کۆمپانیای ئاڕچلک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-25-17:56:00 - کۆدی بابەت: 12982
کۆمپانیای ئاڕچلک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای ئاڕچلک یان ئاڕچلیک یاخود ئاڕچڵک یان ئارچلیک (بە عەرەبی: أرتشيليك، بە ئینگلیزی: archlike، بە تورکی: Arçelik) کۆمپانیایەکی تورکی تایبەتە بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی و کارەبایی ناوماڵ، ناوەندی سەرەکی کۆمپانیاکە لە شاری ئیستەنبووڵە لە تورکیا.

کۆمپانیای ئاڕچلیک بەرهەمەکانی لە زیاتر لە ١٠٠ وڵات هەیە و خاوەن ١٣ لق و کۆمپانیای نێودەوڵەتییه لە جیهاندا، هاوکات تەنها لە وڵاتی تورکیا نزیکەی ٤٥٠٠ لقی تاک فرۆشی هەیە، لە جیهاندا ١٨ ناوەندی دروستکردنی بەرهەمەکانی هەیە کە لە وڵاتانی تورکیا، ڕۆمانیا، چین، ڕووسیا، باشووری ئەفریقا، پاکستان و تایلەند بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتانە بڵاودەکەنەوە. کۆمپانیاکە لەگەڵ ١١ لۆگۆ و بڕاندی جیهانی تر یەکیان گرتووە و هەموو بەرهەمەکانیان لەژێر ناوی ئاڕچلیک دەخرێنە بازاڕەکانەوه. ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی کۆمپانیا لە هەموو لقەکانی لە جیهادا دەگاتە نزیکەی سی هەزار کارمەند و کرێکار. بڕی قازانج و داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا و کارگەکانی بەرهەمهێنان دەگاتە نزیکەی ١٠٦ ملیۆن و ٩٦ هەزار لیرەی تورکی.

مێژووی کۆمپانیاکە

مێژووی دامەزراندنی کۆمپانیای ئاڕچلیک دەگەڕێتەوه بۆ ساڵی ١٩٥٥ کە بە هاوبەشی دوو هاوڕێی کارسازی دەوڵەمەند بە ناوەکانی "وەهبی کۆچ" و "لوتفی دوورووک" کۆمپانیاکەیان دامەزراند. لە ساڵی ١٩٥٩ یەکەم ئامێری قاپشۆریان بەرهەم هێنا و خستیانە بازاڕەکانی تورکیاوە و ساڵێک دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ یەکەم ئامێری ساردکەرەیان بەرهەم هێنا. لە ساڵی ١٩٦٨ ناوەندی کۆمپانیاکە گوازرایەوە بۆ ناوچەی چایرۆڤا لە بەشی ئاسیایی شاری ئیستەنبووڵ.

لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناوی کۆمپانیای ئاڕچلیک بڵاوبووەوە و کۆمپانیاکە زیاتر ناسرا، بۆیە لەو ساڵانەدا کارگەی بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی جیاکردەوە، لە ساڵی ١٩٧٥ کارگەیەکی بەرهەمهێنان و دروسکردنی ساردکەرەی لە ویلایەتی ئاسکی شەهیر دامەزراند، پاشان لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئیزمیر کارگەیەکی دروستکردن و بەرهەمهێنانی گسکی کارەبایی دانا، لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەنقەڕەی پایتەختی تورکیا کارگەی بەرهەمهێنانی قاپشۆری دامەزراند. لە ساڵی ١٩٩٩ کۆمپانیاکە گەیشتە لوتکەی سەرکەوتن و لەگەڵ کۆمپانیای Ardemـی تورکی کە تایبەت بوو بە ئامێرە کارەباییەکانی چێشتخانە یەکیان گرت.

لەدوای دامەزراندنی کۆمپانیاکە چەندان بڕاندی تری تایبەت بە بەرهەمە ئەلیکترۆنی و کارەباییەکانی کڕییەوە، نموونەی بڕاندی بیکۆی تورکی، بڕاندی گراوندیگی ئەڵمانی، بڕاندی ئاڵتووسی تورکی و چەندانی تر.

کۆمپانیا و بڕاندەکانی سەر بە کۆمپانیای ئاڕچلیک 

کۆمپانیای ئاڕچلیک لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەگەڵ ١١ بڕاند و کۆمپانیای تری هەمان بواری ئامێری ئەلیکترۆنی و کارەبایی تورکی و جیهانی یەکیان گرتووە، لەژێر ناوی ئاڕچیک بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە، گرنگترین ئەو بڕاندانەی کە ئاڕچلیک لەگەڵیان یەکی گرتووە بریتین لە:

  • Beko
  • Arstil
  • Defy
  • Dawlance
  • Keysmart
  • Flavel
  • Leisure
  • Grundig
  • Altus
  • Blomberg
  • Elektra Bregenz

بەرهەمەکانی کۆمپانیا

بەرهەمە ئەلیکترۆنی و کارەباییەکانی ناوماڵ سەرەکیترین بەرهەمی کۆمپانیاکەن، نموونەی ئامێرەکانی بەفرگر، ساردکەرە، جلشۆر، قاپشۆر، گسکی کارەبایی، تەباخ، کەرەستەی کارەبایی چێشتخانە و خواردن دروستکردن و چەندانی تر. کوالێتی و جۆری ئامێرەکانی ئاڕچلیک پەسەندکراو و باشن، بەڵام نرخیان لە بازاڕەکاندا بە بەراورد بە بڕاند و کۆمپانیاکانی تری ئەم بوارە بەرزتر و گرانترە.


سەرچاوەکان



1326 بینین