کۆمپانیای ئی تی ئای

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-21:31:00 - کۆدی بابەت: 12973
کۆمپانیای ئی تی ئای

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای ئی تی ئای (بە عەرەبی: شركة ئي تي اي التركية، بە ئینگلیزی: Eti company) کۆمپانیایەکی تورکی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی خۆراک، لە ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن کارسازێکی تورکی بە ناوی فەیروز کاناتڵی دامەزراوە. کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٢٫٧ بلیۆن لیرەی تورکی بووە. ژمارەی کارمەندەکانی نزیکەی ٧٢١٨ کارمەندە و بەرهەمەکانی ETi ڕەوانەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەکرێت بە تایبەتی وڵاتانی نزیک وڵاتی تورکیا و بە دیاریکراوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیا

کۆمپانیای ETi لەلایەن کارسازێکی تورکی بە ناوی فەیروز کاناتڵی دامەزراوە. بیرۆکەی لۆگۆی کۆمپانیاکە لە بازنەی خۆر وەرگیراوە کە هێمایە بۆ ناوچەی ئەنادۆڵی دێرین و مێژووەکەی بۆ سەدەی بیستەمی زایینی دەگەڕێتەوە. ناوی کۆمپانیاکە کە (ETi)ـیە لە کورتکراوەی وشەی (Hittit) وەرگیراوە کە ئاماژەیە بۆ ئیمپراتۆرییەتی هیثییەکان کە کۆمەڵە نەتەوەیەکی بە ڕەچەڵەک توورک بوون، ئەوان ڕۆڵیان هەبوو لە دروستبوونی شارستانییەتی ئەنادۆڵ و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٠٠ـی پێش زایین.

بەرهەمەکانی

بە شێوەیەکی سەرەکی کۆمپانیای ETi بەرهەمەکانی فرەچەشن و هەمەجۆرن، زیاتر بە بەرهەمی سوکە ژەم ناسراون نموونەی هەموو جۆرەکانی پسکویت، چوکلێت، شۆکۆلاتە، کێک، خواردنی بەیانی و شیرینی. هاوکات بەرهەمەکانی بە تام و ڕەنگ و قەبارەی جیاواز بەردەستن. لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە کۆمپانیاکە دەستی کردووە بە بەرهەمهێنانی بابەت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان. کۆی گشتی بەرهەمەکانی کۆمپانیا زیاتر لە ١٥٠ بەرهەمە.

خەڵاتەکانی

بەرهەمەکانی کۆمپانیای ETi لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایە گۆڤاری "Capital" وەکوو خۆشەویسترین و پەسەندترین کۆمپانیای جیهان دانرا، هاوکات لە ساڵی ٢٠١٤ چەند جۆرێکی شۆکۆڵاتەی کۆمپانیاکه بە پەسەندترین جۆری شۆکۆلاتە لای بەکارهێنەرانی لە وڵاتی تورکیا و ناوچەکانی دوروبەری هەژمار کرا. کۆمپانیای ETi سپۆنسەری ڕیکلامی خولی یانە پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی وڵاتی تورکیایە.


سەرچاوەکان



3057 بینین