیکەی وەک تامی خواردن و خواردنەوە، لە دروستکردنی پاککەرەوەکانی ناوماڵدا بەکارێت، بەکارهێنانی هەڵەی ئەم زەیتە بنچینەییانە لەوانەیە ببێت بە هۆی ئازار وەک، هەستیاریی، هەوکردن و سووتانەوەی پێست.


سەرچاوەکان

537 بینین